له‌یادی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لاندا

له‌یادی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لاندا


15/2/2020 14:39:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

21 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر ڕفاندن‌و ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دا.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ناسراو به‌ئاپۆ، له‌ به‌رواری 4-4-1949  له‌گوندێكی سه‌ر به‌پارێزگای ئورفه‌ی باكوری كوردستان له‌خێزانێكی جوتیاری هه‌ژار له‌دایكبوه‌.
عوسمان ئۆجه‌لان سیاسه‌تمه‌دارو برای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان باسی له‌وه‌كردوه‌،" ئۆجه‌لان به‌منداڵی كه‌سێكی جیاواز بووه‌ له‌منداڵه‌كانی دیكه‌، كاتێك له‌گوند ده‌ژیاین ده‌یویست له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ناو ژیانی گوند ده‌ركه‌وێت و پێشبكه‌وێت".


باسی له‌كاریگه‌ری زانای ناوداری كورد سه‌عید نورسی (بدیع الزمان) به‌سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ كردووه‌و وتویه‌تی:" زاناو فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ئایینی ئیسلام سه‌عید نورسی كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر ژیانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ هه‌بووه‌و له‌ڕووی ئایینیه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ربووه‌ به‌و كه‌سایه‌تییه‌"، هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان له‌رێگه‌ی مه‌لای گونده‌وه‌ خوێندویه‌تی و په‌رتوكی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی ده‌خوێنده‌وه‌.


عوسمان ئۆجه‌لان باسی له‌ژیانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆریان به‌سه‌ر ئاینی ئیسلامه‌وه‌ هه‌بووه‌و باسی له‌وه‌كردووه‌، باوكی له‌منداڵیه‌وه‌ له‌نێو ئیسلامدا گه‌وره‌ بووه‌و هیچ كاتێك نه‌بووه‌ كه‌ نوێژی بچێت، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی باوكم بوو وای له‌ئۆجه‌لان كرد كه‌ كاریگه‌ر بێت له‌سه‌ر ئاینی ئیسلام و هه‌تا ته‌مه‌نی 11 ساڵی هاتووچۆی مزگه‌وت بكات و دواتر كه‌ رۆیشت بۆ ئه‌نكه‌ره‌ ژیانی له‌ ئاینییه‌وه‌ بۆ ژیانی سیاسی گۆڕا.

1.jpg

باوكی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دوو ژنی هه‌بووه‌و له‌ ژنی یه‌كه‌می كچێكی هه‌بووه‌و له‌ژنی دووه‌میشیان سێ منداڵی بووه‌، به‌وته‌ی عوسمان ئۆجه‌لان، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سێیه‌م منداڵ ده‌بێت و ماڵه‌وه‌ زۆر پێیان خۆش ده‌بێت، دایكیان كه‌سێكی زیره‌ك و بوێر بووه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا بووه‌ له‌ماڵه‌وه‌دا، زۆر هاریكاری ئۆجه‌لان بووه‌و هه‌میشه‌ پشتگیریكردووه‌.رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی جه‌بین و قۆناغی ئاماده‌یی له‌ نیزیب ته‌واوكردووه‌، ئۆجه‌لان له‌ ساڵی 1966 خوێندنی پیشه‌یی له‌ بواری رووپێوی به‌ كۆتاهێناوه‌. ساڵی 1970 له‌ كۆلێژی مافی زانكۆی ئیستانبول‌ وه‌رده‌گیرێت، هاوكات ساڵی 1972 ده‌چێته‌ كۆلیژی زانسته‌ سیاسییه‌كان.ئۆجه‌لان له‌ كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، تێكه‌ڵی كاری سیاسی ده‌بێت و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ له‌ ریزی چه‌پی توركیدا چالاكی سیاسی ده‌كات و به‌ هۆی به‌شداریكردنی له‌ مانگرتنێكدا، ساڵی 1972 بۆ ماوه‌ی 7 مانگ زیندانی ده‌كرێت.
سالانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ، ئه‌وكاته‌ی عه‌بدولا ئوچ ئالان له‌ ئه‌نكه‌ره‌ خوێندكاری زانكۆ بوو ، باوكی هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێ ده‌گات كه‌ كوڕه‌كه‌ی خه‌ریكی سیاسه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ كۆڕوكۆمه‌ڵه‌ چه‌پ و سۆشیالیست و كۆمۆنیسته‌كان ده‌ستی تێكه‌ڵ كردووه‌ . ئه‌م هه‌واڵه‌ باوكی ده‌شڵه‌ژێنێت و نیگه‌رانیه‌كی قوڵ دایده‌گرێت . كه‌ عه‌بدوڵا به‌سه‌ردان دێته‌وه‌ ، باوكی زۆر لێی توره‌ ده‌بێت و پێی ده‌ڵێت : به‌هیچ جۆرێك توخنی ئه‌و ماركسیانه‌ نه‌كه‌وێت ، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی زۆر بێڕه‌حمانه‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن . گه‌ر لێیانه‌وه‌ نزیك بیت ، مه‌رگ و زیندان چاوه‌ڕێته‌! دوو سالِێك دواتر باوكی ده‌بیستێت كوڕه‌كه‌ی باسی ” كورد ” و ” كوردستان ” ده‌كات . ئه‌مجاره‌ كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا ” جه‌میل بایك ” به‌ نیگه‌رانیه‌كی قوڵه‌وه‌ پێی ده‌ڵێت :ئامان ده‌بیه‌ ماركسی ، چه‌پ ، سوشیالیست ، كۆمۆنیست و… هه‌رچی ده‌كه‌ی بیكه‌ ، به‌ڵام باسی كورد و كوردستان نه‌كه‌یت ! گه‌ر پێت بزانن ، نه‌ك هه‌ر هی خۆت ، به‌ڵكه‌ پێستی سه‌ری من و ئه‌وانه‌ش لێده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌خوێی چێشت پێمان ده‌گه‌ن ، له‌ وه‌ڵامدا ئاپۆ روده‌كاته‌ باوكی و ده‌ڵێ :له‌م وڵاته‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا كورد بون سه‌خته‌ ، به‌ڵام ڕاكردن لێی نامه‌ردیه‌ ! من كوڕی تۆم و بڕیارم داوه‌ ئه‌و نامه‌ردیه‌ قبوڵ نه‌كه‌م ! پاشان روده‌كاته‌ هه‌ڤاڵ جه‌میل و ده‌ڵێ :باوكم له‌ زۆرێك ڕۆشنبیر و چه‌پ و سۆشیالیسته‌كانی توركیا باشتر حاڵی بووه‌ ، كه‌ پرسی كورد له‌ توركیا ، زۆر له‌ كۆمۆنیستبون حه‌ساستره‌ .


له‌نیسانی ساڵی 1973 دوای بێئومێدبوونی له‌ چه‌پی توركی و بێهه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر دۆزی كورد، یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی نهێنی پێكده‌هێنێ و بابه‌تی داگیركردن و پارچه‌كردنی كوردستان ده‌كاته‌ ته‌وه‌ری چالاكی سیاسی و گفتوگۆی نێو هاوڕێیانی. له‌ ساڵی 1975 ئۆجه‌لان به‌ ‌یه‌كجاری له‌ چه‌پی توركی جیاده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی رووی چالاكییه‌كانیان له‌ باكووری كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ش بوو، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ نهێنییه‌كه‌یان به‌ گرووپی ئاپۆچییه‌كان ناسرا.
زاراوه‌ی (ئۆجه‌لان) به‌مانای تۆڵه‌ستێن‌و هه‌روه‌ها (ئاپۆ)ش به‌مانای مامه‌ دێت.

ئۆجه‌لان زانسته‌ ڕامیارییه‌كانی زانكۆی ئه‌نقه‌ره‌ی ته‌واوكردووه‌و له‌ژیانی خوێندكاری زانكۆیشیدا چۆته‌ ژێر كاریگه‌ری بیروباوه‌ڕی سۆسیالیستی‌و به‌مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی، پاشان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ساڵی ١٩٧٨ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا (پارتی كرێكارانی كوردستان)یان - PKK دامه‌زراند.

دواتر له‌ساڵی 1984دا پارتی كرێكارانی كوردستان، شۆڕشی چه‌كداری له‌باكوری كوردستان هه‌ڵگیرساندو ئۆجه‌لان به‌رده‌وامبو, له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا تا ڕۆژی ده‌ستگیركردنی له‌ڕۆژی 15-2-1999 دا.

5.jpg

مام جه‌لال و ئۆجه‌لان وپرۆسه‌ی ئاشتی
په‌كه‌كه‌ له‌ ساڵی 1990 جگه‌ له‌ لوبنان چه‌ند بنكه‌یه‌كی له‌ ناوچه‌كانی شام له‌ سوریا كرده‌وه‌. عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش له‌ لوبنانه‌وه‌ به‌ره‌و شام گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستانی ده‌كرد. له‌ دوای هه‌وڵه‌كان بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكومه‌تی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بێت.

له‌ ڕۆژی 19ی ئازاری 1993 عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و مام جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ بوقاعی لوبنان كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌نووسیی به‌ڕێوه‌بردو له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ئاگربه‌ست ڕاگه‌یاندرا.

به‌پێی گفتوگۆكان بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كی كورد به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ به‌هێزترین پێشنیاز، پێشنیازی دامه‌زراندنی توركیای فیدرالی بوو. تورگوت ئۆزال هه‌شته‌مین سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ چه‌ند لێدوانێكدا باسی فیدراسیۆنی نێوان كورد و توركی كردبوو. له‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی گوماناوی تورگوت ئۆزال له‌ 17ی نیسانی 1993 كوژرا. ئاگربه‌ستی نێوان په‌كه‌كه‌ و حكومه‌تی توركیاش كۆتاییهات.

له‌ دوای ئه‌وه‌ی جه‌نگ له‌ نێوان سوپای توركیا و په‌كه‌كه‌ زیاتر له‌ جاران چڕبوویه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ده‌ستیان پێكرده‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌كه‌كه‌ له‌ ساڵی 1995 دا ئاگربه‌ست و له‌ ڕۆژی ئاشتیی جیهانی له‌ ساڵی 1996 ئاگربه‌ستێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌هۆی هه‌وڵی "تیرۆركردنی" عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ ڕێگه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌، ئاگربه‌سته‌كه‌ی 1996 كۆتاییهات. به‌هۆی گوشاره‌كانی توركیاوه‌ حكومه‌تی سوریا داوای له‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كرد خاكی ئه‌و وڵاته‌ به‌جێبهێڵێت و له‌ نۆی تشرینی یه‌كه‌می 1998 دا ئۆجه‌لان سوریای به‌جێهێشت.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -په‌كه‌كه‌، 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌پیلانگێڕییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییدا رفێندراو له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا له‌زیندانی دورگه‌ی ئیمرالی توركیا زیندانیی كراوه‌.

سه‌ره‌تای‌ پیلانگێڕییه‌كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1998 كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو سوریا تێكچوو، ئه‌نقه‌ره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌دیمه‌شق كرد كه‌ پشتگیریی په‌كه‌كه‌ نه‌كات‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی كرد دژ به‌دیمه‌شق.

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له‌شه‌ڕێكی قورس بگرێت كه‌ توركیا ده‌یویست له‌گه‌ڵ سوریادا له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ڵی بگیرسێنێت، ئۆجالان، بڕیاری به‌جێهێشتنی سوریایدا، بۆیه‌ ڕویكرده‌ یۆنان، به‌ڵام به‌هۆی فراوانی گه‌له‌گۆمه‌كه‌و فشاره‌كانی یۆنان داوای مانه‌وه‌ی ئۆجالانی‌ له‌و وڵاته‌ ڕه‌تكرده‌وه‌، دواتریش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست چووه‌ ڕوسیا، له‌وێش ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ی پێنه‌درا، دوای ئه‌وه‌ش چووه‌ ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا، به‌ڵام له‌وێش دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك ئیتاڵیاش مافی مانه‌وه‌ی پێنه‌دا.

بۆیه‌ ئۆجه‌لان ناچار بو جارێكی تر ڕو له‌ڕوسیا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ی پێنه‌دراو جارێكی دیكه‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ جێهێشت‌و ڕوی‌ له‌هۆڵه‌ندا كرد، له‌هۆڵه‌نداش ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ی پێنه‌دراو ڕاسته‌وخۆ گه‌رێنرایه‌وه‌ بۆ یۆنان، دواتر ئۆجالان ڕوی‌ له‌وڵاتی كینیا كرد.

ئۆجالان، له‌كینیا له‌ماڵی باڵیۆزی یۆنان ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌پیلانگیڕییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی‌و به‌گه‌له‌كۆمه‌ی وڵاتانی ئه‌مریكا، یۆنان، توركیاو ئیسرائیل‌و چه‌ندین ده‌زگای تری سیخوڕیی وڵاتانی دیكه‌ی ناتۆ، به‌فێڵ ڕه‌وانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی پایته‌ختی كینیا كراو له‌وێ له‌ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا له‌ 15ی شوباتی ساڵی 1999دا ئۆجالان ڕفێندراو به‌ فڕۆكه‌یه‌ك گواسترایه‌وه‌ بۆ توركیاو ڕاده‌ستی ئه‌و وڵاته‌كرایه‌وه‌.
پاش دادگاییكردنی‌، دادگای‌ توركیا سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ر ئۆجه‌لاندا سه‌پاند، دواتر سزاكه‌ی‌ گۆڕدرا بۆ زیندانیكردن.

6.jpg

 ژیانی زیندان و وه‌سێته‌كه‌ی ئۆجه‌لان
له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا،سری سووره‌یا ئۆنده‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی پارتی كوردیHDP له‌ توركیا باسی له‌ وه‌سیه‌تی ئۆجه‌لان كرد دوای مردنی و هه‌روه‌ها باسی له‌و سه‌ردانانه‌ كرد كه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا بۆ لای ئۆجه‌لان كردوویه‌تی.ئۆنده‌ر كه‌ توانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیا زیاتر له‌ 400 هه‌زار ده‌نگ له‌ ئیسته‌نبۆڵ به‌ده‌ست بهێنێت و یه‌كێكیشه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی ئۆجه‌لان زۆر متمانه‌ی پێی هه‌یه‌، به‌رده‌وام بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئۆجه‌لان بكات له‌ ئیمیراڵی.له‌ دیمانه‌یه‌كی دوو سه‌عاتیدا بۆ كه‌ناڵی CNNی تورك ئۆنده‌رده‌ڵێت ئۆجه‌لان له‌ ژوورێكی 15 مه‌تریدا گیراوه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژووره‌ مێزێكیان بۆ داناوه‌، ئه‌وكاته‌ی پارێزه‌ر و ئێمه‌ سه‌ردانمان ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌ گفتوگۆ مان ده‌كردئه‌و وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی شه‌وان زوو ده‌خه‌وێت و به‌یانییان سه‌عات 6 له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت و به‌رۆژیش خه‌رێكی خوێندنه‌وه‌ و نووسینه‌. زۆرجاریش به‌شه‌وان به‌ر نووستن سه‌یری هه‌ندێك پرۆگرامی سیاسی ده‌كات ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به‌ناوچه‌كه‌ و كێشه‌ی كورده‌وه‌".ئه‌و باسی له‌وه‌یش كرد كه‌ له‌ ئێسته‌دا ئۆجه‌لان تاكه‌ سه‌رۆكه‌ ده‌یه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی تری توركیا وه‌ك ئه‌و بیر ناكه‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت كێشه‌ بخه‌نه‌ ناو پرۆسه‌ی ئاشتی.

ئه‌و له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا به‌روونی باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و YPG یه‌ك نین و ناكرێت وه‌كو یه‌ك حزب لێیان بڕوانیت، چونكه‌ ئه‌وان دوو حزبی جیاوازن، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێی برای یه‌كترن، چونكه‌ هه‌ردوو پارت كوردن.به‌گوێره‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئۆنده‌ر كردی، ، كه‌ زۆرجار ئۆجه‌لان له‌ ئیمیراڵی پێی گوتووه‌ ئه‌گه‌ر مردم، له‌سه‌ر گڵكۆی مه‌زاره‌كه‌م بنووسن (مه‌یه‌ڵن هیچ لایه‌نێك هه‌ڵتان بخه‌ڵه‌تێنێ و ئێوه‌یش كه‌س مه‌خه‌ڵه‌تێن)

 

عبدوڵا ئۆجه‌لان من جیوه‌م
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌ به‌رگی نوێی زنجیره‌ كتێبی پرسی كورد و ڕێگه‌چاره‌ی نه‌ته‌وه‌یی- دیموكراتیكه‌كان"، چه‌ند یاداشتێكی سه‌ره‌نجڕاكێشی ژیانی خۆی بڵاوكردۆته‌وه‌.له‌ به‌شێكی كتێبه‌كه‌دا، ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به‌ منداڵیی خۆی، ده‌گێڕێته‌وه‌: "له‌ سه‌رده‌می منداڵیمدا له‌هاتوچوو و سه‌ردانیكردنی خزم و دراوسێكاندا زۆر بزێو و سه‌ركه‌ش بووم و جموجۆڵی منداڵیم زۆر بوو و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجی خه‌ڵكی گونده‌كانی ڕاده‌كێشا و له‌مباره‌وه‌ ڕسته‌یه‌ك له‌ بری من نه‌خشێندراوه‌ كه‌ كه‌سێكی به‌ساڵاچووی گونده‌كه‌ له‌ میوانییه‌ك پێی وتم، ئایا تۆ جیوه‌ له‌ جه‌سته‌ت كراوه‌؟ هه‌روه‌ك ده‌زانن جیوه‌ ماكێكی كانزایی زۆر بزێو و به‌جووڵه‌یه‌. من به‌ ڕاست وه‌كو جیوه‌ بزێو و پڕجووڵه‌ بووم. مه‌ندكردنی جیوه‌ له‌ دوورگه‌ی ئیمرالی، حوكمێكی زۆر قورس و تاقه‌ت پڕووكێنه‌."سه‌باره‌ت به‌ یه‌كه‌م نووسینیشی، ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ی له‌ ئاماده‌یی بووم، وتارێكم نووسی كه‌ له‌و كاته‌دا مامۆستای وێژه‌ و ئه‌ده‌بیات نمره‌ی ته‌واوی به‌و نووسینه‌م دا. نووسینه‌كه‌م به‌ سه‌ردێڕی (تۆ بۆ من ئه‌و ڕۆڵه‌یت كه‌ هه‌رگیز له‌ دایك نابێت). پێم وایه‌ له‌ ناخمدا ئامانجم له‌و نووسینه‌ گێڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی ڕۆژانی سه‌ختی منداڵیی خۆم بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناتوانێت نماینده‌ی هێزی من بێت بۆ به‌رگه‌گرتن له‌ زیندانی ئیمراڵی."له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌یدا، ئۆجه‌لان باسی درێژه‌پێدانی ژیانی خۆی ده‌كات پاش ئازاد بوونی له‌ زیندان و چۆنیه‌تی ژیان به‌سه‌ربردنی له‌و كاته‌ و هه‌روه‌ها شوێنی ژیانی.ئۆجه‌لان نووسیویه‌تی: "ئه‌و پرسیاره‌ كه‌ هه‌موو جارێك له‌باره‌ی ژیانی منه‌وه‌ باس ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئیمراڵی ئازاد بكرێم له‌ كوێ و به‌ چ شێوه‌یه‌ك ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌م؟ ده‌بێ بڵێم كه‌ من كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌یاڵاوی نیم. شێوازی ژیانی من هه‌ڵگری (ڕاستییه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه‌) و ئه‌م شێوازه‌ی ژیان به‌ ته‌واوه‌تی تێكه‌ڵی گیان و كه‌سایه‌تی من بووه‌. به‌ چاوخشاندنێك له‌سه‌ر ژیانی من له‌ سه‌رده‌می منداڵیم، له‌ شێوازی ژیانم پاش ئازادبوونم له‌ زیندان تێده‌گه‌ن."

7.jpg

سه‌رچاوه‌كان
1-عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان:-زنجیره‌ كتێبی "پرسی كورد و ڕێگه‌چاره‌ی نه‌ته‌وه‌یی- دیموكراتیكه‌كان"،
2-ئه‌نوه‌ر حسێن(بازگر):-عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان چۆن ده‌ستگیركرا؟ كێ‌ له‌ پشتییه‌وه‌ بووئه‌مریكا، ئیسرائیل، یۆنان، روسیا، توركیا، هۆڵه‌ندا، ئه‌ڵمانیا و كینیا،چۆن به‌شداری ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن؟
3-حه‌سه‌ن جودی:- به‌شێك له‌ ھه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی رێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانسه‌باره‌ت به‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی 15ی شوباتی 1999
4-چه‌ند دیدارێكی عوسمان ئۆجه‌لان ومحمد ئۆجه‌لان، برای عه‌بدولڵا ئۆجه‌لان له‌كه‌ناڵه‌ جیاوازه‌كان
5-كتێبی نهێنییه‌كانی مۆساد له‌ئاماده‌كردنی گۆردۆن تۆماس‌و وه‌رگێڕانی شه‌فیقی حاجی خدر
6-عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سایتی ویكیپیدیا

PUKmedia ئا/ كاوان ئه‌حمه‌د ساڵح هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

 

 

 

8.jpg

9.jpg

وێنە هەواڵ
  • image04
  • پۆلیسی هندستان به‌مشێوه‌یه‌ رێگری له‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن

  • image04
  • 27ی ئازار رۆژی جیهانی شانۆ‌

  • image04
  • لاهور شێخ جەنگی چارەسەری كەموكورتییەكانی نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ لە ئەستۆ دەگرێت

  • image04
  • پارێزگاری سلێمانی بۆ دڵنیابوون لەپابەندی هاووڵاتیان گەشتێك بەئاسمانی شاردادەكات

  • image04
  • كوڕەكانی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری رژێمی بەعس لەسەر قەڵای هەولێر

  • image04
  • لەهەولێر بۆ سۆنارێك بڕی 6 هەزار دینار وەرگیراوە

  • image04
  • سه‌رۆكی حكومه‌ت 25 ئۆتۆمبێل به‌دیاری ده‌داته‌ پۆلیسی هه‌ولێر

  • image04
  • بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خۆت و خێزانه‌كه‌ت له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنه‌ره‌وه‌ رێنماییه‌كان جێبه‌جێبكه‌


                                           

ترۆدۆ پیرۆزبایی نه‌ورۆز له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی ده‌كات


جه‌ستن ترودۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ، رۆژی 19-3-2020، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، پیرۆزبایی له&zw...


  كه‌نه‌دا.. له‌رۆژی جیهانی ژناندا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو
  دانیمارك..یادی ڕۆژی شەهید کرایەوە
                                           

%63ی شه‌هیدانی كوردستان له سنووری سلێمانییه‌


مافناس، ئه‌دیب له‌تیف محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی سلێمانی له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كوردستانی ...


  44 ساڵ لەمەوبەر کتێبخانەیەک سلێمانی روناککردەوە
  لاهور شێخ جه‌نگی: بۆ كۆنگره‌ له‌گه‌ڵ لێكتێگه‌یشتندام
                                           

با CPJ وردتر كار بكات

د. دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێك...


  حه‌فتاو سێ ساڵه‌ كورد بێ قازییه‌
  ته‌ندروستی سلێمانی داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌كات


کاریکاتێر