riklam

ئەو نوسەرو هونەرمەندانەی لەدوای مردن رێزیان لێگیرا

ئەدەب وهونەر 05:40 PM - 2020-04-13
.

.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

جاران لە ئیزگەی  (بی بی سی)  بەرنامەیەكیان هەبوو بەناوی "بعیدا عن سیاسە، دوور لە سیاسەت"  ئەمەش زیاتر وەكو وچانێكی خۆشبوو بۆ بیسەرانی رادیۆكە، تاوەكو لەو هەموو هەواڵە ناخۆشانەی سیاسەتی ناوچەكە و جیهان ، رزگاریان بكەن. لە ئێستاشدا دەبێت بڵێین" دوور لە كۆرۆنا" چونكە ئەم ڤایرۆسە پیسە، جگە لەوەی جیهانی داگیركردووە، مێشك  و هۆشی زۆركەسیشی بەهۆی هەواڵە ناخۆشەكانییەوە بێزار كردووە. منیش ئەمجارە ویستم دوور لە كۆرۆنا باسی بابەتێكی تر بكەم، كە دەمێك بوو كارم لەسەركردووە، ئەویش رێزلێنانی نووسەران و هونەرمەندانی جیهانە، بەتایبەتی ئەوانەی كەلە پاش مردنیان ئینجا رێزیان لێگیراوە، بەڵام كاتێك لە ژیاندا بوون، كەس رێزی لێنەگرتوون و بگرە زۆرجاریش دژایەتییان كراوە، هەربۆیە بە هەژاریی و قەرزاریی و  برسێتی و نەخۆشی ژیانیان بەسەر بردووە.

نەجمەدین مەلا قسەیەكی جوانی هەیە دەڵێت: ئێمە زیندوو كوژی  مردوو پەرستین. دیارە ئەم قسەیە تەنها ئێمە ناگرێتەوە بگرە زۆر نەتەوەی تریش هەمان هەڵەی كردووە، كاتێك رێزیان لە موزیك ژەنێك یان تابلۆكێشێكی بەتوانا، نووسەرێكی بەهرمەند نەگرتووە، دواتر كە مردووە ئینجا زانیویانە چەندە هەڵەیەكەی گەورەیان كردووەو ئینجا دەستیانكردووە بەرێزلێنانی، بەڵام دەردی پەندە كوردیەكە دەڵێت: 

لە پاش باران فەرەنجیم بۆچییە، 

كە من مردم شین و گریانم بۆ چییە" 

لێرەدا باسی یەكێك لە موزیكژەنە مەزن و بلیمەتەكانی جیهان دەكەم كەهەتا مردووە لە هەژاریی و دەستكورتی و نەخۆشی و قەرزاریی ژیاوە، كاتێكیش مردووە خەڵكی كەم بەشداری پرسەكەی كردووە، ئەویش موزیكژەنی ناسراوی نەمساویی و جیهان مۆزارتە. هەروەها باسی تابلۆكێشی مەزنی هۆڵەندی ڤان كوخ و  نووسەری ناوداری چیكی/ ئەڵمانی  كافكا دەكەم، كە هەرسێكیان لەبواری خۆیاندا، زانا  و بلیمەت و داهێنەری گەورە بوون.

 

پیاوە مەزنەكەی نەمسا

یەكێك لەو پیاوانەی كە نەمساوییەكان شانازی گەورەی پێوە دەكەن، موزیكژەنی مەزن " مۆزارت"ە. ساڵی 2006  سەردانی برادەرێكم كرد لە شاری میونشنی باشووری ئەڵمانیا، ئەو پێشنیازی كرد بچین بۆ شاری سالتزبوورگی نەمسا، چونكە بەبۆنەی 250 ساڵەی لەدایك بوونی مۆزارتەوە، كۆمەڵێك چالاكی فەرهەنگی و ئەدەبی زۆر بەم بۆنەیەوە  ساز دەكرێت، راستییەكەی هەرچەندە من زۆر حەزم بەم شارە و نەمساش نییە، چونكە كۆمەڵێك یادەوەری ناخۆشم هەیە تێیدا، بەڵام لەبەر دڵی برادەرەكەم چووین بۆ نەمسا، كاتێك گەیشتینە نزیك شاری سالتزبوورگی نەمسا، تەواوی شارەكە پڕكرابوو لە تابلۆ، فۆتۆ و پەیكەری مۆزارت. لەناو مەیدانی شارەكەشدا هەرچەندە كەشووهەواش زۆر سارد بوو، بەڵام لەچەندین شوێندا كۆمەڵە كەسانێك جلوبەرگی كۆنیان لەبەركردبوو كەمانچەیەكیان بەدەستەوەبوو خۆیان كردبوو بە مۆزارت، دیمەنی هەندێكیشیان زۆر گاڵتەجاری بوو.

بەهەرحاڵ دەچوویتە هەرشوێنێك مۆزارت بوو، لە سەمونخانە، وێستگەی شەمەندەفەر، رێگاوبانەكان، مەیدانەكان، تەنانەت لە هەندێك ماڵیشدا وێنەی مۆزارتیان هەڵواسیبوو. حكومەتی نەمساویش  هەر بەم بۆنەیەوە ، كۆمەڵێك پوولی پۆست، وێنەی مۆزارتی لەسەر دانابوو، هەروەها وێنەی مۆزارتیان كردبوو بە 5 یۆرییەوە، هەرچەندە كاتێك  مۆزارت دەمرێت، پێنچ سەنتی پێنابێت بچێت دەرمانی نەخۆشییەكەی بكڕێت.

 

منداڵێكی هونەرمەند

لە 27 یانوەری 1756  ڤولڤگانگ مۆزارت لەدایك دەبێت و لە  رۆژێكی ساردی 5 دیدسەمبەری 1791 لە تەمەنی 35 ساڵیدا بە نەخۆشی كۆچی دوایی دەكات. مۆزارت لە بنەماڵەیەكی موزیكی دۆست لەدایك بووە، باوكی مۆزارت بەرپرسی تیمی ئۆكسترای كڵێسای سالتزبوورگ بووە، موزیكژەن بووە، تا ڕادەیەكی باش شارەزایی لە موزیك هەبووە. مۆزارت لەسەر كەمانچە و خوشكەكەشی لەسەر پیانۆ كاریان كردووە. هەر زوو ئەم منداڵە ئالوودەی سیحری موزیك دەبێت، لە چوار ساڵیدا بەتەواوەتی توانیویەتی بەسەر كەمانچەدا زاڵبێت و ئاوازی باش لێبدات. لە تەمەنی یانزە ساڵیدا ئۆپرایەكی موزیكی داناوە. هەرزوو شۆرەت پەیدا دەكات و بەناو وڵاتانی ئەوروپدا دەگەڕێت، چاوی بە كۆمەڵێك موزیكژەنی بەتوانای ئەوروپاش دەكەوێت لەسەرووهەموویانە "سێپاستیان باخ" كە مۆزرات زۆر شەیدای كارەكانی بووە.   مۆزارت لەپاش ئەوەی ناوبانگ پەیدا دەكات، دەبێتە مامۆستای زۆرێك لەمنداڵە دەوڵەمەندەكانی نەمسا بەتایبەتی شاری سالتزبوورگ.

 

هەژاریی و قەرزاریی

راستە لە ژیانیدا مۆزارت پارەی دەستكەوتوە، هەروەها مامۆستای موزیكی بەشێك لەبنەماڵە دەوڵەمەندەكان بووە، بەڵام لە كۆتایی ژیانیدا تووشی قەرزاریی و هەژاریی دەبێت، پاشانیش نەخۆشی دێتە سەر، ئیتر رەوشی ژیانی خراپ دەبێت، دواجار لە 5 دیدسەمبەری ساڵی 1791 كۆچی دوایی دەكات. خەڵكێكی كەم بەشداری پرسكەی دەكەن و لە گۆڕستانێكی ئاساییدا بەخاك دەسپێرێت.

مۆزارت لە ژیانیدا داهێنانی گەورەی لە موزیكدا كردووە، بەو تەمەنە كەمەی 636 شاكاریی موزیكی، ئۆپێرای لەپاش خۆی بەجێهێشتوو،ە كەهەرهەموویان كاری دانسقە و مەزنن و هەتاوەكو ئێستاش لێدەدرێتەوەو لە زانكۆكاندا دەخوێنرێت. 

دیارە قسەوباسی زۆر لەبارەی هۆكاری مردن، چۆنێتی ژیانی  و بەخاكسپاردنی كراوە، هەندێك دەڵێن لەبرسا مردووە، هەندێك دەڵێن لەلایەن نەیارێكییەوە ژەهرخواردكراوە، هەندێكێش دەڵێن كەس نەچووە بۆ سەرقەبران و  شارەوانی ناشتوویەتی، هەرچەندە زۆر قسە لەبارەی ئەمانەوە كراوە، زۆر لێكۆڵینەوەش لەپاش مردنی لەسەر چۆنیتی ژیانی ئەم بلیمەتە كراوە، بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە، كە مۆزارت لە كۆتا ساتەكانی ژیانیدا، بەهەژاریی و برسێتی و قەرزاریی و نەخۆشی ژیاوە، ئەمەش بۆتە داخێكی گەورە بۆ نەمساوییەكان، نازانن چۆن خۆیان لێ رزگار بكەن. لەپاش مردنی مۆزارت چەندین خەڵات و پاداشت و رێزلێنانی جۆراوجۆر بۆ ئەم بلیمەتەی موزیك دەكرێت، بەڵام وەكو وتم هەتا لە ژیاندا بوو ئەم ڕێزلێنانەی بەخۆوە نەبینی، ئەمەش ژیانی بلیمەتێكی ترمان بیردەخاتەوە كە ئەویش ڤان كوخی تابلۆكێشی مەزنی هۆڵەندایە.

 

تابلۆكێشە مەزنەكەی هۆڵەندا و جیهان

هەر لەهونەرە جوانەكان دەمێنینەوە ئەمجارە باسی حكایەتی بلیمەتێكی تر دەكەین، كە ئەویش ڤان كوخی تابلۆكێشی ناوداری هۆڵەندایە.  ڤینیسنت ڤان كوخ لە 30 مارسی 1853 لەدایك بووەو لە 29 تەموزی 1890 كۆچی دواییكردووە، تەمەنی تەنها 37 ساڵ بووە، بەڵام لەو ماوە كورتەی تەمەنی، زیاتر لە 800 تابلۆی جوانی كێشاوەو داهێنانی گەورەی لەبواری تابلۆكێشاندا كردووەو هەتاوەكو ئەمڕۆش تابلۆكانی، بە كارە مەزنەكانی جیهان دادەنرێن و لەزانكۆ و پەیمانگەكانی هونەردا دەخوێنرێت.

ژیانی ڤان كوخ خۆی لە خۆیدا حكایەتێكی سەرنجراكێشە، لێرەدا جێگەی ئەوەمان نییە كە باسی هەمووی بكەین، بەڵام چەند خاڵێكی گرنگ لە ژیانی ئەم بلیمەتە باس دەكەم كە مایەی سەرنجە.

باوكی ڤان كۆخ قەشە بووە، پاشئەوەی ساڵێك پێشتر دایكی منداڵێكی دەبێت بەڵام هەر زوو دەمرێت ناوی دەنێنێن ڤینسینت، پاش ساڵێكی تر منداڵێكی تریان دەبێت هەمان ناوی لێدەنێن، مەبەستمان ڤان كوخی تابلۆكێشە.  ئەمەش دەبێتە یەكێك لە دەردە دەروونییەكان بۆ ڤان كوخی مەزن، چونكە ناوی مردوویەكیان لێناوە.

 بەهەرحاڵ، سەرەتای ژیانی ڤان كوخ زۆر سەیرە، درەنگ دەست بە تابلۆكێشان دەكات، ئەو سەرەتا لەگەڵ  براكەیەدا خەریكی كڕین و فرۆشتنی بەرهەمی هونەری دەبێت، ئەمەش عیشقێكی هونەری لەناخیدا دەچێنێت، دواتر ساڵی 1880 دەچێت لە زانكۆی بروكسێل بەشی هونەرە جوانەكان تابلۆكێشان دەخوێنێت. دواتر لە پاریس جێگیر دەبێت.

 ڤان كوخ لەرووی ژیانی تایبەتییەوە رووبەروی كۆمەڵێك كێشە دەبێت بە تایبەتی لەرووی ئەڤیندارییەوە كۆمەڵێك  ئەزمونی شكستی دەبێت، ئەمەش لەرووی دەروونیەوە كاری تێدەكات. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە رۆژێكیان بە چەقۆیەك گوێچكەی خۆی دەكاتەوە، دەیبات بۆ ژنێكی لەشفرۆش لە پاریس، لەبارەی ئەم حكایەتەشەوە قسەوباسی زۆر و لێكۆڵینەوەی زۆركراوە، بەڵام ئەوەی روونە كە ڤان كوخ ئەم ژنەی خۆشویستووەو پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە.  

 

دوا ساتێكی پڕ ئازار

لە كۆتایی ژیانیدا ڤان كوخ زۆر هەژاریی و برسێتی و نەخۆشی دەبینێت، بەتایبەتی ئەو كاتانەی كە لە پاریس دەژی.  ماوەیەكیش دەیخەنە نەخۆشخانەی دەروونیەوە چونكە كێشەی دەروونی زۆری هەبووە، لەكۆتاییدا هەوڵی خۆكوشتن دەدات و فیشەكێك دەنێت بە خۆیەوە بەڵام نامرێت، لێ برینەكە زۆر سەخت دەبێت و پاش 2 رۆژ دەمرێت. 

ڤان كوخ هەتاوەكو ئەمڕۆش بەیەكێك لە تابلۆكێشە مەزنەكانی جیهان دادەنرێت، داهێنانی زۆری لەشێوازی تابلۆكێشان كردووە  بەتایبەتی لەهەڵبژاردنی رەنگدا زۆر زیرەك بووە، لەژیانیدا زیاتر لە 800 تابلۆی جوانی كێشاوە، لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە، لە 70 رۆژی كۆتایی ژیانیدا، زۆرترین تابلۆی كێشاوە، بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی بەریتانی بێت، لەو 70 رۆژەدا، 75 تابلۆی بە فڵچە و زەیت كێشاوە، هەروەها 100 تابلۆشی بە قەڵەم رەساس و خەڵوز كێشاوە، هەمووشیان داهێنانی گەورەی پێوە دیارە.

لە ئێستادا تابلۆكانی ڤان كوخ، بە تابلۆ گران بەهاكانی جیهان دادەنرێن، ساڵی 1990 یەكێك لە تابلۆكانی ڤان كوخ لە مەزادێكی عەلەنیدا لە شاری نیویۆرك بە بڕی 82.5 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، لەكاتێكدا كە ڤان كوخ دەمرێت، 82 سەنت لەگیرفانیدا نابێت.

لەپاش مردنی ڤان كوخ كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە لەلایەن هۆڵەندیەكان و جیهانیشەوە لەبارەی شێوازی ژیان و كارە هونەرییەكانی ڤان كوخ كراوە، لە ئێستاشدا یەكێك لە سیما جوانەكانی شاری ئەمستەردام مۆزەخانەی ڤان كوخە،  كە ساڵی پار نزیكەی 2،5 ملیۆن كەس سەردانی كردووە. هەرچەندە ئەمڕۆ  هۆڵەندیییەكان زۆر شانازی بە ڤان كوخەوە دەكەن و زۆر خەڵات و  ڕێزلێنانیان بۆ تابلۆكێشە مەزنە كردووە، بەڵام بەداخەوە وەكو وتم، هەتا لە ژیاندا بوو،  برسێتی و هەژاریی و ئازاری  زۆری جەشت.

 

نووسەرە رەشبینەكە

واز لە هونەرە جوانەكان دەهێنین و دەچینە ناو عالەمی نووسەرانەوە، دیارە لێرەش نەك یەكێك بگرە سەدان نووسەری مەزنی جیهان دەبینین كە هەتا لە ژیاندا بوون، نەك رێزیان لێنەگیراوە، بگرە دژایەتی زۆریش كراون لە كۆتاییدا بە هەژاریی و برسێتیی و نەخۆشی ژیاون، یەكێكیش لەوانە  فرانز كافكای نووسەری " چیكی/ ئەڵمانیە، ئەمیش حكایەتێكی زۆر سەیرو سەرنجراكێشی هەیە، لێرەدا باسی چەند خاڵێكی گرنگی ژیانی دەكەین.

 

منداڵێكی جوولەكەی بێدەنگ

Franz Kafka فرانس كافكا لە 3 تەموزی 1883 لە شاری پراگ پایتەختی چیك لەدایك بووەو لە 3 حوزەیرانی 1923 كۆچی دواییكردووە. كافكا لە بنەماڵەیەكی جوولەكە لەدایك بووە، باوكی كارمەندێكی حكومی بووە، دایكیشی ژنێكی میهرەبان بووە. كافكا هەمیشە كێشەی گەورەی لەگەڵ باوكیدا هەبووە، باوكی زۆر بە خراپیی مامەڵەی لەگەڵدا كردووە، ئەمەش لەنامەیەكیدا كە لە دوا ساتەكانی ژیانیدا بۆ باوكی دەنووسێت دەردەكەوێت، ئەو نامەیەی بە یەكێك لەنامە جوانەكانی كافكا دادەنرێت، لەهەمانكاتیشدا باسی لایەنێكی گرنگ و شاراوەی  ژیانی ئەم كەڵە نووسەرە دەكات كە ئەویش پەیوەندی خراپی بووە لەگەڵ باوكی. 

 

نووسەرە رەشبینەكە

دیارە حكایەتی ژیانی  كافكاش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرە، هەتاوەكو ئێستاش چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەی زۆر لەبارەی ژیان و كارو بەرهەمەكانییەوە نوسراوە. لێ ئەوەی گرنگە بزانرێت، كافكا راستە كەسێكی جوولەكە و چیكی بووە، بەڵام هەموو بەرهەمەكانی بۆ مرۆڤایەتی نووسیوەو سیمایەكی جیهانی پێوە دیارە، هەروەها هەموو بەرهەمەكانیشی بە زمانی  ئەڵمانی نووسیوە. ئەوەی كە مایەی سەرنج و تێڕامانە، هەتا كافكا لە ژیاندا بووە هیچ بەرهەمێكی گرنگی پێ نەدراوە، بگرە بەپێچەوانەوە زۆرجار رۆژنامە و گۆڤار و دەزگاكانی چاپ و بلاوكردنەوە، ئامادە نەبوون  بەرهەمەكانی بڵاوبكەنەوە، ئەمەش كاری زۆر كردۆتە سەر كەسایەتی كافكاو تووشی بێ ئومێدییەكی زۆری كردووە لەژیان و نووسین.

كافكا خاوەنی شێوازێكی تایبەتی نووسینە كە زیاتر رەشبینی بەسەر بەرهەمەكانیدا زاڵە، هەروەها ئەو بە یەكێكێش لە پێشەنگەكانی شێوازی " ریالیزمی سیحری"  دادەنرێت، هەرچەندە لەو كاتەدا ئەم شێوازی نووسینە لای خەڵكی خۆشەویست نەبووە.

 

دواساتێكی پڕ ئازار

كافكاش لە تەمەنێكی ئێجگار كورتدا دەمرێت، لە دواساتەكانی ژیانیدا كافكا زۆر برسێتیی و هەژاریی و نەخۆشی  بینیووە، بەتایبەتی نەخۆشی سیل زۆر ئازاری دەدات و دواییش هەر بەو دەردەوە دەمرێت. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە، كافكا پێش ئەوەی بمرێت، هەموو بەرهەمەكانی دەداتە هاوڕێیەكی نزیكی خۆیی و داوی لێدەكات لەپاش مردنی خۆی هەموویان بسووتێنێت، لێ خۆشبەختانە ئەو هاوڕێیە وەسیەتەكەی كافكا جێبەجێ ناكات چونكە دەزانێت كافكا چ بەرهەمێكی گرنگی نووسیوە. 

كافكا لەژیانیدا كۆمەڵێك بەرهەمی زۆر جوانی نووسیوە لە پێش هەموویان " بەدگۆڕان، دادگا، ئەمریكا" و چەند بەرهەمێكی تریش، كە هەرهەموویان داهێنان و جوانی پێوە دیارە.

لەپاش مردنی كافكا چ ئەڵمانەكان و چ چیكییەكان، زۆر شانازی بە ئەدەب و كارو بەرهەمەكانییەوە دەكەن و كۆمەڵێك خەڵات و رێزلێنان و پەیكەریان بۆ كردووە،   زۆرجاریش لەسەر خاوەندارێتی كافكا دەكەونە ململانێی سەختەوە، چونكە هەریەكەیان بە هی خۆی دادەنێت، لەكاتێكیشدا كافكا هەتا لەژیاندا بوو، كەس ئامادە نەبوو بەرهەمەكانی بۆ چاپ بكات و لایەكی رەحمەتی لێبكاتەوە. 

 

دەرئەنجام  

لە كۆتاییدا دەتوانم بڵێم گەر سەیری مێژووی فەرهەنگی هەر نەتەوەیەك دەكەیت كۆمەڵێك حكایەتی سەیر و پڕ ئازاری نووسەران، هونەرمەندان دەبینیت، دیارە گەلانیش وەكو مرۆڤ وان، هەمووكاتێك ناتوانن راستییەكان بدۆزنەوەو مامەڵەیەكی راست لەگەڵ مرۆڤەكانی دەوروبەریان بكەن، هەربۆیە دەكەونە هەڵەوە. بەڵام گرنگ ئەوەیە كە چ مرۆڤ یان گەلێك، كە  هەڵە دەكات، سوود لەهەڵەكانی وەربگرێت و ئەو هەڵەیە دووبارە نەكاتەوە. 

سەرچاوەكان:

https://www.klassika.info/ /Mozart lebenslauf

نبژە عن الموسیقار الكبیر فولفغانغ أمادیوس موزارت. http://almawsoaarabe.blogspot.com/

.Mythen und Wirklichkeit. www.welt.de/

لغز "جنون" الرسام الشهیر فان جوخ الژی دفعه لقگع أژنه. www.bbc.com/arabic

www.fr.de.Vincent van Gogh: Der Anfang von allem  

http://www.franzkafka.d

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket