riklam

سلێمانی هێڵی گەرم بۆ كۆرۆنا كارا دەكات

کوردستان 10:44 AM - 2020-03-12
.

.

لیژنەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەسلێمانی هێڵی گەرمی تایبەت بەكۆرۆنای رایگەیاند كە هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی پێوەبكەن و رێنمای تەندروستیان پێدەدرێت راشیانگەیان: رێوشوێنەكان بۆ روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا توندتر دەكرێن و  شوێنەكان دادەخرێن و پێویستە كۆمپانیاو كەرتی تایبەتش دەوامی فەرمانبارانیان كەمبنەوەو هەر كەسێكیش لەدەرەوە بگەڕێتەوە كەرەنتینە دەكرێت،  

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: هێڵێكی گەرم بۆ روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا دەمەزراوە كە لەسەر ژمارە 122ەو لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕەوە سەرپەرشتی دەكرێت بۆ پەیوەندیكردنی هاووڵاتیان بەمەبەستی تەندروستیان و هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی پێبوەبكەن و 

لەسەر ئاستی هەرێمیش سلێمانی وەك یەكەم پارێزگا سسیتمەكەی راگەیاندوەو ئامانجیش لێی خزمەتكردنی تەندروستی هاووڵاتیانەو لەئایندەدا لەناوچەكانی تری هەرێم كاری پێدەكرێت.

وتیشی: لەڕێی ژمارەكەوە كە هاووڵاتیان پەیوەندی دەكەن لەسەر سێ ئاست (زەرد، پرتەقاڵ، سور)، زەردەكە بۆ رێنمایی هاووڵاتیانە كە پێویستیان پێیەتی ئەگەر گومانیان لەخۆیان بوو پێویست ناكات سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، هەروەها پرتەقاڵیش بەپێی حاڵەتەكانەو پزیشكەكان بڕیار دەدەن كەسەكە پێویستی بەپشكنین دەبێت، سوریش پێویستی بەچارەسەرو سەردانی نەخۆشخانەكانە.

 پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند: دەبێت كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان لەئەمڕۆوە پابەندن بن بەكەمكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانیان وەك حكومەت بڕیاریداوەو بەشێوەی تەناوب كارمەندانیان دەوام بكەن و ژمارەی خەڵك كەمبكەنەوە، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت بەبڕیارەكانەوەو حاڵەتێكی تێدا روبدات بەرپرسیار دەبێت و روبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

ئەوەشی وت: دوای ئەو رێوشوێنانەی لەشەقامی سالم و سەهۆڵەكەی سلێمانی كراون، داوا لەهاووڵاتیان دەكەین نەچنە شوێنی قەرەباڵغ و كۆبوونەوە لەو شەقامە رادەگیرێت، لەم دوو هەفتەیەشدا پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداری خۆیان بن و هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان رادەگیرێت، هەروەها هاتووچۆی نێوان شارو ئیدارەكان، تەنانەت نێوان شارو قەزاو ناحیەكانیش رادەگیرێت و كەمدەكرێتەوەو دەبێت سەردانی بازاڕیش كەمبكرێتەوەو ئیتر بازاڕ شوێنی پیاسەو گەڕان نیە.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا داوایان لەحكومەت كردوە ئەو شوێنانەی موڵكن و بەكرێ خەڵكی تێدایە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو حكومەت لەكرێكانیان خۆشبێت، هەروەها دواتریش كەرتی تایبەت ئەو كارەبكات تا هاووڵاتیان زیان نەكەن. 

 راشیگەیاند: لەگەڵ كۆمپانیكانی گەشتیاری لەسەر هێڵێن بۆ ناردنی ناوی ئەو كەسانەی تكتیان بڕیوەو بەنیازن لەدەرەوە بگەڕێنەوە بۆمان بنێرن، چونكە گەڕانەوەی ئەو كەسانە بەتایبەت كە پەتاكەیان تێكەوتوە كارەسات دروستدەكات و دەبێت ئەو كەسانە كەرەنتینە بكرێن، هەركەسێكیش بگەڕێتەوەو خۆی بشارێتەوە رێوشوێنی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لای خۆشیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: هەوڵەكان بۆ جێبەجیچكردنی رێنمانییە تەندروستییەكان تا خۆپارێزی لەكۆرۆنا بكرێت و پابەندبین پێوەی و ئەركی هەموانە رێنماییەكان جێبەجێ بكەن خەڵك خۆی بەدوور بگرێت لەقەرەباڵغی بێت.

 هاوكات د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەبارەی دامەزراندنی ئەو هێڵە گەرمەوە رایگەیاند: لەسەرەتای بڵاوبوونەوە پەتاكەوە لەكوردستان وەك زانكۆی سلێمانی هەموو تاقیگەكانمان خستوەتەگەڕ، جگە لەوەش خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی بۆ روبەڕووبنەوەی كۆرۆنا راهێنانیان پێكراوە تا لەڕێی هێڵە گەرمەكەوە بەهاوكاری پزیشكان رێنمایی بەخەڵك بدەن.

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش رایگەیاند: راگەیاندنی هێڵەكە كارێكی زۆر باشە، بەمە كلینیك دەبرێتە ناو ماڵان و هەرچی زانیاری و رێنمایی پێویست بێت لەڕێیەوە دەدرێتە هاووڵاتیان و ئاڕاستە دەكرێت بۆ شوێنی پێویست، هەروەها كاتی سەردان بۆ هاووڵاتیان بۆ نەخۆشخانەكان دادەنرێت، جگە لەوەش قەرەباڵغی كەمدەكاتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند: دوای راگەیاندنی تەندروستی جیهانی كە كۆرۆنا بوەتە پەتایەكی جیهانی، ئەمڕۆ جیهان چووە قۆناغێكی ترەوەو ئێمەش رێكارەكانی زیاتر دەكەین.

وتیشی: ئەوانەی لەگەشتن بگەڕێنەوە، چونكە لەچەند رۆژی داهاتوەوە هەر كەسێك بگەڕێتەوە كەرنتینە دەكرێت، چونكە جیهان نەخۆشیەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە.

باسی لەوەشكرد كە پێشتریش تەئكیدیان لەوەكردوەتەوە كە پرسەكان مەترسیدارن و شوێنی كۆبوونەوەی هاووڵاتیانەو ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكان، رایگەیاند: لەماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 10 گومانلێكراو هەیە، سەرجەمیان سەردانی پرسەیان كردوە، بۆیە دەبێت ئەوە چارەسەر بكرێت.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket