riklam

مستەفا سەلیمی یان ریسواکردنی حکومەتی ھەرێم؟!

بیروڕا 09:57 PM - 2020-04-16
.

.

من نازانم مستەفا سەلیمی کێیە، چی کردووە و لەسەر چی لە سێدارە دراوە. ناشزانم ئایا رادەست کراوەتەوە، یان لەناو ئێران گیراوەتەوە، بەڵام ئەگەر مستەفا کەسێکی سیاسی بووە و رادەست کراوەتەوە بێگومان تاوانێکی گەورەیە. ئەگەریش تاوانبارێکی ئاسایی بووە، دەبێ بپرسین ئایا ئاسایش رادەستی کردۆتەوە؟ 

تەسلیم کردنەوەی تاوانباران لە نێوان دەوڵەتان کارێکی ئاساییە بە مەرجێک کەسەکە لەسەر کاری سیاسی و دەربڕین بیروڕا تومەتبار نەکرابێ. دیارە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی داڵدەی چەندین حزبی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی داوە و ئێرانیش ئەو راستییە باش دەزانێ. کەواتە بۆچی جیا لە ھەموو سەرکردە و کادیر و پێشمەرگەکانی رۆژ ھەڵات تاقە کەسێک بەو شێوەیە تەسلیم دەکرێـتەوە؟ 

ئەگەر مستەفا سەلیمی تاوانبارێکی ئاسایی بووە و ھاتبێتە ھەرێم، ئاسایی بوو رێکار و پڕۆتۆکۆڵە نێو دەوڵەتیەکان بدرابایەوە ئێران، بەڵام ئەوەش نەبووە.

بەپێی چەندین سەرچاوەی زانیاریش مستەفا سەلیمی لە بنەڕەتەوە نەھاتۆتە ھەرێم تا تەسلیم بکرێتەوە، کەچی لە پڕ بەبێ بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەکان  ھەڵایەکی گەورەی لەسەر دروستکرا!

ھەندێ ناوەندی راگەیاندنی سەر بە لایەنێکیش دەدگوت ھەنگوینیان لە کونی دار دۆزیوەتەوە و لە ھەواڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تا ئێستاشی لەگەڵدابێ بیست و چوار سەعات ئەو بابەتە دەکوتنەوە. زۆر جێگای سەر سوڕمانە ئەوانە ئەو بابەتەیان کردە پڕوپاگەندەی سیاسی دژی سلێمانی و یەکێتی بێ ئاگا بوون لەوەی کە لە ئەنجامدا شەیەکە بەسەر سەری حکومەتی ھەرێمدا دەشکێتەوە، چونکە:

- ئەگەر ئەو کەسە لەلایەن ئاسایشەوە تەسلیم کرابێتەوە ئەوا ئاسایش دەزگایەکی سەر بە حکومەتە و خودی سەرۆکی حکومەت لێی بەر پرسیاری یەکەمە.

- ئەگەر کەسانێک بەشێوەی چەتەگەری مستەفایان تەسلیم کردبێتەوە دیسان ھەر حکومەت لێی بەرپرسیارە. 

- ئەگەر ئەو بابەتە وەکو کەیسێکی سیاسی لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکانمان وەربگیرێ، ئەوە ئەوان نە ئاسایش و نە یەکێتی و نە پارتی نا ناسن، بەڵکو ئەوان قەوارەیەک بە بەرپرسیار دەزانن کە ناوی ھەرێمی کوردستانە. 

ئەوەی تێبینم کرد ھەندێ کەس دڵیان بەو رووداوە زۆر خۆش بوو ، چونکە بیانوویەک بوو بۆ تومەتبار کردن و پەلاماردانی یەکێتی، لە کاتێکدا ئەوانە نەیان دەزانی بە ناراستەوخۆ چۆن حکومەتەکەیان ریسوا دەکەن !

ھەرێمی کوردستان دوورگەیەکی ئارام، نییە و لە زۆر لاوە چاوی دوژمنانی لەسەرە و لەناوەوەش دامودەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتە نەیارەکان تەراتێنی تێدا دەکەن. بۆیە دەبێ زۆر ئاگادار بین، کاتێک ھەواڵێکی وا بڵاودەکرێـتەوە، یان ھەڵدەبەسترێ پێش ئەوەی ساغبکرێـتەوە نابێ ئەشھدوبیلای بۆ بکرێ. 

لە کۆتیاییدا ھیوادارین ئەو بابەتە ساغبکرێتەوە. ئەگەر کارێکی لەو جۆرە کرا بێ رێکاری یاسایی بەرامبەر بە بکەرەکان بگیرێتەبەر، ئەگەر راستیش دەرنەچوو پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەوانە بگیرێتەبەر کە ئەو ھەواڵیان بڵاوکردەوە و دۆڵ و زوڕنایان بۆ لێدا.

بەراستی بەلامەوە سەیرە کەسانێک ھەبن بەو شێوەیە لە پێناوی دژایەتی کردنی رکابەرەکانیان قەوارەی ھەرێم و حکومەتەکەیان بەو شێوەیە ریسوار بکەن!

ئارێز عەبدوڵڵا

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket