riklam

بەزەییم بەخۆماندا هاتەوە....!!

بیروڕا 07:04 PM - 2020-03-11
.

.

من بۆخۆم لە نزیكەوە شارەزاییم لەسەر كۆریای باشور هەیە، لەبەرئەوەی خولی راهێنانی پەروەردەییم لە سیئۆلی پایتەخت كردووە هاوشان چەندین شاریشم لەو وڵاتە بینیوە، ماوەكەشی 16 رۆژ بوو وایكرد ئاشنایەتیم لەسەر كۆمەڵێك بابەتی زۆر گرنگ لەبارەیەوە ببێت، لەوانە لە پرۆسەی پەروەردەدا پێشكەوتنێكی بەرچاویان بەرجەستەكردووە، لە پیشەسازیدا هەر مەپرسە لەوەی چەند هەنگاوی گەورەیان هەڵهێناوە لە دەرزیەكەوە تا دەگاتە گەورەترین پاپۆڕ، لە بواری پاكوخاوێنیدا لە ترۆپێكی وڵاتاندان، ئەوەندە سەوزاییان هەیە تا خوای گەورە پێی خۆشە، لەشەقام و رێگاوباندا، لەناو شارەكان لە تەونی جاڵجالۆكە دەچێت، كەس لەسەر كەس پەكی ناكەوێت،

لە دەرەوەی شارەكانیشدا هەتا چاو پڕ دەكات رێگەی پان و بەرین و بێكەند و كۆسپیان هەیە، لە رێگەیكدا كە سیئۆلی پایتەخت بە بەندەری بوسان لەسەر ئۆقیانوسی هادی دەبەستێتەوە زیاتر لە 450كم دەبێت، بەو رێگەیەدا سەفەرمان كرد نە لە جێگەیەكدا سەرهەوراز سەركەوتین نە نشێویشمان بینی، تەنها لەو رێگایە 50 شاخ بڕابوو كرابوونە تونێل، بەقەد ئەوەندەش بەرزەپرد دروستكرابوو بۆ راستكردنەوەی دۆڵ و شیوەكان، لە ژیان و گوزەرانیشدا فەرمانبەران و مامۆستایانیان زۆر باشن، موچەكانیان بای ئەوەندە دەكات كە بە باشی بەڕێوەبچن، وێڕایی كۆمەڵێك ئیمتیازاتیتر وەك نیشتەجێبوون و دەستەبەری تەندروستی، نمونەش بۆ ئەو راستیە مامۆستا كە دادەمەزرێت 2000 دۆلار وەردەگرێت و لەگەڵ خزمەتكردنی ساڵانە بەرزدەبێتەوە لەكۆتایی خزمەتدا دەگاتە (7000)دۆلار، لە تەمەنی 60 ساڵیش خانەنشین دەبن بە شێوەیەك موچەكانیان جیاوازیەكی ئەوتۆی لەگەڵ سەردەمی خزمەتكردندا نیە،

ئەوەش بۆ ئەوەی ژیانێكی باش بگوزەرێنن، سەرباری موچە خزمەتگوزاری شایستەشیان پێشكەش دەكرێت، بۆ نمونە لەناو میترۆ و پاسەكانی هاتوچۆ جێگەی تایبەتیان بۆ دیاریكراوە، بەشێوەیەك ئەگەر پڕیش بن و ئەو شوێنانە بەتاڵیش بێت كەس لێی دانانیشێت،

بەمدواییە حكومەت پێشنیاری پڕۆژە یاسایەكی كرد تاوەكو تەمەنی خانەنشینی بكرێتە 65 ساڵ و لێبڕینی پارەی دەستەبەری خانەنشینی لە (7%)ەوە ببێتە(10%)، بەهۆكاری ئەوەی رێژەی گەنجان بەرامبەر بە رێژەی تەمەن گەوران لە كەمبوونەوەدایە، ئەمە وایكرد سەندیكا و نەقابەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندانێكی زۆر گەورە و بەبەشداری زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو مامۆستا و فەرمانبەر لە گەورەترین گۆڕەپانی ناوەندی شاری سیئۆل بەڕێوەببەن، تیایدا درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینیان رەتكردەوە هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی لێبڕینی دەستەبەری خانەنشینی،

سەرباری ئەوە داوای دەرماڵەی زیاتر و هێشتا باشتر كردنی ژیان و گوزەرانیان كرد، لەوەدا بەڕاستی بە زەییم بەخۆماندا هاتەوە، لەسەر ئەوەی جیاوازی ئێمە و ئەوان وەكو ئاسمان و رێسمان وایە، ئەوان موچەیان زۆر باشە لەخانەنشینیشدا بەسەد كەڕەت لە ئێمە باشترن كەچی هێشتا داوای باشتر دەكەن دڵنیاشم حكومەت وەڵامیان دەداتەوە، چونكە ئەوان رەچاوی پێویستیەكانی ژیان دەكەن بە تایبەت مامۆستایان چونكە پەروەردە و فێركردن لەلایان ئەولەویەتە و لە پێشەوەی هەموو سێكتەرەكانیتری وڵاتەكەیاندایە، ئێمەش سەرباری ئەوەی موچەكانمان زۆر كەمە و بەحاڵ بای مەمرە بژی دەكات،  لەخانەشینیدا لە بری ئەوەی پاداشت بكرێین سزا دەدرێین، گەواهی ئەو راستیەش مامۆستا لە سەر و بەندی خانەنشینبوونی موچەكەی لە 1600 دۆلار تێپەڕناكات كە خانەنشین دەبێت رێك هەموو دەرماڵەكانی خێزان و ماڵ و منداڵ و بڕوانامەی لێ دەبڕن تەنها (80%) موچەی بنەڕەتی پێدەدەن،

هیچ حیسابێك بۆ ئەوە ناكەن ئەو پیاوە دوای خانەنیشن خێزانەكەی هەر دەمێنێت و تەڵاقی نادات منداڵەكانیشی هەر لای خۆی دەبێت  خۆ بەدۆخوریان نادات، بڕوانامەكەشی هەر دەمێنێت تا لەگەڵ خۆی دەیباتە ناو گۆڕ چونكە مافێكی پێدراوی خۆیەتی و كەس توانای لێسەندنەوەی نیە، بێجگە لەوانە لەهەموو خێرو بێركیش بێبەش دەكرێت، هەموشتان دەزانن لەو پێنج ساڵە ئاڵۆزەی بەسەرماندا تێپەڕی چەند غەدری گەورەیان لێكرا لە پێنەدانی موچە و دواخستن و پاشەكەوتكردن لێیان، ئا ئەمەیە وادەكات فەرمانبەر یان مامۆستای كە نزیك دەبێتەوە لە رەوانەكردنەوەی بۆ ماڵە (خانەنشین بوون) توشی چۆكە لەرزێ دەبێت و هەشبووە هەر لەیەكەم ساتی خانەنشین بوونەوە روبەڕوی گرفتی دەرونی بۆتەوە، 

ئیتر بۆتە بەندی ماڵەوە، بەراستی ئەو یاسایەی خانەنشینی كە كاری پێدەكرێت سزادانی بەراستیە و رێزنەگرتنە لە خزمەتی ئەو كەسایەتیانە، هەمومان چاومان لەسەر ئەوە بوو یاسای چاكسازی ، چاكسازی بە كرداری بێت و بەیەك چاو سەیری هەموان بكرێت كەچی وادەرنەچو، هیچ پاساوێكیش بۆ ئەوە نەبوو غەیری بێنرخكردنی خزمەتی ئەو مرۆڤانە و تەنانەت كەسوكارەكانیشیان، ئەگەر نا چۆن دەبێت یەكێك بەهاری تەمەنی خۆی بەخشی بێت بەم وڵاتە و بەنەوەكان لەبوارە جواروجۆرەكان كە دەچێتە تەمەنەوە  بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت،

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراقی كار بەیاسایەك دەكات لەچاو ئەوەی ئێمە زۆر باشترە  هێشتا هەوڵی ئەوە دەدەن پێداچونەوەی پێدا بكەن، ئەوە نمونەی كۆریای باشوریشمان هێنایەوە، مخابن لەهەرێم خۆیان لەوە كەڕ كردووە و دەیانەوێت بەمشێوەیە بڕوات، بەڕاستی كاتی ئەوە هاتوە یاسایەكی تازە دەربكرێت ئەوەندەی من بزانم لەهەرێم زیاتر لە 10 یاسا بەكاربەرە لەبواری خانەنشینەوە، پێویستە هەمویان یەكبخرێن و تیایدا رەچاوی بارو گوزەران بكرێت و جیاوازیەكانیش لەسەرەوە تا خوارەوە كەمبكرێتەوە، یەك راستیش هەیە دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەكان بزانن بەری رۆژ بە بێژینگ ناگیرێت بێزاری و توڕەبوونیش رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات .

عبدولواحید محەمەد 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket