riklam

سەرۆك مام جەلال لە بیرەوەرییەكانی ئیریك رۆلودا

ی.ن.ک‌‌ 01:14 PM - 2020-04-06
.

.

تەكتیكەكانی دەگۆڕان بەڵام سترایجەكەی وەفاداری بەرژەوەندی گەلەكەی بوو 

رۆژانی كەرەنتینەی ناچاری دەرفەتە بۆ خوێندنەوەی هەمەلایەنە. بەتایبەتی خوێندنەوەی ئەو كتێبانەی هەم پێداچوونەوەن بە  رووداو و بەسەرهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی  رۆمانسی  شۆڕشگێڕی و بەریەككەوتنی زلهێزەكان لەسەر گۆڕەپانی بەرژەوەندی و ماف و هەم ئەزموونی رۆژنامەوانی شایانی لێوەفێربوونە بۆ رۆژنامەنووسانی وەك ئێمە مانان.

بیرەوەرییەكانی ئەریك رولوی رۆژنامەوان و دیپلۆماتی فەرەنسی كە پێش وەفاتی بڵاویكردۆتەوە،  یەكێكە لەو كتێبانەی بە تام و چێژ و زانیارییەكی زۆرەوە قەرەبووی رۆژانی پەلەپەلی كار و رۆژانی ئێستای خۆدابڕانی ناچاری كەرەنتینە دەكاتەوە.

 

كتێبی ( فی كوالیس الشرق اڵاوسگ _ مژكرات صحفی بجریدە لوموند) بە شێوازی گێڕانەوەی نەرم و رۆمانئامێز هەڵسەنگاندن بۆ پەنجا ساڵ ململانێكانی نەتەوە و وڵاتەكان و زلهێزەكان لە رۆژهەڵات دەكات. لە روانگەی رۆژنامەنووسێكی شارەزا و دیپلۆماتێكی دیفاكتۆوە لەسەر كێشەكانی میسر لە ناوخۆ و لەگەڵ دەوروبەری. قسە لەسەر كێشەكانی هەناوی ئیسرائیل و دراوسێكانی، فەلەستین و بزووتنەوە رزگاریخوازی و چەپ و لیبرالییەكانی وڵاتانی ناوچەكە دەكات.

لە قاهیرەی سەردەمی شا فاروق و شەڕی فەلەستین و ئینجا دابەشكردنی و دوایی دەركردنی جولەكە لە میسر كە ئەریك رولو خۆی یەكێك بوو لەوانە تا قاهیرەی سەردەمی سۆشیالیستەكەی عەبدولناسر و وەرگۆڕانە گەورەكانی دابەشكردنەوەی سەروەت و سامان بەسەر هەژار و عەشایەر، شۆڕشگێڕ و بیرۆكراتەكانی كۆماری عەرەبی میسر ، بە تانوپۆی رووداوەكاندا دەچێتە خوارەوە. لە رووماڵی بەسەرهاتەكانەوە تا دانیشتنە دووقۆڵیەكانی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی رۆژهەڵات و ئینجا رەخنە قووڵەكانی لە دیدی ماركسییەكی  دێرینەوە.

رۆژنامەوانی سەنگین و دێرینی رۆژنامەی سەنگین و دێرینی لۆمۆند هەگبەیەكی دەوڵەمەندی بەسەرهات و كارەسات و وردەكاری تەوزیف دەكات تا وەكو شایەتێكی بەشدار و چاودێر دۆسییەیەكی تێر و تەسەل لەسەر ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە بنووسێتەوە كە شایانی ناوی ئەریك رولو بێت.

ئەگەرچی لە دۆسێی كورد لە رۆژهەڵاتە قەرەباڵغەكەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لە تیمی رۆژنامەنووسانی دیپلۆماتدا زیاتر ناوی یەفگینی پریماكۆف دێت، بەڵام رولوی بە ئەسڵ جولەكەی میسری و بە بژاردەی ژیان فەرەنسی لە چەند گێڕانەوەیەكدا ناوی هاوشانی كورد و مەسەلەكەی دێت.

ئەریك بەقەدەر جیاوازی گێڕانەوەی فەرەنسی لە گێڕانەوەی سۆڤێتی شێوەی گێڕانەوەكەی چێژ بەخشترە.بە داڕشتنی مەحكەم و شرۆڤەی فیكری قوڵ رووداوەكان دەگێڕێتەوە

ئەو كە لە چەند دیداری تەلەفزیۆنیدا باسی كورد و شۆرش و سەركردەكانی دەكات، لەم كتێبەشدا ئەگەرچی بە راگوزەریش بێت هەر دێتەوە سەر كورد، ئەوەی لەم سەفەرە دوور و درێژەیدا لەسەر كورد نووسیویەتی و بەشێكی جوانی رارەوی كتێبەكەیەتی باسی ناسینی سەرۆك مام جەلالە. ئەریك رولو لە سەردەمی ناسرێتی مام جەلال لە قاهیرە مامی بینیوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات.

پێدەچێ كاتەكەی دیداری لەگەڵ مام جەلال  هی ساڵی 1963 بێت كە مام جەلال وەك سەرۆكی وەفدی كوردی لە دانوستانی شۆڕشی كورد و بەعسی یەكەمدا دەچێتە قاهیرە و دیدەنی سەرۆك عەبدولناسر دەكات بۆ ئەوەی بەهانەی بەعسییە ناسیۆنالیستەكان ببڕێت كە دەیانگوت لە ترسی عەبدولناسر ناوێرین مافەكانی كورد بدەین.

ئەوە بوو ناسر پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان كرد و سیحری بەعسییەكانی بەتاڵ كردەوە.

ئەریك لەسەر دیداری مام جەلال لە میوانداری قاهیرەی ناسردا دەڵێت: « هەرچی جەلال تاڵەبانیشە  كە ئەوكاتە فەرماندەیەكی سەربازی بوو لای رابەری راپەڕینی كورد مەلا مستەفای بارزانی ، ئەوا سوێندی هەر بەسەری عەبدولناسر دەخوارد كە شەرەفی دیدەنی پێدابوو و پشتیوانی خەباتی گەلی كوردی لە پێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ دووپاتكردبۆوە. ئەو هەڵوێستەی سەرۆك ناسر هەڵوێستێكی بە جورئەت بوو لە رەوشێكدا كە یەكێتی عەرەبی زۆر بە ئاسانی تێكەڵ بە شۆفینیزم دەبوو.

هاوڕێیەتی لەگەڵ جەلال پەیوەستی كردم كە چەندین جار دیدەنیم لەگەڵی هەبوو ، لە راڕەوەكانی بەرخودانی كوردی لە عیراق ، هەروەها لە بەغدا، لە بەیروت، لە تاران و ئەنقەرە و پاریسیش.

قسەكردنی كەمەندكێش بوو. بە هەستە خۆش مەشرەبیەكەی و گیانی تەنز ئامێزی زۆر بە ئاسانی لایەنگیری، نەیاری و هاوپەیمانەكانی و بگرە ئایدەلۆژیای خۆی دەگۆڕی ، كە ماویست و رەوتی تر بوو. تەنانەت لەگەڵ سەددام حسێنیش گەیشتە لێكگەیشتن.

تەكنیكەكانی بەگوێرەی بارودۆخ دەگۆڕا، بەڵام ستراتیژەكەی جێگیر و پتەو بوو ، نەدەگۆڕا. چونكە هەر بە وەفاداری خواستەكانی گەلەكەی مایەوە، سەرەنجام گەیشتە لووتكەی رەوتی كار و كۆششی ساتێك دوای خستنی سەددام حسێن لە ساڵی 2003 بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا. وەفاداری ئەو بۆ وڵاتە یەكگرتووەكان كە پێش گرتنی عیراق و دوای ئەوەش پارێزەری كوردەكان بوو، وەفادارییەكی نموونەیی بوو. .. لاپەڕە 44_45 كتێبەكەی ئەریك رۆلۆ.»

ئەمرۆ كە رۆژی مێژوویی ھەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلالە وەك یەكەم پێشمەرگە و یەكەم كورد و یەكەم عێراقیش كە بە ھەڵبژاردن دەبێتە سەرۆك ، ھەڵسەنگاندنی كتێبی « لە پێچاوپێچەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست»  بۆ كەسایەتی رابەر و سەرۆك مام جەلال فێنكاییە بۆ دڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بژاردەی عێراقی فیدرالی و تەوافوقی كە خەریكە لەم زەمەنی كۆرۆنایەدا عیراقییەكان لە دەستی دەدەن. ھەرەوەھا دەرفەتێكیشە  بۆ ئەوەی ھیمەت بۆ پرۆژەیەكی روناكبیری و سیاسیی بكەین كە وا بێت ھەرچی لە كتێبی خەواجە و بێگانان، لە رۆژنامەوان و دیپلۆمات و سیاسەتكاران و نووسەران لەسەر مام وتویانە و تۆماریان كردووە گوڵبژێر بكەین بیكەینە دیاری بۆ رەفەكانی كتێبخانەی كوردی.

ستران عەبدوڵلا

PUKmedia تایبەت 

6666.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket