riklam

عیراق.. زورفی له‌گه‌ڵ باڵوێزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆده‌بێته‌وه‌

عیراق 06:49 PM - 2020-03-28
.

.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28-3-2020 عه‌دنان زورفی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو له‌گه‌ڵ باڵوێزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆبوه‌وه‌و تێیدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ئابووری و بازاڕی جیهانی كرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو به‌یاننامه‌یه‌كی بلاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، زورفی پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه‌، كه‌ رۆژانه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ سه‌دان هاووڵاتی گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، هاوكات هاوسۆزی خۆشی بۆ  خێزانه‌كانیان ده‌ربڕیوه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌زۆر له‌ پرسه‌ چاره‌نووساز و دیاره‌كاندا له‌گه‌ڵ عیراقدا بوون.

سه‌رۆكی وه‌زیرانی راسپێردراو ئاماژه‌ی به‌و مه‌ترسییانه‌ كردوه‌ كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ روبه‌ڕووی عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ ئیفلیجبوونی جووڵانه‌وه‌ی ئابووری و بازاڕی جیهان، هه‌روه‌ها دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌جیهاندا.

زورفی جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ متمانه‌ی به‌تواناكانی عیراق هه‌یه‌، به‌هۆی  ئه‌و سامانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر  ئیداره‌یه‌كی  لێهاتوو و به‌تواناشی هه‌بێت ده‌توانێت  به‌سه‌ر قه‌یرانه‌دا سه‌ركه‌وێت.

عه‌دنان زورفی له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باڵوێزانی وڵاتانی ئه‌وروپا، ره‌وتی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی پێڕاگه‌یاندون و وتویه‌تی: پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی بریتی ده‌بێت له‌ هێنانه‌دی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌ختی ئازادو بێگه‌رد، روبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ره‌سهێنانی دارایی و ئابووری، كاركردن له‌پێناو دابه‌زاندنی ئاستی هه‌ژاری، گێڕانه‌ه‌وه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا.

له‌لای خۆشیانه‌وه‌، باڵوێزانی وڵاتانی ئه‌وروپا هیوایان خواست ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌، هیوای سه‌ركه‌وتنیشیان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو خواستوه‌ كه‌ له‌كاره‌كانیدا و له‌ به‌دێهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌لی عیراق سه‌ركه‌وتوو بێت، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی  شكۆ و شوێنی دیار و شیاوی عیراق له‌ناوچه‌كه‌و له‌جیهاندا.

جێی ئاماژه‌یه‌،  باڵوێزانی هه‌ریه‌ك له‌ ئیتاڵیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، سوید، یۆنان، پۆڵه‌ندا و كرواتیا و نێرده‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوبوون.


PUKmedia  ئاژانسی هه‌واڵی عیراق

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket