riklam

یەكێتی زانایان: كۆبوونەوەو بۆنە كۆمەڵایەتییەكان سنوردار بكرێن

کوردستان 03:12 PM - 2020-02-26
.

.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لەبارەی كۆرۆناوە لە راگەیەنراوێكیدا دەڵێت: كۆرۆنا بەراورد لەگەڵ نەخۆشییەكانی دیكە هێندە ترسناك نییە، بەڵام پێویستە هەموو گردبوونەوەی پرسەو بوك گواستنەوەو تەواوی كۆبوونەوەكانی بۆنە كۆمەڵایەتی و هونەری و تەواوی بوارەكانی دیكە سنووردار بكرێن. 

 

پەیامێك لە یەكێتی زانایان دەربارەی خۆپاراستن لە نەخۆشی كۆڕۆنا

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

{وَعَلَي اللَّهِ فَتَوَكَّلُوا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ}

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكانی تایبەت بە نەخۆشی كۆڕۆنا لە چەند وڵاتێكی دراوسێ و هەوڵەكان بۆ رێگرتن لەم نەخۆشییە، بەپێویستی دەزانین چەند بەرچاو روونییەكی شەرعی بدەینە بەر دیدی هاووڵاتیانمان بەمەستی خۆپاراستنی زیاتر لە هاتنی ئەم نەخۆشییە.

سەرەتا پێویستە هاوڵاتیانی كوردستان بەپشتبەستن بەخوداو ورەیەكی بەرزو بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بكەن، چونكە لەلایەكەوە بە بەراورد لەگەڵ نەخۆشییەكانی دیكە، هێندە ترسناك نییە، هەروەها سوپاس بۆ خودا تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لە كوردستان تۆمارنەكراوە، بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی ترس و تۆقان لەسەر ئەم بابەتە بڵاودەكەنەوە بۆ قازانجێكی بازرگانی ماددی یان هەر شتێكی دیكە دەكەونە ژێر بەرپرسیارێتی بەرامبەر خوداو مرۆڤایەتی، بۆیە پێویستە راگەیاندنەكان بەتیڤی و رادیۆو نووسین و هەموو ئەوانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شت بڵاودەكەنەوە، دووركەونەوە لە شڵەژاندنی كۆمەڵگا.

لە هەمان كاتدا وەك هەوڵێكی خۆپارێزی پێشوەختە، داوا لە هاووڵاتیانمان دەكەین بە چاكی پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بن، چونكە باشترین رێگەچارە گرتنەبەری رێكارە تەندروستییەكانە. لە هەمان كاتدا پێویستە تا ئەو ماوەیەی ئەو بابەتە كۆتایی دێت، هەموو گردبوونەوەی پرسەو بوك گواستنەوەو تەواوی كۆبوونەوەكانی بۆنە كۆمەڵایەتی و هونەری و تەواوی بوارەكانی دیكە سنووردار بكرێن، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە مسوڵمانان دەكەین بە دڵێكی گەورە مامەڵە لەگەڵ بابەتەكانی وەك پرسەو هاوشێوەكانی بكەن، گلەیی لە خەڵك نەكەن.

لە هەمووشی گرنگتر ئێمە مسوڵمانان هەمیشە پشتمان بەخوای گەورە بەهێزەو، بەورەیەكی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە دەكەین، چەكی ئێمە شانبەشانی رێكارە تەندروستییەكان، دوعاو پاڕانەوەو بەخۆداچوونەوەیە بەرامبەر خوداو خەڵك، بەئومیدی ئەوەی خوای گەورە وڵاتی ئێمەو تەواوی مرۆڤایەتی لەو نەخۆشییە بپارێزێت و شیفای نەخۆشەكانیش بدات.

 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

 

٢٦/٢/٢٠٢٠

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket