riklam

خانگوڵی مەسەرزادە،سۆزێك لە بێكەسیدا سەری نایەوە

ئەدەب وهونەر 01:03 PM - 2020-03-26
.

.

ژیانی پەرش و بڵاوی گەلی كورد، كە بەشی زۆری بەهۆی داگیركاری و دابەشكاری نەیارەكانیەوە روویداوە، كاریگەری گەورەشی لەسەر هونەرو میوزیكشدا هەبووە.

كاتێك بەهۆی داگیركاری عوسمانیەكانەوە بەشێكی زۆری كوردەكان، گوازرانەوە بۆ ناوچەی خوراسان لەوپەڕی ئێران، سەرەڕای هەرچی زوڵم و ستەمێك بەسەریاندا هات، كەچی هونەرەكەیان بەزیندویەتی هێشتووەتەوەو، رۆژ بەرۆژ  دەنگە ناوازەكانیان دەردەكەوێـت، ئەوەتە سۆزبێژو دەنگخۆشی خانگوڵ مەسەرزادە ، هەرچەند كۆچی دوایكردوە، بەڵام سۆزەكانی هێشتا دڵ دەخرۆشێنن و هونەرە رەسەنەكەی كرمانجیمان بەگوێدا دەدەنەوە.

خانگوڵ مەسەرزادە، دانیشتووی خوراسانە، ژیانی منداڵی زۆر بەسەختی تێپەڕاندوە، وەك خۆی پێش گیانلەدەستدانی، ووتویەتی:" نازانێت كەی و لەكوێ لەدایك بووە، تەنها ئەوە نەبێت  كە كاتێك رووسەكان پەلاماری ئێرانیان داوە  دەڵێن گوایە ئەو كاتە لەدایك بووم". بەڵام لەئێڵی كرمانجەو كەسوكارەكەی لە خوراسان گیرساونەتەوە، بەبێ دایك و باوك گەورە بووە، لەبەشێكی تری گێرانەوەكانی ژیانی خۆیدا ووتوویەتی:" لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، مامە نەورۆز دەهاتە ناوچەكەمان لەگەڵ هاوڕێكانمان بەتایبەت خاتوو مەدینە لای لایەو سۆزمان دەوت، ئەویش بڕێك پارەی لەبەرامبەردا پێدەداین"

4413062.jpg

خانگوڵ، وتووشیەتی:" گەنجیەتی من بەكاركردن لەناو باخەكانی گوێز تێپەڕی دەكرد، لەبەرامبەر كەمێك پارەدا".

دوو جار هاوسەرگیری كردوەو هەردوو جارەكەی بەجیابوونەوە كۆتایی هاتووە، ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر هەبووەو زیاتر خەمبارو سۆزی خستووەتە ناو دەنگیەوە.

هەرچەند هیچ ئەلبومێكی تایبەت بەخۆی نیە، بەڵام لەئەلبومێكدا بەناوی ئاوازی ژنانی كرمانج، كۆمەڵێك سۆزو لای لایەی بۆتۆماركراوە.

خانگوڵ لەسەر ژیانی خۆی و تەنیاییەكەی وتوویەتی:" كاتێك تەنیام و خەمبارم، تەنها بەوتی گۆرانی و سۆزو لای لایە دڵی خۆم دەدەمەوەو بەردەوامی بەژیانی دەدەم". 

كەیهانی كەڵهور گەورە میوزیك ژەنی كوردو جیهان لەسەر مەرگی خانگوڵی مەسەرزادە، دەڵێت:" خانگوڵی مەسەرزادە، خەڵكی ئێڵی كرمانجە كە سەدان ساڵ راگوێزراون بۆ باكوری خوراسان، بە دایكی لای لایەیی كرمانج دادەنرێت، بەداخەوە پێش ئەوەی بمرێت، تووشی زەهایمەر" لەبیرچوونە" هات، لەبێدەنگی و بەتەنیایی گیانی سپارد". 

كەڵهور ئەوەش باس دەكات:" خانگوڵی مەسەرزادە، ساڵی پار 2019، كۆچی دوایكرد، بەڵام دەنگی ئەوو سۆزی ئەو هەمیشە لەناو گوێیەكانماندا دەمێنێتەوە".


PUKmedia ئامادەكردنی "ٍسامان یاروەیس"


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket