riklam

زمان ئێسقانی تێدا نیە

بیروڕا 01:11 PM - 2020-02-15
.

.

زمان ئێسقانی تێدا نیە بەڵام كۆمەڵگە دەكوژێت.......!!

 خوێندكارێكی زانكۆ لە تویتێكدا  ئاماژە بەوە دەدات و دەڵێت،  لە هۆڵی خوێندنمان خوێندكارێكی نوێ كە تازە ناوی خۆی تۆمار  كردبوو هاتە ژورەوە، ئەوەی جێگای سەرسامی و هەڵوێستە كردن بوو، خوێندكارەكە بەو وەرزی گەرمایە جوتێك جەزمەی لە پێدا بوو، لە نیوەی بەشەوانەكە، دكتۆری وانەبێژ پرسیاری لێكرد، ئەو جوتە جەزمەیە بەم هاوینە بۆ لە پێتدایە؟ 

وەڵامی خوێندكارەكە مامۆستاكەی توڕە و نیگەرانكرد، دكتۆریش دووبارەی كردەوە،  كەس هەیە  بەم هاوینە گەرمە جەزمە لەپێ بكات؟

هەموو خوێندكارەكانی ناو پۆلەكە دەستیان بە پێكەنین كرد، خوێندكاری خاوەن جەزمە زۆر بە نەرمی و لەسەرخۆ هەستایەوە سەرپێ و پێی وتن، خوا ناز و نیعمەتی زۆری پێداون، بەڵام جوانی  و هۆشی لێسەندوونەتەوە، خوێندكارەكان هەمویان بەدەم پێكەنین و  جۆرێك لەسەرسوڕمانەوە هەستانەوە و دكتۆریش زیاتر توڕە بوو نیازی وابوو سزای بدات.

قوتابیەكە زانی دكتۆرەكە ئاگای لە وردەكاری ئەو نیە و  سزای دەدات ،  بۆیە لەسەر كورسیەكەی هەڵستایەوە و پانتۆڵەكەی بەرزكردەوە و هەردوو قاچە  دەستكردەكانی نیشاندان كە بە جوتە جەزمەكە پێیەكانی شاردبۆوە، لەگەڵ بینینی ئەو دیمەنە سەرسوڕهێنەرە دكتۆرەكە زۆر  بە پەشۆكاوی  تێی روانی و  بەشەوانەكەی راگرت و چاوەكانیشی پڕ فرمێسك بوون.

ئینجا خوێندكارەكە وتی ئەگەر هۆكارەكان هەرچی بن گاڵتە بە بەرامبەرەكانتان مەكەن و لەوە زیاتر تێمەپەڕێنن، پێش ئەوەی عەیبی  خەڵك ببینن عەیبەكانی خۆتان ببینن،ناشرینترین رەوشتیش ئەوەیە كاتێك  عەیبەیەك لە بەرامبەرەكەت ببینی لە بری ئەوەی بەخۆی  بڵێی هەموو دەوروبەرەكەی  لێ تێبگەیێنی، 

تا ئێرە چیرۆكی ئەو خوێندكارە كەمئەندامە و وتە زۆر كاریگەرەكانی بوو،منیش وایدەبینم  هیچ كەسێك نیە لەسەر ئەم زەمینە عەیار 24 بێت، واتە لە هەموو روێكەوە  بێ كەموكوڕی بێت، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیە، دەبێت كەموكوڕیەكان لە هەر روێكەوە، جەستەیی، هۆشی، یان بوارێكیتر بێت بە ئاسایی وەربگیرێت و وەكو كەسێكی كامڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت،

ئەوەی مایەی هەڵوەستە كردنە، لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا هاوسەنگانە مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتانە نەكراوە بگرە دەیان ناو و ناتۆرەشیان لێنراوە، ئەمە لە كاتێكدا دەبینین زۆربەی ئەو كەسانە لە روی زیرەكی و زهنی زۆر  عاقلمەند و ژیرن، ئاستێكی بەرزیان لە زانست و مەعریفەتدا بەدەستهێناوە،

ئەوەی لە لای من بۆتە پرسیار ئەوەیە، بۆ ئێمە نەمانتوانیوە كلتوری (( لە بری ئەوەی قسە لەسەر یەكتر بكەین، قسە لەگەڵ یەكتر بكەین))پیادە بكەین كە لە بنەڕەتدا ئەو مەبدەئە لە هەڵسوكەوتكردن لە ناو كۆمەڵگە پێویستە  بۆ ئەوەی حاڵەتێكی تەندروست لە مامەڵە كردن  لەگەڵ یەكتردا بێتە كایەوە، راستیەكەی بەرجەستەبوونی ئەو واقیعە نەرێنیە بۆ پرۆسەی پەروەردە دەگێڕمەوە،چونكە زیاتر بەلای فێركردندا شكاوەتەوە نەك پەروەردەكردن 

مخابن دوای ئەو هەموو هەڵكشان و داكشانەی جیهان و مافی مرۆڤ و مافی منداڵ  تا هەنوكەش هەر بەو شێوەیە، هێشتا زۆربەمان باوەڕمان بەوە هەیە لە بازنەی یەكەمی خوێندن دەرنەچون  و لە هەموو قۆناغەكانیش توندو تیژی جەستەیی و دەرونی هەبێت، ئەوەیە وایكردووە نەریتی ناو و ناتۆرە و توانجگرتنی بێ بنەما و رێزنەگرتن لەوانەی كەموكوڕیان هەیە بەردوام بێت بڕوام وایە ئەوە نەریتێكی كوژەكە و لێكەوتەی زۆری دەبێت، ئەو وتەیەش زۆر راستە كە دەوترێت (( زمان ئێسقانی تێدانی بەڵام كۆمەڵگە دەكوژێت))

عەبدولواحید محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket