riklam

ئەی كێ قەرەبووی خەڵكی هەرێم بكاتەوە؟

بیروڕا 04:12 PM - 2020-03-18
.

.

ن: عەبدولواحێد محەمەد

كۆرۆنا بەڵایەكی گەورەیە هەموو جیهانی روبەڕوی گرفتی گەورە كردۆتوە ، لەو ساتەوەی لە چین كە  كەورەترین وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە  سەریهەڵداوە، قسەو باسێكی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئاراوە، لەنێو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لەبەرچاوی مرۆڤایەتی و لەپشتی پەردەوە توێژینەوەی زۆری لەبارەیەوە كراوەو دەكرێت

هەندێك پێیانوایە دەستی مرۆڤی تێدایەو بۆ مەرامی تایبەتیە، رەنگ بێت بۆ ئێمە مانان زەحمەت بێت شیكردنەوەیەكی سیاسیانە و ئابووریانە بۆ ئەو بابەتە بكەین، ئەوەی بە لای منەوە زۆر گرنگەو دەمەوێ تیشكی بخەمەسەر، چۆن رێگری لە تەشەنەسەندن و بەرگرتنە لێی لەوەی زیاتر كۆمەڵانی خەڵك  گیرۆدە نەكات

ئێستا لەو وڵاتانەی بڵاوبۆتەوە جۆرەها رێگە گیراوەتە بەر، دیاریشە زۆربەی  ئەو ئیجرائاتانە بە هۆی  نەبوونی ڤاكسینێكی راست و دروستە كە تا هەنوكە نەدۆزراوەتەوە، تاوەكە پێیەوە ئەو ڤایرۆسە نەعلەتیە بنبڕبێت، گرنگترین رێگە قەدەغەكردنی هاتوچۆ و  راگرتنی دەوام و داخستنی خوێندنگە و بازاڕ و شوێنەكانی كاركردن و كار و كاسبیە.

بەكورتیەكەی كەرەنتینكردنی هەموو كۆمەڵانی خەڵكە لە ماڵەكانی خۆیان، راستیەكەی ئەوە پێویستەو جێگەی جێبەجێكردنە، بەڵام راستیەكیتر هەیە ئەویش ئەوەیە، ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵك سەرچاوەی ژیان گوزەرانیان لەسەر كار و كاسبی رۆژانەیانە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر كارنەكەن بژێوی رۆژانەیان بۆ پەیدا نابێت.

 لەپاڵ ئەوەشدا رەنگە زۆربەیان شوێنی كارەكانیان بەكرێ بێت ئەوەشیان سەربارە،لە زۆر وڵات ئەوەیان لەبەرچاو گرتوە  و هەنگاوی پێویستیان بۆ  ئەو بابەتە هەڵێناوە، ئەوەتا لەوڵاتی چین بڕیاری قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندانیان  داوە،  لە وڵاتی كەنەداش  لەسەر زاری سەرۆكی وەزیرانەوە ئەوە راگەیاندرا كە ئەوان ئەو دۆخە لەبەرچاودەگرن و  لێناگەڕێن كەس زیانی پێبگات.

لەم دواییە لەوڵاتی ئێرانیش لەزاری سەرۆكی كۆمارەوە بەڵێنی ئەوەیاندا قەرەبووی هەموو ئەو كەسانە بكرێتەوە كە لەو ماوەیەدا زەرەرمەند دەبن، ئەكید وڵاتانی تریش هەنگاوی لەو شێوەیە بڕیار لێدەدەن

ئەوەی جێگەی هەڵوێستەكردنە تا ئەم ساتەی تیایداین  حكومەتی هەرێم بەلای   ئەو بابەتە هەستیارو گرنگەدا نەچوە كە زۆر  باش دەزانێت خەڵكانێكی زۆر پێویست  هەن  لە نێویاندا مامۆستایان و فەرمانبەران كە تەنها سەرچاوەی ژیانیان موچەیە و بەس

راستە باسی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك كراوە  و داوای ئەوەش كراوە دەوڵەمەند و خاوەن موڵكەكان یارمەتی هەژاران بدەن، بەڕاستی ئەوە كافی نیەو بەرەندەی ئەو حاڵەتە نەخوازراوە ناكاتەوە، بە پێچەوانە دەبێت بڕیاری پێویست و ئاشكرای بۆ بدرێت و حكومەت خۆی بە بەرپرس بزانێت.

ئەوەی زیاتر باری ئەم كۆمەڵگەی قورستر كردووە پێنەدانی موچەیە كە زۆربەی خەڵك ژیانیان پێیەوە بەندە، بۆیە هەق نیە بوەستێنرێت، چونكە بەوە حاڵەتی دەرونی  تاكەكان بارگاویتر دەبێت و ترسەكەش لەوەیە ئەوە درێژە بكێشێت، لێرەدا زۆر زەروریە حكومەت ئالیەتێك بدۆزێتەوە  تاوەكو لە یەككاتدا خود پارێزی هەبێت و سەرچاوەی گوزەرانیش دیاربێت كە موچەكە و كاروكاسبیە، بێگومان لە هەنگاوی لەو شێوەیە خەڵك لە روی دەرونیەوە ئاسودە دەبێت و بەرگریەكی باشتری بۆ فەراهەم دەبێت لە  دژی ئەو ڤایرۆسیە نەفرەت لێبووە و ئەو نەخۆشیە تاقەت بڕوكێنە، ئەگەر حكومەت ئەوە نەكات كە دەبێت بیكات، ئەی كێ قەرەبووی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكاتەوە  و خەمێك لە ژیانیان بخوات.


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket