riklam

سەرۆكایەتی یەكێتی پرسەنامەیەك ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەسعەد خەیلانی دەكات

پرسەنامە 02:08 PM - 2020-04-02
.

.

بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبو ئەسعەد خەیلانی بەداخ و پەژارەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین و هاوڕێ و دۆستی سەرۆك مام جەلال پرۆفیسۆر ئەسعەد خەیلانی-م پێگەیشت. 

بەم بۆنە خەمناكەوە، هاوخەمی خۆمانتان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێڕادەگەیەنین، خوالێخۆشبو، لەسەرەتاكانی تەمەنیەوە بەرەی كوردایەتی و رێگای خەباتی رزگاری كوردستانی هەڵبژاردوەو لەم پێناوە، هەمیشە لە هەوڵ و تێكۆشاندابووە. 

خوالێخۆشبو لە خەباتی دیبلۆماسی و كۆكردنەوەی پشتیوانیی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە ناوەندە سیاسی و ئەكادیمییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا و جیهان هەوڵی زۆریداوەو بەردەوام داكۆكیكاری بەوەفای گەل بوە.

پرۆفیسۆر ئەسعەد خەیلانی، یەكەم سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بوو لە باكوری ئەمریكا، رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە ناساندن و پشتیوانی كردن لەخەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان بەناوەندە سیاسییەكان و بە كۆمەڵگەی ئەمریكا، و هەروەها هەمیشە پشتیوان و یارمەتیدەری ئەو كوردانە بووە كە لەپارچە جیاوازەكانی كوردستانەوە ئاوارە و پەناهەندەی ئەمریكا بوون، و بەشێوازی جیاجیا هاوكاری و كۆمەكی كردوون.

بەداخەوە و ئەگەرچی ئەمڕۆ، ئەو تێكۆشەرە وەفاتی كردووە، بەڵام ناوی ئەسعەد خەیلانی بۆ هەمیشە بەدەروشاوەیی دەمێنێتەوەو بەڕاستی كە مێژووییەكی پرشنگداری پڕ لەخەبات و هەڵوێستی جوانی لەدوای خۆی جێهێشت.

 بەكۆچی دوایی ئەم كەسایەتییە پڕ لەئەمەك و هەڵوێستە، ئێمەو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هەڤاڵێك و دۆستێكی دێرین ـ مان لەدەستدا.

 لەیەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە گیانی پاكی بە بەهەشتیی بەرین شاد بكات و سەبوری هەموو لایەك بدات.

 سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ٢٠٢٠/٤/٢

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket