riklam

پەرلەمانتارێک: لە کۆیە نەوتی خێرخوازی بەپارە دابەشکراوە

ئابوری 04:54 PM - 2020-03-26
.

.

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای کۆیە رایدەگەیەنێت کە ئەو بڕە نەوتەی وەک دیاری بۆ هاوڵاتییانی قەزای کۆیە نێردراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە بە پارە دراوە بە هاوڵاتیان.

عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، کە ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن سەرمایەداری شاری سلێمانی فاروقی مەلا مستەفاوە بۆ قەزای کۆیە بە خۆڕایی نێردراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیەوە بە پارە دراوەتەوە بە هاوڵاتیان.

ئەو پەرلەمانتارە داواش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و گازی هەولێر دەکات کەئەگەر مافە تەواوی خەڵکی قەزای کۆیە نادەن دییارییەکانیشیان پێنەفرۆشن.

دەقی بڵاوکراوە پەرلەمانتار عەباس فەتاح...............

بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.ـ پارێزگای هەولێر ـ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و گازی هەولێر: ئەگەر مافی تەواوی کۆیە نادەن دیاریەکانیان پێ مەفرۆشنەوە:

لە سەرەتادا دەمەوێت سوپاسی خۆم بگەیەنم بە بەڕێز فاروقی مەلا مستەفای خێرخواز ، کە بڕی یەک ملیۆن لیتر واتە 5000 بەرمیل نەوتی وەکوو دیاری و بێ بەرامبەر بۆ خەلکی کۆیە دابین کردوە.

کە پێویست بوو بگاتە دەست خەڵکی کەم دەرامەت بێ بەرامبەر، بەڵام بۆ هەر بەرمیلێک بڕی چل و شەش هەزاریان لێ وەرگیراوەو واتە کۆی گشتی پارەکە دەکاتە 230 ملیۆن دیناری عیراقی.

لەکاتێک بەشە نەوتی کۆیە  شەش ملیۆن لیترە بەڵام تا ئێستا سێ ملیۆنیش نەهاتوە بە دیاریەکەشەوە، بۆیە داواتان لێ دەکەم پێش ئەوەی خەڵکی ئەم شارە بانگهێشتی بەردەمی داواکاری گشتیتان بکات پارەی ئەو نەوتە بگێرنەوە بۆ خەڵکی کۆیەو بۆ ئەوەی  بدرێت بە 920ماڵە هەژاری ئەم شارە بۆ هەر یەکە 250هەزار دەکات، لەم بارودۆخە ناهەمواری ئەمڕۆ ئەم بڕە بۆ خەلکی هەژار زۆر زۆرە.

ناکرێت لە سلێمانیەوە خەڵکی خێرخواز هاوکاری بۆ ئەم شارە بنێرێت و بەرپرسان لەهەولێر لێی بخۆن، بۆیە ناوی ئەم سێ شوێنەم هێناوە چونکە تەسلیم بە خەزانی هەولێر کراوە بڕە نەوتەکە.

عەباس فەتاح

26 ـــ 3 ـ2020

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket