riklam

لە مەئمور مەخزەنییەوە تا سەرنووسەری

بیروڕا 01:35 PM - 2020-04-22
.

.

پیرۆزبایی و ماڵئاوایی

ساڵی 1993 لە بەشی هەواڵ و سیاسەتی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەستبەكاربووم، وەك ئەوە وابوو لە جێی میقداد بەدرخان دانرابم . پێم بە زەوی نەدەكەوت : هەم لە خۆشی و هەم لە گورج و گۆڵییا. گەنجێكی تەرحیلكراوی تەعریبكراوی كەركوكی، بەناوی خوازراوی كچانە، ناوی خۆشئاوازی بادینییەوە، لەیەكەم رۆژانەی دوای راپەڕینی كوردستان، لە رۆژنامەی حزبەكەی مام جەلال قیت بۆتەوە، وەك ئەوە وایە ئیعترافی كوردایەتی خاڵس و شەهادەی لە ئەلفابێتای زمانی كوردیم بەدەستهێنابێ. جا ناونیشانی موعتەبەری غەزەتەچیش لەولاوە بوەستێ. ئەی چۆن كاكە گاڵتەی پێ ناكرێ، خۆ (حەچی جەراید) نییە؟!
سا وەرە خۆت لە حەرف و كەلامی كوردی بگەوزێنە و ئەوە بكە كە پێشینانی ئەم رێگا ئاوەدانە كردیان.
هەر رۆژێكی ئەو قافڵە و قەتارە دوور و درێژە بۆ من لە قاودانێكی تەعریبی فەرهەنگی و تەرحیلی بێچارەیی بوو، فێربوونی پیشەیەك بوو، هاووڵاتی و دەوڵەتلوو، گزیر و  وەزیر بە یەك چاو تەماشا دەكات . لە باوەشگرتنی قەدەرێك بوو لە خزمەت سەنعەتی شەرەفمەندی  باوكە دامەزرێنەرەكانی رۆژنامەگەری كوردی و مامۆستا بەهیمەتەكانم لە كوردستانی نوێدا .
ئەو ساڵە، ئەو چەند مانگە، بەو خەونانەوە گوزەرانم  تا  لەناكاو ڕاچڵەكیم . وەختێك  لە رێوە بەر  تەقلیس و پوختكردنەوە كەوتم و چەند مودەتێكی كورت ئاوارەی بێكار بووم لە هەولێری قەڵای بێكەسان و نەوای غەریباندا . بەڵام مامۆستا بەشیر موشیر وتەنی: چونكێكم ئەمین قەلەمم بە قوەت بوو، گازیان كردمەوە: بێرەوە،  لێ هەر میلاكی مەئمور مەخزەنی شك دەبەین. لە دەفتەری ئیدارەی بە جێماوی كوردستانی نوێ، لەهەولێری پێش سیویەكی ئابی 1996دا، ناوی رەسمیم  لە تۆماری ئیمزادا مەئمور مەخزەن بوو، فەقەت لەسەر لاپەڕەكانی ئەرشیفی كوردستانی نوێی ئەو كاتەدا شرۆڤەكاری سیاسییم و قسە لە سیاسەت و فیكر و كەلتور دەكەم.
لاپەڕەی رۆژنامە شاهیدە نەك دەفتەر ‌و تۆماری بیروكراتی
ئێستا لەم بۆنە خۆشەی یەكەم رۆژنامەی كوردیدا كە لەبەر كۆرۆنا شاییمان لێ قاتییە، نامەوێ زۆری لەسەر بگێڕمەوە،  چونكە بە دڕك و گوڵی، بە  ورد و درشتی لە چاوپێكەوتنی «زەكاتی ئەزموون » دا گێڕاومەتەوە كە رۆژێك دێ چاپ دەبێ. لێرە خولاسەی ئێژم:  لەم پێچاوپێچەدا تا سەرنووسەری هێنام. یانزە ساڵیشە لەبەر دۆخی وڵات ‌و حزبەكەم ئەمرۆ بە فەردای پێدەكەم. تا ئەمساڵ لەیادی رۆژنامەكەدا هاوپیشەكانم میدالی پێزانینیان پێدام، تێیانگەیاندم وەختی ئۆغرم هاتگە.

رۆژی رۆژنامەگەری كوردی كە رێك رۆژی شانازییە بۆ ئەهلی پیشەكەم. دەكەمە رۆژی دانیشتن و دەستبەردارییش.
ساڵی داهاتوو لە فكرتان  بێت رێكەوتی ١٢١  ساڵەی رۆژنامەكەی میری بەدرخان و رۆژی تەسلیمكردنەوەی  ئەمانەتەكەیە لەلایەن فەقیری خۆتان : ستران ، یەك رۆژ و یەك یادە.

ئای كە بەختیارم بەم ئاوێتەبوونە. بەم بەروارەی پاشا و كرمانج، دەستپێك و دەستبەرداربوونی ، یەك خستووە.

هاورێ بە ئەمەكەكانم لە ماڵە گەورەكەی كوردستانی نوێ!
ئێستا ماڵئاواییە شەخسییەكەم جاڕدا،
بە كاتی و كورتی ‌و كەمی لێی دەبم تا تەگیری حزبیانە ئەمانەتە گشتییەكەم  لێ وەردەگرێتەوە. حەتمەن رۆژنامەنووسی كوردی جوامێری كەم نییە و خوێندنگەی كوردستانی نوێ و یەكێتیش ئاوەدانە بە هەڤاڵی لە من شایستەتر.
لەمەودوا، لە كارێكی تر ، وەك مەئمورێكی دێرین،   درێژە بە خزمەت دەدەم.
وتلك اڵایام نداولها بین الناس

یادی رۆژنامەگەری كوردی لە برادەر ‌و لە یاران، بە رەسمی ‌و سێبەر ‌و هەتاویشیانەوە پیرۆز بێت.

ستران عەبدوڵڵا

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket