riklam

پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان بۆ رۆژی جیهانی شانۆ

ئەدەب وهونەر 04:27 PM - 2020-03-27
.

.

بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆوە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوانی حكومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

هونەری شانۆ، لقێكی جوان‌و رەنگینی درەختی گەورەی هونەرە جوانەكانە. ئەم هونەرە مێژوویەكی دێرینی هەیە،گەلانی جیهان بایەخی زۆریان بەم هونەرە  راقییە داوە، چونكە سەرچاوەیەكی روون‌و زیندووی گەشەپێدانی شارستانی‌و هونەری‌و رۆشنبیری‌و هۆشیاری بووە، كە هونەرمەندان‌و جەماوەر لەرێی تەختەی شانۆوە راستەوخۆو گەرماو گەرم لەژوانی یەكتردا بوون.

هەر لەبەر گرنگی‌و بایەخی هونەری شانۆ، 59 ساڵ لەمەوبەر، پەیمانگای شانۆی نێودەوڵەتی لە نۆهەمین كۆنگرەی خۆیدا لەشاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا، بڕیاریدا، رۆژی 27ی ئازاری هەموو ساڵێك بكرێتە رۆژی جیهانی شانۆ‌و لەو رۆژەدا لەسەرانسەری جیهاندا، یادی ئەو رۆژە بكرێتەوە، بایەخ بەهونەری شانۆ بدرێ‌، نمایشی شانۆ‌و چالاكی دیكەی هونەری ئەنجام بدرێت.

رۆژی 27ی ئازاری 1962، لەگەڵ كردنەوەی شانۆی نەتەوەیەكگرتووەكان لەپاریس،شانۆ بووە خاوەن رۆژێكی جیهانی‌و لەو كاتەوە لەسەرانسەری گۆی زەویدا، یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە.

لەهەرێمی كوردستانیش، ساڵانە یادی ئەو رۆژە جیهانییە  بەسازدانی فیستڤاڵ‌و نمایشكردنی دەقی شانۆیی‌و چالاكی دیكەی هونەری كراوەتەوە.

لەدوای رێكخستنەوەی فیستڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان، بڕیار درا ساڵانە لەرۆژی جیهانی شانۆدا، فستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ لەشاری هەولێر ئەنجام بدرێت.

بەڵام  بەداخەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە،لەسەرانسەری جیهان‌و كوردستان، دەرگای شانۆكان كڵۆم دران‌و یادی ئەو رۆژە جیهانییە نەكرایەوە.

بەبۆنەی یادی ئەم رۆژە جیهانییەوە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان وێڕای پیرۆزبایی گەرمی لەشانۆكارانی كوردستان بەتایبەتی‌و هونەرمەندان بەگشتی دەكات،ستایشی رۆڵ‌و خزمەت‌و بەخششەكانیان لەو بوارەدا دەكات، هیوای سەلامەتی‌و پاراستنیان لەو ڤایرۆسە بۆ دەخوازێت، سوپاسی ئەو هونەرمەندە ئازیزانەش دەكات كە لەڕێی گرتەی ڤیدیۆیی كورتەوە بۆ میدیاكان بەئەركی نیشتمانیی مرۆڤدۆستانە هەستان‌و داوایان لە هاووڵاتیان كرد لەڤایرۆسی كۆرۆنا خۆیان بپارێزن‌و لەماڵەكانیان بمێننەوە. دووبارە پیرۆزە رۆژی جیهانی شانۆ.

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان

PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket