riklam

هەڵە لە خۆمانەوەیە نەک لەمیدیای یەکێتی !!

ی.ن.ک‌‌ 04:57 PM - 2020-04-01
.

.

لەوڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان  ئەگەر سەرکردەیێکی باڵای سیاسی ئاشنانەبووبێت بەزانست وجیهانی میدیایی بەبێ دوودڵی هەست بە جۆرێک لەلەنگی دەکات  ، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمنین لەو سەرۆک و سەرکردە وبەرپرسە باڵاجیهانیانەی کە بەشانازییەوە کاری میدیایی و پێشکەشکاریان کردووە و لەو زانستەدا تواناکانی خۆیان دۆزییەوە . بەڵام لە وڵاتی خۆمان بە پێچەوانەوە ئەوانەی وەکو پیشەو ئەرکی حزبایەتی  کاری میدیاییان کردبێت ئەگەر وەکو مەلای دوانزە عیلمیش بێت وخاوەنی چەندین بروانامەی باڵا بێت زۆر بەئاسانی دەبێتە نێچیرونیشانەی توانجی هەندێ بەرپرس وسەرکردەی سیاسی و وادەزانن ئەوانەی کە کاری میدیایی دەکەن خزمەتکاری خۆیانن و نابێ لەبریارو رێنمایی وداواکاری ئەوان دەربچن !.

ئەم بیرکردنە ناتەندروستە ئەگەر لە ساڵانی نەوەتەکان و لەسەردەمی میدیای حزبی و کەمی سەرچاوەی میدیای و نەبوونی سۆشیال میدیا تارادەیێک ئاسایی بوبێت  .ئەوا لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن لە لوتکەدایە و هەموو سنورە ئاسمانی وزەمینی و دەریاییان بەزاندووە  بوەتە نەریت وکێشەیێکی بەردەوام بۆ میدیاو میدیاکارانی حزبی . سەرباری ئەو دۆخە ناخوازراوەی کە خۆدی بەرپرسەکان دروستیان کردووە هەرخۆشیان رەخنە لە میدیای حزبەکەی خۆیان دەگرن و بە کەمتەرخەم لەقەڵەم دەدەن !. بەبێ ئەوەی بزانن ئەرکی میدیای حزبێکی رەسەن و دەسەڵاتداری وەکو یەکێتی  بەرپرسیارانەترو جیاوازترە لە میدیایێک کە ناچێتە ژێرباری هیچ بەرپرسیارەتیێکەوە . بەبێ ئەوەی بزانن پەیامی میدیای حزبی رەنگدانەوەو گوزارشتکردنە لە پەیام و سیاسەتی فەرمی حزبەکەیان .بەبێ ئەوەی ئاستی توانای تەکنیکی و دارایی میدیای حزبەکەی خۆیان رەچاوبکەن و بەراوردی بکەن لەگەڵ میدیای حزبە رکابەرەکان و میدیای بەناو ئەهلی . بەبێ ئەوەی بزانن میدیای حزبی بەراودناکرێت لەگەڵ مێدیای ناحزبی .بەبێ ئەوەی  ئەو هەڤالانە ئەو راستیە بزانن کەئێستا باشترین بژاردەی بێژەرو پێشکەشکارو پەیامنێرو تەکنیککارو میدیاکاری زۆربەی کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان دەرچوی قوتابخانەکەی میدیای یەکێتییەکەیانن ، بەشێکی دیکەش بونەتە سەرکردەی سیاسی و پەرلەمانتاری حزبەکانی دیکە. ئەو هەڤاڵە بەرپرسە بیرلە هەڵسەنگاندن وبەدواداچون لە هۆکاری وازهێنان یان ناچارکردنیان تاوازیان لە میدیای یەکێتیان هێناوە ناکەن و ناڵێن ئێمە کەمتەرخەم بووین بەرامبەر بەوازهێنانیان ؟

. بۆیە پێویستە ئەم مژارە لە کۆنفرانسی مەکتەبی راگەیاندن ببێتە بابەتێکی سەرەکی و بەشێوەیێکی میتودی هۆکارو بەربەست و چارەسەرەکان بخرێنە روو . لەو کۆنفراسەدا وەڵامی ئەو پسیارەش بدرێتەوە ئایا بەدەر لە میدیای حزبی پێویستیمان بە میدیای سێبەر هەیە یان نە ؟. ئایا تەنها بەمیدیای حزبی دەتوانین رکابەری میدیای دیکە بکەین کە ناویان لە خۆیان ناوە میدیای (ئەهلی، سەربەخۆ، بێلایەن )؟.

ئایا رەخنە لە میدیاو میدیاکارانی خۆمان بگرین یان رەخنە لە هەواڵە تەشریفاتی و تەقلیدیەکانی بەرپرسانی خۆمان بگرین کە بەزۆر بەسەر میدیادا دەسەپێنین؟!. 

ئایا رەخنە لە میدیای خۆمان بگرین یان بەراشکاوانە بڵێین هەڤاڵان ئەو سەردەمە بەسەرچۆ  (10)برۆسکەی پیرۆزبایی یان (10)بروسکەی سەرەخۆشی و پرسەنامەکانی بەرپرسەکان بەسەر یەکەوە لە هەواڵەکانی میدیای خۆماندا بڵاوبکرێتەوە و بشمانەوێ میدیای ئێمە زۆرترین بینەرو خوێنەرو بیستەری  هەبێت ؟!. ئەگەر خوانەخواستە بەهۆی نەبوونی کاتەوە بروسکەیێک بڵاونەکرایەوە ئەوا کەناڵەکە بەبەرێوەبەرەوە تا خواری خوارەوە تۆشی گوشارو رەخنەو لۆمە دەبنەوە .هەندێ جاریش ئیرادەیێک بەسەر کەناڵەکاندا دەسەپێنین کە میدیاکاران تەنها رولی روبۆت دەبینن .

ئەم نمونانە پێمان دەڵێن بەڵێ رەوشی میدیای ئێمە لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. بەڵام ناکرێ هەموو رەخنەکان ئاراستەی خۆدی میدیاو میدیاکارانی خۆمان بکەین چونکە وەک چۆن ئەوان هۆکاری سەرەکی کێشەکان نین  ، بەهەمان شێوە چارەسەری بنەرەتیش لای ئەوان نییە . بۆیە لەم دۆخە دژوارو مەترسیدارەدا باواز لەو رەخنانە بێنین وئەو بابەتە بۆ کۆنفرانسی مەکتەبی راگەیاندن بەجێ بێلین  و هەموومان بەشدارو هاوکاری سەرخستنی ئەو کۆنفرانسە بین و جێبەجێکردنی بریارو راسپاردەکانی  کۆنفرانسەکەش بە ئەرکی سەرشانی خۆمان بزانین . ئەنجۆمەنی سەرکردایەتیش بەتایبەتی کۆمسیۆنە پیوەندیدارەکان بەوردی چاودێری جێبەجیکردنی بریارەکانی کۆنفرانسەکەبێت .تا ئەو کاتە نابێ ئەرکی میدیاکارانی خۆمان قورستر بکەین . لە جیاتی رەخنەیان لێ بگرین پێویستە شانازیان پێوە بکەین کە میدیاکارانی یەکێتی پێشمەرگە ئاساو خۆبەخشانە بە شێوەیێکی راستگۆیانەو بەرپرسیارانەو بێلایەنانە و دورلە دەستکەوت وبەرژەوەندی حزبی و ناوچەگەرێتی و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ئارامی وڵاتەکەمان شەونخۆنی دەکەن و پەیامی حزبەکەمان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئیدارارە خۆجێییەکان و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە جەماوەر دەگەیێنن . پێویستە لە جیاتی رەخنەگرتن  پێیان بلێین ئێوە لەجیاتی هەموومان ئەرکێکی پیرۆزتان خستوتە سەر شانی خۆتان و لە پێناو پاراستنى تەندروستی هاوڵاتیان ژیانی خۆتان دەخەنە مەترسیەوە لەکاتێکدا هەموومان لە پشوداین و لەناو خێزانی خۆمانداین. لە جیاتی رەخنەگرتن پێیان بڵێین شانازیتان پێوە دەکەین و یەکێتی لەم ساتە وەختە هەستیارو مەترسیدارەدا قەرزداری ئێوەیە هەڤاڵانى میدیاکار.

PUKmedia  لەتیف نێروەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket