riklam

وەزیری ناوخۆ: قەدەغەی هاتووچۆ بەمیكانیزمی نوێ دەبێت

کوردستان 06:04 PM - 2020-04-06
.

.

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند ماوەی قەدەغەی هاتووچۆی تا 10ی ئەم مانگە بەردەوامدەبیت، بەڵام ئەمشەو رێنمایی نوێ و رێكاری نوێ بۆ قەدەغەی هاتووچۆۆ بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاودەكرێتەوە، دەشڵێت: هەر كەسێك بانگەشەی نەبوونی كۆرۆنا بكات هەوڵی تاوانیداوەو دەبێت باجەكەی بدات و زۆر بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ وەك تەواوكەری 48 سەعاتەكەی تا 12ی ئەمشەو درێژدەكرێتەوەو رێنمایی نوێی قەدەغەی هاتووچۆش ئامادەكراوە كە تا پێش سەعات 12ی ئەمشەو لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگاكانەوە رادەگەیەنرێت.

راشیگەیاند: دەسەڵات دراوەتە پارێزگارو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو رێنمایی و رێكارە نوێییەكانی كە ئامادەیان كردبوو زۆرینەی پەسەندكراوە بەشێوەیەك بگونجێت لەگەڵ پارێزگاو ئیدارەكەی ئەمشەو پێش 12ی شەو وردەكارییەكانی رادەگەیەنن. 

ئەوەشی وت: هاووڵاتیان لەماوەی 48 سەعاتی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆدا پابەند بوون و سوپاسیان دەكەین، هەروەها سوپاسی تیمە تەندروستییەكان دەكەین كە سەنگەری پێشەوەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنان و گیانی خۆیان لەپێناو خەڵك خستوەتە مەترسیەوە، لەبارەی رووداوی نێوان پزیشكەكەی سلێمانی و هێزە ئەمنیەكەش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوەو ئەنجامەكەی رادەگەیەنین، هەرچەندە لەزۆر شوێنی تریش لەنێوان هێزە ئەمنییەكاندا روویداوەو ئەنجامی لێكتێنەگەیشتن بووە.

 وەزیری ناوخۆ لەبارەی كاتەكانی قەدەغەی هاتووچۆ وتی: لەشەو رۆژێكدا 18 سەعات هاتووچۆ دەبێت، واتە لە 12ی شەو بۆ 6ی ئێوارە هاتووچۆ رێگە پێدەدرێت بەپێی رێنماییەكان كە پارێزگاكان رایدەگەیەنن، بەڵام لە 6ی ئێوارە بۆ 12ی شەو قەدەغەی هاتووچۆ بەتەواوی رادەگیرێت، جگە لەوانەی رێگەیان پێدەدرێت كە تیمە تەندروستییەكان و هێزە ئەمنییەكانن و تا 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت: تا ئەوكاتەی وەزارەتی تەندروستی بیەوێت ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ درێژدەكرێتەوەو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەكانی ئەوان ماوەی قەدەغە درێژدەكەینەوە، چونكە ژمارەی توشبوان رۆژانە زیاد دەكات.

باسی لەوەشكرد كە رەچاوی هەموو سێكتەرەكان كراوە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەپێداویستی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە وەك عەلوەو نانەواخانەو ماركێتەكان و شوێنەكانی تر بەپێی رێنماییە نوێیەكان، تا خەڵك خۆی بپارێزێت،

رونیشیكردەوە: راگەیاندنكارەكان ئازادن لەهاتووچۆ، بەمەرجێك پشتگیری دامەزراوەكانی خۆیان هەبێت، بەڵام ئەوانەی وەستاون لەدەرچوون داوا دەكەین ستافەكانیان نەیەنە دەرەوەو سود لەپێناسەكانیان وەرنەگرن. 

رێبەر ئەحمەد ئەوەی رونكردوە: قەدەغەی هاتووچۆ تا 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەمیكانیزێكی نوێ كە ئەمشەو رادەگەیەنرێت، هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێكی هێزە ئەمنییەكانیش رادەگیرێت، بەڵام هەندێك لەهێزەكان ئاڵوگۆڕیان پێكراوە، لەكاتێكدا تەندروستی پێیڕاگەیاندوین ئاڵوگۆڕ نەكرێت.

لەبارەی گرتنەبەری رێكاری یاسایش بەرامبەر ئەوانەی دەنگۆی نەبوونی كرۆنا بڵاودەكەنەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند: ئەو كەسانەی دەنگۆی نەبوونی كۆرۆنا بڵاودەكەنەوە، كەسی نابەرپرسن دژی ئەو بابەتە شت بڵاودەكەنەوە، بۆیە

تائێستا چەند كەسێك لەسەر بڵاوكردنەوەی دەنگۆ بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراون، رێگاش نادەین هیچ كەسێكی تر یاری بەم نەخۆشیە بكات.

وتیشی: هەر كەسێك بانگەشەی نەبوونی ڤایرۆسە بكات، ئەوە هەوڵی تاوان بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەدات و دەبێت بەپێی یاسای باجەكەی بدات و زۆر بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket