riklam

هه‌شتی مارس رۆژێك له‌پێناو یه‌كخستنی گوتارو خه‌بات

ژنان‌ 09:28 PM - 2020-03-07
.

.

دڵپاك تاهیر
هه‌شتی مارسی هه‌موو ساڵێك، رۆژی جیهانی ژنان‌و خانمانه‌، یاده‌وه‌ری كۆڵنه‌دان‌و مێرخاسیی مێینه‌كانی جیهانه‌ دژ به‌ جیاكاری‌و چه‌وسانه‌وه‌و هه‌موو جۆره‌كانی توندڕه‌وی، له‌ توندوتیژی خێزانییه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینی‌و تا چه‌شنه‌كانی تری هه‌ڵاواردن له‌نێو كایه‌و سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا، ئه‌م ڕۆژ‌و یاده‌ له‌ ته‌واوی ژنانی جیهان‌و كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م‌و ئومێد ده‌كه‌م، له‌پێناو نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاكاریی هه‌موو رۆژه‌كانی ساڵ رۆژی ژنان‌و یه‌كسانی‌و ئازادی بێت‌و هیچ كات‌و له‌ هیچ شوێنێكدا خانمان به‌هۆی ره‌گه‌زو مێبوونیانه‌وه‌ روبه‌ڕووی هیچ جۆرێكی سته‌م نه‌بنه‌وه‌.

یاده‌وه‌ری هه‌شتی مارسی ئه‌مساڵ، وه‌ك زۆربه‌ی ساڵه‌كانی دیكه‌، ژنان له‌ كوردستان‌و جیهان هه‌ر خواست‌و ئومێده‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌وه‌ ڕوو، وه‌ك هه‌میشه‌ به‌س دروشمه‌كان به‌تایتڵێكی ترو له‌ژێر مانشێتێكی تردا به‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش دۆخه‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، ئێستاش هه‌ر له‌لایه‌ن دنیابینی پیاوسالاری‌و خۆسه‌پاندن به‌ پاساوی ره‌گه‌زییه‌وه‌، ژنان روبه‌ڕووی هه‌موو جۆره‌كانی چه‌وسانه‌وه‌و جیاكاری ده‌بنه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونه‌ دڵڕه‌قه‌شدا، ریزه‌كانی ژنان‌و خه‌باتی جێنده‌ری روبه‌ڕووی په‌رته‌وازه‌یی زیاترو دابڕانی گه‌وره‌تر بۆته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌تی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان ده‌كات‌و ئه‌وه‌شی رێگا له‌جیاكاری زیاتر ده‌گرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر یه‌كخستنی گوتارو رێكخستنی خه‌باتی ژنان‌و ئازادیخوازو یه‌كسانیخوازانه‌ له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ باڵایانه‌.

ماوه‌ی رابردوو له‌ناو میدیاو سۆسیال میدیا هه‌ڵمه‌تێكی نامۆ دژ به‌ ژنان له‌ناو كایه‌ جۆراوجۆره‌كان خۆی به‌یانكرد، له‌گوتاری بانگخوازی ئاینییه‌وه‌ له‌ به‌ ئامانجگرتنی ژنان‌و سوكایه‌تی تا ده‌گاته‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕو ئه‌كاونت‌و په‌یجانه‌ی كه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی لایك‌و فۆڵۆ ژنان وه‌ك كاڵا نیشانده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌‌و زۆر پرسی دیكه‌ش نیشانیاندا، كه‌ له‌كوردستان سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ یاساو رێساكان دان به‌ مافی ژنان‌و پاراستنیان له‌هه‌موو جۆره‌ هه‌ڵاواردنێك نراوه‌، به‌ڵام له‌رووی واقیعی هه‌نگاوی به‌كرده‌وه‌ ئه‌و یاسایانه‌ له‌ قازانجی ژنان جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌گه‌رنا چیتر ئه‌و جیاكارییه‌ نه‌یده‌توانی درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی خۆی بدات، هه‌ربۆیه‌ له‌یادی هه‌شتی مارسی ئه‌مساڵ، ئێمه‌ی ژنان به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ناخوازین كه‌ ماف‌و ئازادییه‌كانمان له‌ یاسا‌و رێساكان جێبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو داوا ده‌كه‌ین له‌ پێناو پاراستنی ئه‌و مافانه‌ یاساكان جێبه‌جێ بكرێن، چونكه‌ چیتر نابێت رێگه‌ بده‌ین له‌ژێر تایتڵی جیاوازدا هه‌ر به‌ پله‌ دوویی بمێنینه‌وه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket