riklam

كۆرۆنا دەمامك لە هەرێم قاتی دەكات

ریپۆرتاژ‌ 05:31 PM - 2020-02-27
.

.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چینەوە سەریهەڵداوە و لە هەرێمی كوردستانیش قەیرانی دەمامكی درووست كردووە، بە جۆرێك نرخەكەی 550% زیادی كردووە، پاكەتێك لە 50 سەنتەوە بۆ 7 دۆلار بەرز بووەتەوە، هەروەها خواست لەسەر كەمامەش 20-30% زیادی كردووە.

ڕاگەیاندنی حاڵەتی كۆرۆنا لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كە هاوسنووری هەرێمی كوردستانە، مەترسیی لای هاونیشتیمانییان درووست كردووە، ئەمەش وای كرد خواست لەسەر دەمامك زیاد بكات و لە دەرمانخانە و فرۆشگاكانی كەلوپەلی پزیشكی نەمێنێت و بازاڕی ئۆنلاینی دەمامك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی كراوەتەوە و بە دلیڤەری یەك كەمامەی N95 لە دۆلارێكەوە گەیشتە 20 دۆلار.

باوان كارزانی تەمەن 28 ساڵ، دانیشتووی سلێمانی، چەند دەرمانخانەیەك گەڕاوە و دوو دەمامكی  N95ـی بە دەستەوە بوو، وتی: ״لە دەرمانخانەی (م.مۆڵ) كە یەكێكە لە ماركێتە گەورەكان دانەی بە 20 دۆلار كڕیم و  بە ئاشكرا بازرگانی بە دەمامكەوە دەكرێت، پاكەتێك ماسك لە هەزار دینارەوە بووە بە 7 هەزار دینار״.

دەمامك لە كەرەستەیەكی پزیشكییەوە كە لە دەرمانخانەكان دەست دەكەوێت، ئێستا لە بازاڕ و سوپەرماكێتی گەڕەكەكانیش دەفرۆشرێت.

86807729_2974970282554442_5494850316618694656_n.jpg

گۆڤەند محەمەد، خاوەنی مینی ماركێتی گۆڤەندە لە هەولێر، وتی: ״ڕۆژانە خەڵك داوای دەمامكی دەكرد، زۆرێك لە كۆگا و دەرمانخانەكان بە جوملە دەیفرۆشن بە دوكاندار و خاوەن ماركێتەكان، من بە تەلەفۆن داوای دەكەم و بە تاكسیەكدا بۆم دێت و یەك دەمامك بە 250 دینار دەفرۆشین״، گۆڤەند وای وت.

ئازاد هادی مەولود، بەڕێوەبەری پشكنین و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی تەندروستی وتی: ״لە هەرێمی كوردستان دەمامكی پێویستمان هەیە، بەڵام قۆرخ كراوە و هەندێك كەس ویستیان ئیستغلالی دۆخەكە بكەن. لە ئێستادا دەستمان كردووە بە ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ كۆگاكانی پێداویستیی پزیشكی كە دەمامكیان داوەتە بەشێك لە دەرمانخانەكان بە نرخی گران״.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمەوە بڵاوکراونەتەوە، 202 كۆمپانیا دەرمان و پێدوایستیی پزیشكی دەهێنن، بە هۆی سەرپێچی و گرانكردنی دەمامكەوە 33 كۆمپانیایان دادەخرێن.

״ئێستا 169 كۆمپانیا ماون كە بەشێكیان دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و بەشێكیان تەنها پێداویستیی پزیشكی دەهێنن. 33 كۆمپانیایان داخراون و تەنیا هاوردەی دەمامك لە چینەوە ڕاگیراوە، بەڵام هەر كۆمپانیایەك دەمامك لە ئەڵمانیا و ئەورووپا و مالیزیا بیهێنێت ڕێگەپێدراوە״، ئازاد هادی وای وت.
دەرمانخانەكان دەمامك لە كۆگاكان وەردەگرن ئەوانیش لە كۆمپانیاكانی دەكڕن كۆمپانیاكانیش لە دەرەوەی وڵات هاوردەیان كردووە.

یەكێك لە خاوەنی كۆمپانیاكانی دەرمان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی: ״پێشتر سێ‌ هێندەی دانیشتوانی هەرێم دەمامك لە لایەن 200 كۆمپانیای دەرمان هاوردە كراوە، بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دەرگای هاوردەكردن داخرا و پێشتر 2%ی كۆمەڵگەی كوردەواری دەمامكی بە كار هێناوە، بەڵام لە ئێستادا خواست لەسەر بەكارهێنانی دەمامك هەڵكشاوە بۆ لە 25% بۆ ٣٠%.״

87074402_230482131449310_1447432922536607744_n.jpg

״هۆكاری گرانبوون و قەیرانی دەمامك دەگەڕێتەوە بۆ دەستتێوەردانی زۆرێك لە بارزگانە توركییەكان كە بە هەر نرخێك بێت وەریدەگرن، بۆیە داواكارین بەپەلە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم ناردنەدەرەوەی دەمامك قەدەغە بكەن״، ئەو خاوەن كۆمپانیایە وای وت.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی تەندروستی بڵاوکراوەتەوە، دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم دەمامكمان هەیە و پێشتر ئامادەكاری كراوە، بەو پێیە بێت نزیكەی 11 بۆ 12 ملیۆن دەمامك گل دراوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان كە لە وەزارەتی تەندروستی و لیژنەكانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە وەری گرتووە، تا ئێستا 33 كۆمپانیا و 21 كۆگا و دەرمانخانە داخراون، بە هۆی گرانكردنی دەمامك و پێداویستییەكانەوە.

بەڕێوەبەری پشكنین و كۆنتڕۆڵی جۆری لە وەزارەتی تەندروستی وتی: ״پێشتر دەمامكی زۆرمان لە چینەوە هاوردە كردووە كە بەشی دوو هێندەی دانیشتوانی هەرێمە، ئەوكات نرخەكەی 50 سەنت بووە.״

بەو پێیە بێت ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە 5-6 ملیۆن هاووڵاتی بخەمڵێندرێت و هەر پاكەتێكیش بە 50 سەنت هاوردە كرابێت، ئەوا 10 بۆ 12 ملیۆن كەمامەی خەزنكراو هەیە، كە دەكاتە 240 هەزار پاكەتی 50 دانەیی و بەهاكەشی بە گشتی دەگاتە 120 هەزار دۆلار.

د.محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم وتی: ״لە ئێستادا بڕێكی زۆر دەمامكمان هەیە لە كوردستاندا، بەڵام بە بەردەوام لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر هێڵین ئەگەر هاتوو پێویستمان پێی بێت ئەو ڕێكخراوە ئامادەیە بۆمان دابین بكات״.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری ۆهانی كۆماری گەلی چینەوە سەریهەڵدا و ئێستاش زیاتر لە 70 كارگەی تایبەت دەمامك و بەدلە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە درووست دەكەن و ڕۆژانە زیاتر لە 1.6 ملیۆن دەمامك و 2 هەزار بەدلەی پزیشكی لە كەرتی خینان درووست دەكرێت.

هیوا هادی، لە دەرمانخانەی برەو لە سلێمانی وتی: ״ڕۆژانە و بە بەردەوامی خواست لەسەر كڕینی دەمامك هەیە و مەترسیی كۆرۆنا فرۆشی بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد كردووە، نرخیش گران بووە״.

PUKmedia ئاژانس

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket