riklam

كاریكاتێر لە رۆژنامەگەری گشتگیردا

ئەدەب وهونەر 09:42 AM - 2020-03-03
.

.

رۆژنامەگەریی گشتگیر بە جەماوەریترین و تەشەنەترین بڵاوكراوەی خولاو دەژمێردرێت، و لە هەموویان كاریگەری زیاترە لەسەر توێژەكانی خوێنەراندا، لەبەر هەمەجۆری بابەتە بڵاوكراوەكانی لە گاڵتە و سیاسەت و ئابوری و ئەدەب و وەرزش و كشتوكاڵ و زۆربەی بوارەكانی تری ژیاندا، بابەتێك نیە كە لە دەرەوەی چوارچێوەی گۆشەكانی رۆژنامەگەری گشتگیردا بێت. بۆیە خوێنەر ئارەزوو و هەوەسی هەرچیەك بێت، مەبەستی خۆی لە لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامانەدا دەبینێتەوە، ئەوەی بەدوای كات بەسەربردندا وێڵە گۆشەی خۆی دەبینێتەوە، ئەوەی بەدوای دوایین هەواڵدا دەگەڕێت بەدەستی دەكەوێت، ئەوەی مەبەستی شیعر خوێندنەوەیە دەتوانێت بیبینێتەوە، ئەوەشی حەزی لە وەرزشە لاپەڕەی خۆی هەیە، و هەروەها كێشە و كاروبارەكانی تریش.

لەو روانگەیەوە رۆژنامەی گشتگیر لە بوارە هەرە ئازادەكانی كاریكاتێر دادەنرێت، كە دەتوانێت بابەتی خۆی لەهەر لاپەڕەیەك لە لاپەڕەكاندا ببینێتەوە، و دەتوانێت بوارێك و جێگەیەكی دەست بكەوێت لە هەر لاپەڕەیەكدا، واباوە لەم رۆژنامەگەرییه گشتگیرە‌دا گۆشەیەك یان چەند گۆشەیەكی تایبەت بە كاریكاتێر هەبێت‌، زۆربەی ئەم رۆژنامانە لە لاپەڕەكانی دەرەوەیدا (یەكەم و دواوە) گۆشەیەكی بەردەوامیان بۆ كاریكاتێر تەرخان كردووە، هەروەها گۆشەی بەردەوام لە لاپەڕەكانی ناوەوەشدا هەیە بۆ كاریكاتێر، كە پەیوەست بێت بە تایبەتمەندی لاپەڕەكە، وەكو لاپەڕەی وەرزش و نێودەوڵەتی و لاپەڕەكانی تر، سەبارەت بە گۆشە بەردەوامە بنەڕەتیەكەش، واباوە كە كاریكاتێریست ئازادییەكی هەبێت‌ لە بژاردنی بابەتی كاریكاتێرەكەی، كە زۆرجار بابەتێكی زیندوو هەڵدەبژێرێت، كە پێیدەگوترێت بابەتی رۆژ، و كاریكاتێریانە چارەسەری دەكات، ئەم بنەمایەش زۆر جار ملكەچی هەڵاوێژكردن دەبێت، كە كاریكاتێریست زۆرجار بابەتێكی زیندووی گشتی هەڵدەبژێرێت كە پەیوەستە به دیاردەیەك نەك رووداوێك، كە ئەمەش وای لێدەكات پارێزگاری لە كارایی كاریكاتێرەكەی بكات، لە گۆشە كاریكاتێریەكەی دووەمیشدا، وا باوە كە كاریكاتێرەكە پەیوەست بێت بە بابەتی لاپەڕەكە خۆی، لە لاپەڕەی وەرزش بابەتی كاریكاتێرەكە وەرزشی دەبێت، لە لاپەڕەی ئەدەبیش ئەدەبی دەبێت، لە لاپەڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانیش سیاسی دەبێت و بەم شێوەیە.

لە زۆرێك لە رۆژنامەكان ژمارەیەكی زۆر لە كاریكاتێر بڵاودەكرێتەوە لەوانەیە بگاتە دە كاریكاتێر لەهەر ژمارەیەكدا، گۆشە بەردەوامەكانیش لە چەندین كاریكاتێر پێكدێن، لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بۆ رۆژنامە میسرییەكان بكەین، كە كاریكاتێر زۆر بە فراوانی بەكاردێنن لە كارەكانیاندا.

هەروەها وا باوە كە ‌رۆژنامەكان لە گۆشە بەردەوامەكان وێنەی كارمەندانی خۆشیان بڵاودەكەنە‌وە لە هونەرمەندانی كاریكاتێر، لە گۆشە ناجیگێرەكانیش زۆرجار كاریكاتێرێكی بڵاوكراوە لە رۆژنامەكانی دەرەوە، دووبارە بڵاودەكەنەوه ‌(بەبێ دەستكاری و ناو قوتكردنی خاوەنەكەی)،

بەڕای ئێمەش دەبێت رۆژنامەكان بە شێوەیەكی فراوان پشت بە كاریكاتێرەوە ببەستن لە كارەكانیاندا، چونكە كاریكاتێر خاوەنی چەندین سیفەتی جیاكارییە، لەوانە سەرنجی خوێنەران رادەكێشێت، لە ناخیاندا حاڵەتی دەروونی ئەرێنی دەژیێنێتەوە، هزر و بیریان هاندەدات و دەوروژێنێت، و مادەیەكی ئاسان و خوێندەوەشی خێرایە، و چەندین سیفەتی تریشی هەیە كە بابەتە رۆژنامەوانیەكانی تر نیتیان، هەڵبەتە وا پەسندترە كە گۆشە بەردەوامەكان لە لاپەڕەكانی دەرەوەی رۆژنامەكاندا بڵاوبكرێنەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر بەبێ ماندووبوونێكی زۆر چاویان بە كاریكاتێرەكان بكەوێت، كاتی خۆی زۆرێك لە رۆژنامەكان كاریكاتێریان لە دوالاپەڕەكاندا بڵاودەكردەوە، ئێستا كە دركیان بە گرنگی و بایەخی كاریكاتێر كردووە، كاریكاتێرەكان لە لاپەڕەی یەكەمدا بڵاودەكەنەوە، هەندێكیشیان هەر راستەوخۆ دوای ناوی رۆژنامەكە، ئەمەش نیشانەی دركپێكردنی گرنگی كاریكاتێرە لەلایەن رۆژنامەكانەوە، جێ و شوێنی شیاوی خۆی دەدەنێ وەك هونەر بە پلە یەك، و بە پلە دووش وەك مادەیەكی كارای رۆژنامەوانی.

ئا/ هەندرێن خۆشناو

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket