riklam

وتەبێژی حكومەت بۆ مووچەخۆران: چاوەڕوان بن

کوردستان 01:26 PM - 2020-03-26
.

.

حكومەتی هەرێم رایگەیاند بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران چاوەڕێی پارەكەی بەغدا دەكەن و هەركاتێك گەیشت مووچە دەدەن، دەشڵێت: سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەكەین كە تاكو ئێستا بەسەبر بوونە لەگەڵمان.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، كۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێكی قورسی تەندروستی و ئابوری كرد و هەرێمی كوردستانیش بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

دەشڵێت: حكومەتی هەرێم لەپێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیاندا هەموو توانەكانی لەپێناو روبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە خستۆتەگەڕ وهاوڵاتیان دڵنیادەكاتەوە كە پاراستنی گیانیان و دابینكردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەركەكەنیدایە.

لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: سەبارەت بەدابەشكردنی موچە، وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووەو لەگوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین كرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەكانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەكەی بەغداین، هەركاتێك گەیشت، راستەوخۆ دەست دەكەین بەدابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی تر بە میكانیزمێك كەڕەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان بكرێت.

ئەوەشی رونكردوەتەوە: سەرجەمی موچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەكرێت، كە دەكاتە نزیكەی ٥١٪ كۆی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو راگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواكەوتوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدرال بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان.

وتەبێژی حكومەت دەشڵێت: حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەكانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان. سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەكەین كە تاكو ئێستا بەسەبر بوونە لەگەڵمان.  

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket