riklam

كۆرۆنا.. شەڕی ژیار و مرۆڤایەتی

بیروڕا 02:04 PM - 2020-03-23
.

.

ئەوەی دەگوزەرێ، لەگەڵ كۆرۆنا، یەكانگیرە لەگەڵ ئەو پێناسەیەی لەفكری سیاسییدا كراوە بۆ شەڕ، چونكە بەپێی پرەنسیپەكانی ئەو زانستە بێت، دەبێت شەڕ لێكەوتەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە، ئەمە وێڕای قوربانی كە مرۆڤ خودی خۆی و بارتەقای بەرژەوەندییەكانی بوونەتە قوربانی یەكەم. جگە لەوەی شوێنكاتی دیارنییە.. خۆڕسكیی ئەم شەڕەش سروشتێكی فاشیزمی هەیە، چونكە وەك وتمان زۆربەی كایەكانی ژیان دەگرێتەوە دەستپێك بە خودی مرۆڤ.

ئەوەی شەڕی كۆرۆنا جودا دەكاتەوە ئەوەیە كە سنووری رووبەڕووبوونەوەی دیاری نەكراوە، و دوژمنیش لەگەڵ ئەوەی لە هەموو كوچە و كۆڵانێكدایە كەچی هێزێكی چەكدار بە زرێپۆش و فرۆكەوە لە خۆناگرێ.. لێرەوە سەرجەم شەقام و دەڤەرەكان.. شار و وڵات و كیشوەرەكان بێ جیاوازی بوونەتە بەرەیەكی گەرموگوڕی جەنگ..

شەقڵی ئەم شەڕە، تەنانەت چەمكی دلێری و نەبەردی ئازایەتیشی گۆڕیوە، ئەگەر دوێنێ و لە شەڕی دەستەویەخە و دواتریش لە جەنگی تانك و زرێپۆشدا، واتا لە قۆناغە جیاوازەكانی شەڕدا، دلێری و نەبەردی و ئازایەتی بریتیی بووبێت لە گیانبازیی و بەرەو ڕووی مردن رۆیشتن و قوربانیدان لە پێناو مانا جوانەكانی ژیان و خاك و وڵات و بیروباوەڕدا... ئەوا هەنووكە و لەم شەڕەدا دلێری دوو مەرجی هەیە:

یەكەم: هوشیاری خود و هوشیاركردنەوە و تێگەیاندنی دەوروبەر لە قەبارە و هەژموونی زیانەكانی ئەو دوژمنە.

دووەم: خودپارێزی و ئارامگرتن لە ماڵ و دوور بوونە لە هەموو بەریەك كەوتن و قەرەباڵغی و بونەیەك..

ئەم دوو خاڵە چەمكی دلێری و ئازایەتی و نەبەردی و چەلەنگییە، زامنی هێشتنەوەی مرۆڤایەتییە، وێڕای ئەوەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ و گەل و نیشتمان و وڵات پارێزییە.

تاكە گرەنتی رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و تێكشكاندن و لەناو بردنی تەنها ئەو دوو مەرجەیە، لەم شەڕەدا كەس نابێتە پاڵەوان و ئەویتر قوربانی، بەڵكو هەموومان هاوبەشین و هەمووشمان بەرپرسیارین، چونكە ئەم شەڕە بەری لە هەموو ئەو چەمكانە گرتووە، و مرۆڤ كە كنێوە لە هەر هەنگاوێك بكات، ئەوا تەنها زیانی بۆ خۆی نابێت.. بەڵكو چواردەورەكەشی رادەستی دوژمن دەكات و دەبێتە ناپاكی شەڕ!! ئەمە وێڕای ئەوەی كە دەبێتە خۆكوژ!! و هۆكاری مردن و لەدەستدانی كەسانی نزیكی خۆی و دەوروبەر و گەلەكەی..

بۆیە بە هەموو ئەم لێكدانەوانە، ئۆباڵێكی مرۆیی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئاینیشت دێتە ئەستۆ، كە ئەمە ئەمانباتەوە بۆ تاوانی گەورە دەرهەق بە مرۆڤایەتی.. كەواتە تەفسیركردنی ئەم حاڵەتەی سەرەوە كە باسمانكرد خۆكوژییە نەك مافی خۆت بێت لە ژیاندا!!

لێرەوە با هەموومان بەوپەڕی قەناعەت و باوەڕەوە، سەنگەری خۆمان بەرامبەر دوژمن تووند و تۆڵ بكەین.. با هەموومان ببینە سەربازی گیانی خۆمان و لە بونیاد و پێكهاتەیی جەستەی خۆمانەوە داكۆكیكاری مرۆڤایەتی بین..

ماوەتەوە ئەو چەمكەش روون بكەینەوە، كە چەمكی شەهیدیی هەنووكە لە گوتاری مانەوەدا بەرجەستە دەبێت نەك خۆدانە دەست مەرگ.. لە پاراستنی گیاندا بەرجەستە دەبێت نەك بێنرخ كردنی.. لە بەهێزكردنی سەنگەری بەرگریمانە نەك چۆڵكردنی.. ئەمە مەسەیەكی ئاكاری گەورەیە كە دەبێت هەموومان پابەندی بین.. بەو هیوایەی جەنگاوەرێكی چاپووك و چەلەنگ بین..

پ.ی.د.دانا ئەحمەد مستەفا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket