riklam

لە 2 رۆژدا 554 عیراقی گەڕێنرانەوە عیراق

عیراق 05:29 PM - 2020-03-26
.

.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-3-2020 هێڵَی ئاسمانی عیراق لەمیانەی  سێیەم گەشتیدا (219) هاووڵاتی دیكەی عیراقی لە قاهیرەوە دەگەیەنێتەوە خاكی عیراق.

هاووڵاتییانی  عیراقیی  لە میسر داوایان لە وەزیری گواستنەوەی عیراق كردووە كە هاوكارییەكانیان بەردەوام بێت، و هەفتەی داهاتووش بەئامانجی گەڕانەوەیان گەشتێكی دیكەی فڕۆكەكانییان بۆ ڕێكبخرێت.

ئەمڕۆ پێجشەممە 26-3-2020 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرەوە، گەشتی سێیەم بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیپێكرد، كە تایبەت كرابوو بە گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانەی بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی و نەشتەرگەری  یان گەشتیاری روویان لە وڵاتی میسڕ كردبوو، ژمارەشیان (291) كەس بووە.

جێی ئاماژەیە، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوودا دوو  گەشتی ئاسمانی دیكە لە میسڕەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی عیراق رێكخرابوو، لە گەشتی یەكەمیاندا (291) هاووڵاتی، گەشتی دوەمیش (263) هاووڵاتی عیراقی گەڕێندراونەتەوە خاكی عیراق.

عەبدولڵا لعەیبی وەزیری گواستەوەی عیراق رایگەیاندبوو، بۆ بەدەمەوەچوونی داواكاری هاووڵاتیانی عیراق، دوای هەمائەهەنگی كردن لەگەڵ باڵوێزخانەی عیراق و دەسەڵاتداران لە میسڕ و فەرمانگەی پاسپۆرت و وەزارەتی تەندروستی، هەروەها دوای تەواوكردنی رێوشوێنە رەسمییەكان، توانرا لە گەشتێكی ئاسمانیدا بەفڕۆكەی B737/iy- Asw  سەر بە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی(291) هاووڵاتی عیراقی بگەیەنرێنەوە عیراق.

 وەزیری گواستنەوەی عیراق ستایشی هەوڵەكانی كارمەندانی هێڵی ئاسمانی عیراقی دەكات كە توانیویانە ئەو هاووڵاتیانەی لە هەریەكە لە وڵاتی هیندستان و میسڕ گیریان خواردبوو بگەڕێننەوە بۆ ناو خاكی عیراق. هەروەها ستایشی كارمەندەكانی كۆمپانیای ناوبراو دەكات كە پێشوەخت تیمی فڕۆكەوانی ساز و ئامادە دەكەن و فڕۆكەكانیش پێش و دوای گەشتەكانیان پاكژو خاوێن دەكەنەوە.

عەبدولڵا لعەیبی وتوشیەتی: ناكرێت هەوڵ و ماندوبوونەكانی كارمەندانی چاودێری ئاسمانی و ئەندازیارانی گەیاندن  لەیاد بكرێت، كە بە بەردەوامی لەشوێنی كارەكانیان و كاردەكەن بۆئەوەی دڵنیایی بدەنە هەموو گەشتەكان، ئەو گەشتە تایبەتییانەش كە بە رەزامەندی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە (55)/ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێن.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوڵاتی میسڕ، حكومەتی ئەو وڵاتە كۆمەڵێك رێوشوێن و رێكاری تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەڤایرۆسەكە گرتەبەر، لەنێویاندا بڕیاردان لەسەر راگرتنی خوێندن لە تێكڕای خوێندنگا و پەیمانگاو زانكۆكان، كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكارانی عیراقی لە میسڕ بڕیاریاندا  بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرفتی داراییان بۆ دروستبووە و  كەوتوونەتە بارودۆخێكی خراپەوە، چونكە پرۆسەی ناردنی پارە لە ئێستادا وەستاوە، بەشێوەیەك نەتوانرێت لەلایەن  كەسوكار و فەرمانگەكانیانەوە پارەیان بۆ  بگوازرێتەوە.

ئەو خوێندكارانەی كە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ عیراق، داواكارییەكی نوێیان ئاراستەی عەبدولڵا لعەیبی وەزیری گواستنەوە كردووە، ئاماژەیان بەوەداوە كە چۆن پێشتر بوەتە فڕیادڕەسیان و بڕیاریدا بە گواستنەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی عیراقی لە میسڕ، ئاوەهاش هەفتەی داهاتوو چەند گەشتێكی ئاسمانی دیكە بۆ گواستنەوەی ئەوانی تر تەرخان بكرێت.

لەلایەكی ترەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا لەبەردەم نووسینگەی هێڵی ئاسمانی عیراق لەقاهیرە، بەهۆی ئەوەی كە سەدان هاووڵاتی عیراقی لە بەردەم نووسینگەكە بۆ بڕینی بلیتی گەشتكردن كۆبوبوونەوە، بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ژمارەیەك كارمەندی نووسینگەكەو ئەو هاووڵاتییانەدا دروست دەبێت. لایەنە پەیوەندیدارەكانیش، هۆكاری دروستبوونی ئەو دۆخە دەگەڕێننەوە بۆ كەمی كارمەند و پچووكی شوێنەكە.

ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی عیراقی لەمیسڕ داوایان لەحكومەت و وەزارەتی فڕۆكەوانی میسڕی كردووە كە بەپیریانەوە پچن و هاوكارییان بكەن بۆئەوەی چەند گەشتێكی تایبەتیان لەقاهیرەوە بۆ بەغدا بۆ تەرخان بكرێت و بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان. 

PUKmedia/ قاهیرە – ئیبراهیم محەمەد شەریف

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket