riklam

پارێزگاری سلێمانی: قۆناغی یەكەمی خۆپارێزیمان تێپەڕاند

کوردستان 11:21 AM - 2020-03-26
.

.

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: بەباشی قۆناغی یەكەمی خۆپارێزیمان تێپەڕاندوەو ئێستا لە قۆناغی چارەسەریدان و  لە سلێمانیش هەزارەها پشكنین بۆ خەڵك كراوەو ژمارەیەكی زۆریش لەتوشبوان چاكبونەتەوەو ئەوانەی تریش باری تەندروستیان جێگیرە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی نهێنی و پلانەكانی خۆ ئامادەكاری بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو وردەكارییەكانی هەڵمەتەكە بۆ رێگەگرتن لە تەوژمی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە ئاشكرادەكات و بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندوە: هەر لەمانگی یەكەوە هەڵمەت و پلانەكانمان گەڵاڵەكردووە، بەڵام لە سەرەتای مانگی دوودا هەڵمەتی خۆپارێزی و پشكنینمان دەستپێكرد.

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەقۆناغەكانی هەڵمەتی بەرگری و خۆپارێزی پارێزگار دەشڵێت: قۆناغی یەكەمی خۆپارێزیمان بەباشی تێپەڕاندووە، ئێستا لە قۆناغی دووەمداین قۆناغی چارەسەرییە.

رونیشیكردوەتەوە: لەمانگی دووە توانیومانە ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەستبخەیەن بەهۆی هەوڵ و هیمەتی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەباح هەورامی و خوێندكارانی كورد لە بەریتانیا. 

ئەوەشی وتوە: لەئێستادا لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە چوار ئامێری پشكنین هەیە، لە گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەش هەیەو وا چەمچەماڵیش ئامادە دەكرێت.

ئەوەشی راگەیاندوە: هەر لە سلێمانی هەزارەها پشكنین بۆ خەڵك كراوە.

هەر لەلێدوانەكەیدا باسی لەوەشكردوە: راستە لە سلێمانی ژمارەی توشبووان زۆرترە، بەڵام لە ژێر چاودێریدان و ژمارەیەكی زۆریان لێ چاكبونەتەوەو باری هەموویان جێگیرە.

ئاماژەی بەوەداوە: تا ئێستا سلێمانی و كوردستان پاكە لە ڤایرۆسەكە تەنها بەهۆی ئەو خەڵكەوە ڤایرۆسەكە گوازراوەتەوە كە لە دەرەوەی هەرێمەكەوە هاتوون بە تایبەتی لە كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ئەوروپاوە.

سەبارەت بە گرفتی سنوورەكانیش پارێزگار دەڵێت: سلێمانی بەتەنها زیاتر لە 500 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا هەیە.

لەبارەی دەستگیركردنی ئەو قاچاخچیانەی خەڵك دێننەوە، رایگەیاندوە: تا ئێستاكە نزیكەی 300 قاچاخچی دەستگیركراون.

هەرچەندە پارێزگاری سلێمانی گەشبینە بەرامبەر كۆنترۆڵكردنی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە بەڵام هۆشداری ئەوەش دەدات و دەڵێت: مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە كە بە بەرفراوانی بڵاوبۆوە توانای كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەمە، هەروەها  خەڵك دڵنیا دەكاتەوەو دەڵێت: بەئەندازەیەك خواردن و پێداویستی و سوتەمەنی دابینكراوەو لەبەردەستدایە خەڵك نابێت لەو روەوە بترسێت.

سەبارەت بە كۆمپانیاكەی شاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت: كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی دەرمان لە شاری سلێمانی بە كواڵتییەكی باش و ستانداردی جیهانی ئامادەیە چارەسەری كۆرۆنا بەخۆرایی بۆ هەموو عیراق و هەرێمی كوردستان دابینبكات.

دەشڵێت "ماوەی دوو رۆژە وەك وڵاتانی جیهان بەرێوبەڕایەتییەكانی تەندروستی شاری سلێمانی دەستیانكردووە بەئەزمونێكی گرنگ بە بەكارهێنانی پلازمای خوێنی كەسە توشبووەكان بۆ چارەسەری خەڵكانی دیكە.

PUKmedia لەدەنگی ئەمریكاوە وەرگیراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket