riklam

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ سه‌رجه‌م كوردستانیان ده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 01:39 PM - 2020-03-20
.

.

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز و ساڵی نوێ كوردی و یادی (29) ساڵه‌ی ڕزگاركردنی كه‌ركوك، راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانیان كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پیرۆزبایی
به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز  هاوكات ساڵی نوێ كوردی (2720) و یادی (29) ساڵه‌ی ڕزگاركردنی كه‌ركوكی هه‌میشه‌ كوردستانی، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و هه‌ر شوێنێكی  جیهاندان.

 ئومێده‌وارین، جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، ببێته‌ هه‌وێنی پته‌وكردنی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. هیوای ته‌ندروست باشی بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازین. دڵنیایین گه‌له‌كه‌مان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ ئیراده‌و خۆراگری، قۆناغی خۆپارێزی له‌ په‌تای (كۆرۆنا)یش به‌ پابه‌ندبوون به‌ رێنمایی و ڕێوشوێنه‌ ته‌ندروستیه‌كان، وه‌ك قۆناغه‌ سه‌خته‌كانی تر، تێده‌په‌رێنێت.

به‌هارو نه‌ورۆز، هاوكاتی یادی (29) ساڵه‌ی راپه‌رینی به‌هاری 1991 شاری كه‌ركوكی كوردستانیشه‌، كه‌ تاجی سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینی نایه‌سه‌ر حه‌مرینی سنوری نیشتمان. پیرۆزبایی له‌دانیشتوانی خۆراگری كه‌ركوك ده‌كه‌ین، به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌، سڵاوی ئه‌مه‌ك وه‌فاداریش بۆ شه‌هیدانی راپه‌رینی شاره‌كه‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان و پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌ره‌ قاره‌مانه‌كانی كه‌ركوك ده‌نێرین.

جارێكی تر نه‌ورۆزتان پیرۆزبێت و به‌هاری خۆپارێزی و رووبه‌روبونه‌وه‌ی په‌تای (كۆرۆنا)تان، به‌هاری ته‌ندروست باشی و له‌شساغی بێت بۆ گه‌لی خۆشه‌ویستی كوردستان.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان
20/3/2020

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket