riklam

لە نێوان ئیستدراك و سەرۆكدا..

ی.ن.ک‌‌ 08:27 AM - 2020-03-25
.

.

من لە مێژەوە عشقی شعرەكانی حەزرەتی نالیم، كەمتازۆرێكیش سەرم لە هونەرەكانی زانستی رەوانبێژیی عەرەبی دەردەچێت، بە مەعانی و بەیان و بەدیعەوە، كە حەزرەتی نالی لەناو ئەو زەریایەدا مەلەوانێك و دەریاگەردێكی یەكجار لێزان و شارەزا بووە.. بەردەوام خەریكی گوڵچنینی ئەو لایەنە رەوانبێژیانەم هەتا ئێستاش لە قەسیدەكانیدا..

لە یەكێ لە بەیتەكانیدا دەفەرمووێ:

ماهی من تەنها مەهێكە سەد نجومی مەحوەكرد

یاری من تەنها گوڵێكە سەد هەزاری گرتووە!

ئەم بەیتەی حەزرەتی نالیم بەراوورد دەكرد لەگەڵ چەمكی (مگابقە)ی زانستی بەدیعدا، بۆم یەكلا نەدەبۆوە! چونكە لە صەدری بەیتەكە دەفەرمووێ: سەد نجوم.. لە عەجزی بەیتەكە دەفەرمووێ: سەد هەزار!! ئەمە بەپێی پرەنسیپەكانی ئەو لقەی زانستی بەدیع یەكناگرێتەوە.. چونكە بەپێی ئەو پرەنسیپە زانستییە، دەبێت ژمارەكان وەك یەك بن ئەوسا (مگابقە)ی حەقیقی دروست دەبێت..

پاش تێڕامان، گەیشتمە ئەوەی ئەمە ئیستدراكی ئەوێ.. دەبێ (هەزار) نەبێ بەڵكو (هوزار) بێ.

چونكە ماهەكەی حەزرەتی نالی لە ئاسماندا بە رەونەقە، و نوور و رۆشناییەكەی ئەوەندە بەربڵاو و بەتینە، مەحوی رۆشنایی سەد ئەستێرەی ئاسمان دەكات كە لە پانتایی ئاسماندا دەدرەوشێنەوە.. یارەكەی حەزرەتی نالیش ئەو گوڵە رازاوەیەیە كە سەد بولبول حەیران دەكات و جریوەی مهر و جوانیی و رازاوەیی بۆ دەخوێنن..

كەواتە چەمكی (مگابقە) سوننەتی ژیانە، و دەبێت رەچاوبكرێ لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیاندا.. كە بێگومان سیاسەتیش هیچی لەو سێكتەرانە كەمترنییە..

یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاش گرتنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، بڕیاریدا سیستمی هاوسەرۆكی پەیڕەو بكات، كە هەردوو سەرۆك (لاهور شێخ جەنگی و پاڤڵ تاڵەبان)ین، كەواتە بەپێی عورف و پرۆتۆلۆكی سیاسیی، ئیتر دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو حزب و رێكخراوێكی تر ئەم حەقیقەتە بزانن و پرەنسیپی (مگابقە) پیادە بكەن.. من ئەم ماوەیەی رابوورد كەوتمە گومانەوە كە ئایا: بڵێی هەندێ كەسی بەرپرسی باڵای حكومەت و هەندێ لایەنی سیاسیی دەسەڵاتدار ئەم راستییەیان نەزانیبێ؟ یان پێیان وایە هەر لای خۆیان سەرۆك هەیە و ئیتر كەسیتر نابێت سەرۆك بێت!! خۆ ئەگەر ئەم قەناعەتەیان هەبێت ئەوە وێڕای ئەوەی بەپێی پرەنسیپە زانستییە سیاسییەكان بەتاڵە، ناچێتە ناو بازنەی هیچ عورفێكی سیاسیشەوە!! بۆیە پێم وایە ئەوەش جۆرە ئیستدراكێكی ئەوێ، ئیتر دەبێت بووترێ (سەرۆك لاهور) ئەوە عورفی سیاسییە و پرۆتۆكۆلی حزبییە..

دوای بیركردنەوەم لە شعرەكەی حەزرەتی نالی، ئیتر گەیشتمە ئەوەی چەمكی ئیستدراك لە سیاسەتدا زۆر پێویسترە هەتا بەلاغەت!!

پ.ی.د.دانا ئەحمەد مستەفا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket