riklam

مەڵبەندی سۆران:ئاسایشی پارتی بەتۆمەت دروستكردن هەڤاڵانمان دەستگیردەكات

کوردستان 01:59 PM - 2020-03-26
.

.

مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەڤاڵانی یەكێتی دەكرێت بۆ دەستگیركردنیان رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: سەرجەمیان بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە تۆمەتیان بۆ دروستكراوەو دەستگیركراون، دەشڵێت: پێمانوایە ئەمە پیلانێكە ئاسایشی پارتی دەیەوێت كێشەو تەگەرە بۆ هەڤاڵانمان دروستبكەن، داواش دەكەین بەزووترین كات ئازاد بكرێن، ئەگینا ئەوكاتە قسەی ترمان دەبێت.

زوبێر عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاند: درەنگانێكی شەو سێ هەڤاڵمان كە یەكێكیان (شەماڵ شەهید مەلا كوردستانی)ە كە ساڵی 1991 لەكاتی ئازادكردنی شاری هەولێر شەهید بووەو یەكێكی تریشیان (كاروخ بەكر سەركانی) كە پێشمەرگەیە لەگەڵ هەڤاڵێكی ترمان لەلایەن ئاسایشی سۆران بەهاوكاری ئاسایشی قەسرێ كە سەر بەهەولێرن دەستگیركراون.

وتیشی: دەستگیركردنی ئەو هەڤالانەمان بەبێ بڕیاری دادگا بووەو ئاسایشی پارتی بەتۆمەتی دروستكراو هەڵیكوتاوەتە سەریان و دەستگیركردون، بۆیە وەك مەڵبەندی سۆران پەیوەندیمان بەئاسایشی سۆرانی پارتییەوە كردوە.

ئەوەشی وت: لەڕێی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران وەك نوێنەری یەكێتی لەحكومەت داواكراوە بەزوترین كات ئازاد بكرێن و هۆكاری دەستگیركردنیان ئاشكرابكرێت، ناكرێت هەڤاڵانی ئێمە بەبێ هیچ هۆكارێك دەستگیربكرێن، ئەگەر بیانوشیان هاوكاری پەكەكەیە، ئەوا دەبێت پارتی كە ئاسایشی و پێشمەرگەو بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ لەخۆیەتی رێگری لەپەكەكە بكات.

راشیگەیاند: ئەگەر بیانوی ئاسایشی پارتی بۆ دەستگیركردنی هەڤاڵەكانمان هاوكاریكردنی پەكەكەیە، ئەوا هاوكاری تیرۆرست و كەسانێك نەكراوە لەدەرەوەی بابەتی كوردایەتی و بابەتە نەتەوەییەكاندا بێت، لەكاتێكدا كوردستان خۆی لەبارودۆخێكی قەیراناویدایە.

لێپرسراوی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی راشیگەیاند: بۆیە سەرجەمی تۆمەتەكانی ئاسایشی پارتی  رەتدەكەینەوەو پێمانوایە ئەمە پیلانێكە ئاسایشی پارتی دەیەوێت كێشەو تەگەرە بۆ هەڤاڵانمان دروستبكەن، بۆیە ناچینە ژێر باری هیچ تۆمەتێك و داوا لەئاسایشی پارتی و حكومەت دەكەین بەزووترین كات ئازادیان بكەن، ئەگینا ئەوكاتە قسەی ترمان دەبێت.

ئەوەشی وت: ئەمە بانێكەو دوو هەوا، ناكرێت لەوێ هەڤاڵانی ئێمە هەر رۆژەو بەبیانو تۆمەتێك دەستگیربكرێن و خۆشیان لەوێ هێزو ئاسایش و ئیدارەی ناوچەكەیان بەدەستەوەیەو ناتوانن رێگری لەهاتووچۆی پەكەكە بگرن.

باسی لەوەشكرد: دەستگیركردنی هەڤاڵانمان لەمكاتەدا بۆ شاردنەوەی قەیرانەكانی هەرێمە، وەك نەبوونی مووچەو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەدیاری دراون بەپۆلیسی هەولێرو قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی دهۆك و زاخۆ، لەكاتێكدا هێشتا قەرەبووی خەڵكی باڵەكایەتی و دۆڵی شاورێ و بناری قەندیل نەكراوەتەوە كە ساڵی رابردوو بەهۆی لافاوەوە زیانێكی زۆر زیاتریان لەوەی دهۆك پێگەیشتبوو.

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket