riklam

كۆرۆنا و بنەما و بەها هاوبەشەكانی مرۆڤایەتیمان..

بیروڕا 01:51 PM - 2020-04-08
.

.

ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە،پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و كۆمپانیاكان و چالاكیە كۆمەڵایەتی و كەلتوری و جموجۆڵی رێكخراوەكانی پەكخستوە،هەر یەكە و بە شێوازێك دەیەوێت كاریگەری و لێكەوتەكانی بخاتە بەر لێكۆڵینەوە هەروەها بەرگرتن  و كەمكردنەوەی زەرەر و زیانەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی،تایبەتمەندی ئەو ڤایرۆسە ئەوەیە جیاوازی لە نێوان كەس ناكات و بە یەك شێواز مامەڵە لەگەڵ تاكەكان و كۆمەڵگەكان دەكات ، نە دەوڵەمەند دەناسی نە هەژار نە دەسەڵاتدار و نە بێدەسەڵات، هەر بۆیە دەبێت وەك دوژمنێكی هاوبەشی مرۆڤایەتی سەیری بكرێت و بەم هەنگاوانە رێگری لێبكرێت:

1-     پێویستە لەسەر ئاستی جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەو كاراساتە بكرێت، راستە كەرەنتینكردنی تاكەكان  بۆ خۆپارێزی باشە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكاری لێكدابڕانی كۆمەڵگەكان و وڵاتان بۆ مەبەستی دیكە.
2-    هەر وڵاتە و بە تەنیا ناتوانێ بەرگەی ئەو شێوە كاراساتە  بگرێت،بۆ روبەڕوبوونەوە دەبێت هەموان هاوكار و هەماهەنگ بن.
3-    سەرباری ئەوەی ترس دەبێتە هۆكاری جۆرێك لە خۆپەرستی،بەڵام سروشتی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە كەس ناتوانێ خۆی بپارێزێ ئەگەر هەوڵی پاراستنی ئەوانیتر نەدات ،بە دیوێكیتر كەس ناتوانێ پارێزگاری لە خۆی بكات ئەگەر پارێزگاری لە كۆمەڵگە نەكات، لەوەدا دەبێت زیاتر بایەخ بەو توێژانە بدرێت كە پێویستیان زیاترە وەك ئاوارەكان، ژنان،هەروەها ئەوانەی هەژارن، چونكە ئەوانە زیاتر بە كۆمەڵ دەژین و درەنگتر دەگەنە خزمەتگوزاری پزیشكی.
4-    پێویستە حكومەتەكان لێپرسراوەتی زیاتر لە بارەی تەندروستی گشتی هەڵگرن ، دەبێت پشتیوانی كرێكاران و كاسبكاران و ئەوانە كەمدەرامەتن و فەرمانبەران و مامۆستایان لە ئەستۆ بگرێت، ئەوە دەبێتە هۆكاری  متمانە بە یەكتر و بە حكومەت هەروەها كەمكردنەوەی ئۆباڵ خستنە سەر ئەستۆی ئەوانیتر  كە جیاوازی و هێرش و پەلاماری یەكتری لێبكەوێتەوە.
5-    چارەسەری كورت مەودا گرفتێكی بەربڵاوی جیهانی تازەیە، واتە ئەو كاتەی روداوەكان دێنە پێشەوە حكومەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەونە خۆ، لەوەشدا بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو ناگیرێت وەك ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، چارەسەری گونجاو  و بەرگرتن لە پەتای لەوشێوەیە  رێوشوێن و پلانی دراسەتكراو و دوور   مەودا و  باوەڕپێكراوی خزمەتگوزاری گشتی دەوێت، بە واتایەكیتر دەبێت بۆ داهاتو واز لە بەرنامەی كورت مەودا و هەنوكەیی بهێنرێت بەلكو دەبێت پلانی ستراتیجی لە بوارەكانی ئابووری تەندروستی كۆمەڵایەتی ژینگەیی هەبێت.
6-    پرسیاری راستەقینە لەسەر ئەوەیە لە كاتی تەنگانە دەكەونە هەڵپەی راهێنان و بەرهەڤكردنی كادیر و كارمەندە تایبەتمەندەكان، لە كاتێكدا راستیەكە لەوەدایە بەردەوام راهێنان لە ئاستێكی بەرز و بەردەوامدابێت بۆ خزمەتگوزاری گشتی بەوە دەتوانرێ ژێرخانێكی تەندروستی بەهێز و  دوارۆژێكی لەوەی ئێستا هەیە مسۆگەر بێت.
7-     هەموو لایەك دەبێ بزانن بۆ سیستەمی تەندروستی باش باجی دەدرێت،كەوایە نابێت كاتێك ئەم پەتایە  دەڕوات هەموو شتێك لە بیر بكرێت، خزمەتگوزاری تەندروستی هەرگیز زیادەی تێدانیە هەرچەندی هەبێت هەر كەمە چونكە ئەوە بناغەیەكی گرنگە بۆ ژیانی رۆژانە و داهاتوی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی و رۆشنبیری كۆمەڵگەكان.
8-    ئاشكرایە كاریگەری ((كۆڤید19)) درێژخایەن دەبێت بە هەمان شێوەی تەنگژە داراییەكەی 2009كە  هەموو جیهانی گرفتاركرد، بەڵام لێكەوتە دارایەكان وەك یەك نین، راستە ئەمجارە بانكەكان و دامودەزگاكان زەرەرمەند دەبن بەڵام وەكو ئەوەی 2009 نابێت،لەبەر ئەوە پێویستە كاربكەن بۆ ئەوەی سودەكانیان لە ئاستێكی نزمدا بێت و دەوڵمەندو خوا پێداوەكانیش بكەونە خۆ بۆ ئەوەی چینی هەژار و كرێكار و كۆمپانیا بچوكەكان و شوێنی كار وەك قاوەخانە و چێشتخانە و كاری دەستی كە ئەوانەزەرەمەندی یەكەمن لەو پەتایە دانەڕمێن و چونكە ئەوانە پێویستیان بە یارمەتیە نەك ئەوانەی خاوەن ئیمكانیاتی زۆر و زەوەندن رەنگە قازانجیش بكەن.
9-    حكومەتەكانیش لە ژێر هەر پاساوێكدا بێت نابێت دەست بە سامانەوە بگرن و خەڵك برسی بكەن وەك ئەوەی هەندێك وڵات لە 2009 دەرهەق بە خەڵكە رەشوڕوتەكە كردیان كە زۆر زۆر زەرەمەند بوون لەوەی پەتا روبەڕویان ببێتەوە،دەبێت ئەمجارە ئەولەویەت و دەسكراوەیی زیاتر  بۆ خزمەتگوزاری گشتی و جومگە زیندووەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی خوارەوە بێت. 
      سەرەنجام ئێستا تەواوی جیهان لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە دەستیان لەسەر دڵیانە لەبەر ئەم ڤایرۆسە نەفرەتیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕێت، گرنگە لەبیر نەكرێت و پەندو عیبرەتی لێوەربگیرێت، بۆ ئەوەی جارێكیتر ئەو هەڵانەی كراوە دووبارە نەكرێتەوە بێگومان ئەوە جۆرێكیشە لە تاقیكردنەوەی بنەماوبەها هاوبەشەكانی مرۆڤایەتیمان بەرامبەر بە یەكتر،بێشك تەنگژەكان لە یەك كاتدا كێشە و فورسەتیشن بۆ هاوبەشی و هەماهەنگی كە دواجار دەبێتە بنەما بۆ پێشكەوتن و راستكردنەوەی هەڵە كۆنەكان ، داپەروەری كۆمەڵاتی پوختەتر، گوێگرتن و تێگەیشتنی زیاتر لە زەرورەتی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

 ن: عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket