riklam

فراكسیۆنی یەكێـتیی لەپەرلەمانی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

ی.ن.ک‌‌ 09:15 PM - 2020-03-20
.

.

فراكسیۆنی یەكێـتیی  لەپەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردیەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو دەكاتەوە.


دەقی پەیامەكە:

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی، گەرمترین پیرۆزباییمان ئاڕاستەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، ئەنفال، پێشمەرگە، كەمئەندامان، كارمەندانی تەندروستی و سەرجەم چین توێژەكان دەكەین.

 

ھاوكات، لەگەڵ یادی نەورۆز و سەری ساڵی كوردیدا، یادی ئازادكردنی كەركوكی قودسی كوردستان دەكەینەوە كە لە نەورۆزی ١٩٩١ ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕێبەرایەتی جەنابی مامجەلال، ڕێبەری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، بڵێسەی ئاگری نەورۆزیان لە كەركوكی قودسی كوردستاندا كردەوە. 


‎ھاووڵاتییانی خۆشەویست، نەورۆزی ئەمساڵ هاوتەریبە لەگەڵ دۆخێكی سەخت و نەخوازراو، بەبۆنەی بڵاو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناسەقامگیری ئابووری و سیاسیی ناوچەی و جیهانییەكانەوە؛ لە هەمان كاتدا، دڵنیایین بە خۆڕاگری میللەتەكەمان و هێزی بەرپرسیارێتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دەتوانین وەكو هەموو دۆخە سەخت و دژوارەكانی ڕابردوو پێكەوە زاڵبین بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوە و هەنگاوبنێین بەرەو كوردستانێكی ئارام و دوور لە بەڵاو ناخۆشی.

 

‎لەم كاتە هەستیارەدا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ و كارمەندانی تەندروستی و خۆڕاگری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەین، كە ماندوونەناسانە تێدەكۆشن و شەو و ڕۆژیان كردووە بە یەك بۆ پاراستن و دڵنیایی دان لە سەلامەتی و تەندروستی تەواوی كوردستانییان لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا.

 

‎بۆیە داوا لە خەڵكی خۆڕاگر و پڕ ئیرادەی گەلەكەمان دەكەین، كە پێكەوە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بین و نەورۆزی ئەمساڵ لە ماڵەكانماندا بكەینەوە بۆ ئەوەی هاوكار و پشتیوانی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ بین بۆ ئەوەی بە ئیرادەیەكی بە هێزەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەركەوتنێكی مێژوویی و مرۆیی بەسەر ناخۆشی و نەخۆشییەكان تۆماربكەین.

 

‎دووبارە نەورۆزتان پیرۆزبێت و كوردستانێكی ئارام و خزمەتگوزار بە ئاوات دەخوازین بۆ هەموو لایەكتان، و دڵنیاشتان دەكەینەوە كە فراكسیۆنەكەتان دەبێتە قەڵغانێك بۆ پاراستنی داخوازییەكانتان و هێزێكی بەگوڕی دەبێت بۆ بە كرداریكردنی داواكانتان لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە.


فراكسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان


PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket