riklam

لە هەولێر ٣٠%ی كارەبای نیشتیمانی دەدزرێت

ئابوری 10:06 PM - 2020-02-13
.

.

زیادەڕۆیی و ڕاكێشانی نایاسایی كارەبا لە هەولێر وەزارەتی كارەبا تووشی شۆك دەكات و سمپڵی ئاشكرابوونەكە لەسەرووی چاوەڕوانییەوەیە و نزیكەی 13 هەزار سەرپێچی ئاشكرا كراوە و تەنیا 157 ماڵ سزا دراون، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە زۆربەی سەرپێچییەكانی كارەبا بەرپرسی باڵا و دەستڕۆیشتوون.

 

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە كارەبای هەولێر دەستی كەوتووە، زیاتر لە 12 هەزار سەرپێچی و زیادەڕۆیی لەسەر هێڵەكانی كارەبا لابراون، كە سەرپێچیكاران خۆیان لە وادەی دیاریكراوی مۆڵەتی لابردنی زیادەڕۆییەكان بڕیویانە، كە 7 هەزاریان لەو شوێنانە بوون كە بەبێ مۆڵەت كارەبایان ڕاكێشاوە و 5 هەزاریشیان سەرپێچییان كردبوو، هەروەها 300 كەس سەرپێچی و غەرامەیان بۆ كراوە، كە ئاشكرابوون كارەبایان بە فێڵ و نایاسایی ڕاكێشاوە.

 

حسێن حەمە قادر، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״زیاتر لە 517 هەزار هاوبەشی كارەبا لە پارێزگای هەولێر هەن، كارەبای ئەو كەسانەی كە بە نایاسایی ڕاكێشراون و فێڵیان لە حكومەت كردووە دەبڕدرێن، سزای ئەو كەسانەش دەدرێت.״

 

״ئەوانەی كە شوێنی بازرگانین بڕی 200 هەزار غەرامە دەكرێن و پارەی دوو ساڵ كارەباشیان لێ وەردەگیرێت بە شێوەی خەمڵاندن بۆ ئەو پێوەری كارەبایە كە چەند كارەبا سەرف دەكات.״

 

غەرامەی ماڵان بۆ زەیادەڕەویی كارەبا بە 60 بۆ 120 هەزار دینار دیاری كراوە و دووكانیش 200 هەزار دینارە.

 

بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر بە ״ئاژانس״ی وت: ״غەرامەی ماڵ 60 بۆ 120 هەزار دینارە و بە هەمان شێوە خەمڵاندن بۆ ماڵێك كە لە ماوەی دوو ساڵ چەند كارەبای سەرف كردووە ئەوەندە پارەشیان لێ وەردەگیرێت، كە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، پشكنین بۆ هەزار و 600 ماڵ كراوە لەو ژمارەیە 300 ماڵیان ڕاكێشانی كارەباكەیان نایاسایی بووە.״

 

بە گوێرەی خەمڵاندن بۆ ئەو 300 ماڵەی ئاشكرا بوون و بە نایاسایی كارەبایان ڕاكێشاوە، ئەوا كۆی غەرامەكەیان دەگاتە ١٨ ملیۆن بۆ 36 ملیۆن دینار و تا ژمارەی سەرپێچیكار ئاشكرا بێت، بڕی غەرامەكەش زیاد دەكات.

 

״شێوازی ڕاكێشانی كارەبای نایاسایی زیاتر لە جۆرەكانی  نەبەستنی پێوەری كارەبا، خاوكردنەوەی پێوەری كارەبا، ڕاكێشانی كارەبا لە پشتەوەی پێوەرەكەوەن، هەندێك ماڵ دەستكاریی پێوەرەكەی كردووە و وەستاوە، یان لەگەڵ ماڵی دراوسێیەكی ئاڵوگۆڕی كارەبایان كردووە و كارەباكانیان جیایە، یان ڕاكێشانی كارەبا لە فەرمانگە حكومییەكانەوە، ئەمانە هەموو ئەو شێوازانەن كە كارەبایان پێ ڕاكێشراوە و دزی دەكرێت لە كارەبای نیشتیمانی״، بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر وای وت.

 

زیاتر لە 20%ی كارەبای نیشتیمانیی هەرێم بە هۆی زیادەڕۆییەوە دیار نامێنێت و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات كە دەستڕۆیشتووەكان زیادەڕۆیی دەكەنە سەر كارەبا.

 

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سورشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دەبوایە زووتر هەوڵی چارەسەری زیادەڕۆیی سەر كارەبا بدرایە و سزای ئەوانە بدرێت كە زیادەڕۆییان كردووە، چونكە زیاتر 20%ی كارەبای هەرێم بەو هۆیەوە دیار نامێنێت.״

 

״ئەو شوێنانەی كە بە نایاسایی كارەبایان ڕاكێشاوە، كەسانی دەستڕۆیشتوو و باڵادەستی ئەم هەرێمەن، بۆ ماڵ و ڤێللاو باخ و كۆمپانیا و كارگەكانیان دەبەن، كەمترینیان خەڵكی ئاسایین و نزیكەی ٤٠%ی كارەبای هەرێم دیار نامێنێ، كە ٢٠%ی بە هۆی ڕاكێشانی بە نایاسایی و دانەنانی پێوەرەوەیە و ٢٠%یش لە كاتی گواستنەوەی هێڵەكان ون دەبێت״، شێركۆ جەودەت وای وت.

 

پارێزگای هەولێر 517 هەزار هاوبەشی كارەبای هەیە و لە وەرزی زستان خواستی كارەبا دەگاتە 2 هەزار و 700 مێگاوات، بەڵام تەنها هەزار و 200 مێگاواتی بۆ دابین دەكرێت، لەو ڕێژەیەش ٣٠%ی بە هۆی ئەو ڕاكێشانە نایاساییانەوە سەرف دەبێت.

 

نافیز ناوپردانی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە ״ئاژانس״ی وت: ״دیارنەمانی كارەبای هەرێم هۆكارە سەرەكییەكەی ڕاكێشانی نایاسایی و لە پشت پێوەر و بەبێ پێوەرە بۆ كارگە و دووكان و ماڵەكان، چەندین جۆر فێڵ كراوە و زیاتر لە ٣٠%ی كارەبای هەولێر دیارنامێنی.״

 

״نابێت جیاوازی بكرێت لە نێوان ماڵی خەڵكی ئاسایی و بەرپرسان، دەبێت دەست ببرێت بۆ هەموو ئەو نایاساییانە، چونكە زۆربەی كەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو كارەكەیان كردووە״، ناوپردانی وای وت.

 

بڕیارە ئەم هەڵمەتە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمیش بگرێتەوە و بەشێكی كارەبای نیشتیمانی بگەڕێتەوە و لۆد كەم بكرێتەوە وەك چۆن لە مانگی 12ی ساڵی پارەوە هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕۆ لە هەولێر دراوە و ئاگاداری هاوبەشەكان كراوە و لە 2ی مانگی 1ی ئەمساڵیشەوە قۆناغی دووەم كە بڕینی كارەبا بوو لە لایەن پارێزگاری هەولێرەوە دەستی پێ كرد.

 

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی ئەو سامپڵەی لەم چەند ڕۆژە لە هەولێر دەستكەوتووە، زیادەڕۆیی و فێڵكردن لە ڕاكێشانی كارەبا زۆر زیاترە لەوەی كە چاوەڕوانمان دەكرد، چونكە پێشتر پێشبینیی دەكرا 20%ی كارەبا بە هۆی ڕاكێشانی نایاساییەوە دیار نەمێنێ، ئێستا ئەو ڕێژەیە دەگاتە 30% و هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی كارەبا هەموو پارێزگاكان دەگرێتەوە.״

 

بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3700 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لە كاتێككدا پێویستیی هەرێم گەیشتووەتە 6800 مێگاوات كارەبا.

 

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket