riklam

وەزیری ناوخۆی هەرێم: هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە

کوردستان 09:22 PM - 2020-02-26
.

.

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوە و هاووڵاتیان دڵنیا دەكەیەنەوە ئەو رێوشوێنانەی كە دەگیرێنەبەر بۆ خۆپاراستنە، داواشی لە هاووڵاتیان كرد لە ئێستادا سەردانی كەركوك و نەجەف نەكەن.

ئەمشەو 26-2-2020، وەزیری ناوخۆی هەرێم و وەزیری تەندروستی هەرێم كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەنجامدا و د. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند: 536 كەس لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمەوە گەڕاونەتەوە هەرێم و ناو ناونیشانی سەرجەمیان لەلای ئێمە هەیە و بەدواداچوون بۆ باری تەندروستیان دەكەین،

هاوكات داواشیان لێ دەكەین بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خێزانەكانیان رێوشوێنە تەندروستییەكان بگرنەبەر.

داواشی لە هاووڵاتیان كرد لە ئێستادا سەردانی شارەكانی كەركوك و نەجەف نەكەن.

د. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی: هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و هاووڵاتیان دڵنیا دەكەیەنەوە ئەو رێوشوێنانەی كە دەگیرێنەبەر سەرجەمیان بۆ خۆپاراستنە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

جەختیشیكردەوە: ئەوەی لەتوانایاندابێت لەڕووی ماددی و مرۆییەوە دەیخەینەگەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و كەمتەرخەمی لە هیچ لێپرسراوێك قبوڵناكرێت و لەو رووەشەوە دەسەڵاتی تەواو دراوە بەسەرجەم پارێزگارەكان.

هاوكات داوای لێبووردنیشی لەو هاووڵاتیانە كرد كە لە ئێستادا خراونەتە ژێر چاودێرییە و وتی: ئەو دۆخە لەدەرەوەی خواستی ئێمەیە و بۆ بەرژەوەندی گشتییە.

هاوكات دكتۆر سامان حسێن بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند: لە ئێستادا هەزار و 734 كەس لە ئێران گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم و لەژێر چاودێریدان، هاوكات بە قەبارەی سەد و 70 قەرەوێڵە لە 12 شوێنی تایبەتی نەخۆشخانەكانی هەرێم بۆ چاودێری ئەو كەسانە تەرخانكراوە كە گومانی ڤایرۆسەكەیان لێبكرێت.

راشیگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 14 كەس پشكنینی ڤایرۆسەكەیان بۆ كراوە و لەو رێژەیەش خۆشبەختانە 11 كەسیان تووشی ڤایرۆسەكە نەبوون و سێ كەسەكەی دیكەش تا ئێستا ئەنجامی پشكنینەكانیان دەرنەچووە.

وەزیری تەندروستی وتیشی: لە ئەمڕۆوە 14 تیمی پزیشكی پشكنین دانراون بە ئامێری تایبەت پشكنین ئەنجامدەدەن.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket