riklam

لە 22ی نیساندا.. هەڵوەستەیەكی جددی لەسەر راگەیاندنی كوردی!

بیروڕا 09:45 PM - 2020-04-22
.

.

لە 22 ی نیسانی ئەمساڵدا، ساڵێكی دیكە دەچێتە سەر تەمەنی رۆژنامەنوسی كوردی، بەم بۆنەیەشەوە وێڕای دانەواندنی سەری رێز بۆ شەهید ‌و پێشەنگانی بوارەكە، پیرۆزبایی له ‌رۆژنامەنوس‌و راگەیاندنكارانی كورد دەكەم‌و هیواخوازم ئەمساڵ ببێتە ساڵی هەنگاونانی رۆژنامەنوسیی كوردی بەرەو رۆژنامەنوسییەكی چاودێر‌و كارا‌و دروستبونی (دەسەڵاتی چوارەم) له ‌هەرێمی كوردستاندا.. لەپێناو هێنانەدیی ئەم ئامانجە گرنگەش، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە پێویست دەزانم:

* كاركردن بۆ لێكجیاكردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەكە.

* هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئاستەنگە جیاوازەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوسیی.

* هەمواركردن‌و پێداچونەوە بە بەند‌و بڕگەی ئەو یاسایانەی كاری رۆژنامەنوسی له ‌هەرێمدا رێكدەخەن، بە جۆرێ، لەگەڵ گیانی سەردەم‌و ژیانی دیموكراسیدا بگونجێن.

* دادگاكانی هەرێم له ‌بواری تاوانی رۆژنامەنوسییدا كار به ‌یاساكانی پەیوەست بەو بوارە بكەن، نەك پەنا بۆ دەقی دیكە ببەن.

* دروستكردنی رایەڵی لێكتێگەیشتن‌و پەیوەندییەكی هاوبەرپرسیارێتی لەنێوان راگەیاندن‌و دەسەڵاتدا له ‌كوردستاندا.

* رۆژنامەنوسانی هەرێم گرنگی به ‌لایەنی ئاكار (ئێتیك)ـی‌و پیشەیی بدەن‌و، پتر پەرە به ‌پیشەكەیان بدەن، هەروەك گەڵاڵەكردنی پەیماننامەیەكی شەرەف كاریگەریی تایبەتی هەیە.

* هەوڵ بدرێت چاكسازیی له ‌بواری رێكخراوبونی رۆژنامەنوسان لە كوردستاندا بكرێت‌و سەندیكا بكرێتە چەتری هەمو ئاراستە جیاوازەكانی نێو دنیای رۆژنامەنوسیی كوردیی له ‌هەرێمدا.

* هەوڵدان بۆ پێشخستنی بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمدا، لە هەمو روەكانەوە.

* لەپێناو كۆكردنەوەی داتای ورد‌و لەماوەی زو زودا لەسەر كاریگەریی راگەیاندنی كوردی لەسەر رایگشتی‌و شەقام، سەنتەرێكی راپرسیی چالاك‌و زانستیی دابمەزرێت‌و بەردەوام راپرسیی لەو بارەیەوە بەئەنجام بگەیەنێت.

* گرنگە ناوەندێكی توێژینەوەی راگەیاندن هەبێت‌و توێژەرانی بوارەكە بەردەوام توێژینەوەی هەستییار‌و گرنگ له ‌بارەی راگەیاندنی كوردییەوە پێشكەش بكەن.

* كردنەوەی نێوەندێكی وەرگێڕانی توێژینەوە‌و كتێبه ‌دەگمەنەكانی بواری راگەیاندنیش یەكێكی ترە لە پێویستییە‌كان تاكو رۆژنامەنوسانی كورد، به ‌تایبەت ئەوانەی تەنها بە زمانی دایك دەخوێننەوه،‌ لێی سودمەند بن.

* كردنەوەی خولی پێویستی رۆژنامەنوسی له ‌دەرەوە‌و ناوەوەی هەرێم‌.

* كردنەوەی كۆرسی فێربونی زمانی بیانی بۆ راگەیاندنكاران.

ن/ د. هێرش رەسوڵ

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket