riklam

ژنانی گازگرو خوێنمژی داعش

جیهان 09:08 PM - 2020-02-13
.

.

داعش لەسەروبەندی هێرشكردنە سەر بەشێك لەخاكی عیراق و سوریا، حكومەتێكی بەناوی خەلافەتی ئیسلامی دامەزراند، كەلەسەر بنەمایەكی تایبەت بەخۆیان ئیدارەی ئەو شوێنانەیان دەدا كە  لەژێر دەسەڵاتیاندا بوون، بۆ ئەوەش هێندەی دەیانەویست بەتوندوتیژی دەسەڵاتەكەیان قەبە بكەن و دەست  بەسەر ناوچەو خەڵكی زیاتر بگرن، هێندە لەچوارچێوەیەكی جیاوازتردا كاریان نەدەكرد.

 

پۆلیسی ژنان" ژنانی خوێن مژ" 

 وەك چۆن پۆلیسی پیاوانیان هەبوو،ئەوهاش پۆلیسی ژنیان هەبوو، كەتایبەت بوون بە كاروباری ژنان چ لەزیندان چ لەناو شارو ژیانی رۆژانە رۆڵیان پێدەدراو  تەنانەت دەسەڵاتی كوشتن و بڕیارو سزادانیشیان پێ سپێردرابوو، لەئێستادا بەشێك لەو ژنانە لەلایەن شەڕڤانانی كوردو هێزەكانی ئەمریكاوە لە كەمپی ئەلهول كۆكراونەتەوەو دەستبەسەرن، چاوەڕوانی چارەنووسێكی نادیار دەكەن،

 

پەیامنێری كەناڵی ئەلجەزیرە كۆمەڵێك دیداری لەگەڵ ئەو ژنانەی كەلەناو ریزەكانی داعشدا لە پۆلیس حەسبەو بەشەكانی تر رۆڵیان هەبووە، دیداری كردوە، كەهەر یەكەیان بەشێوەیەك چیرۆكە مەترسیدارەكانیان دەگێڕنەوە.

 

عائیشە 

" ناوی من عایشەیە، پێیان دەوتم ئوم كاكا، چوومە لای داعشیەكان و دۆخی خۆمم بۆ باسكردن، باوكم كوژرانی داعش بوو، لەریزەكانی داعش جەنگابوو، دواتر كوژرا، ئیتر دەستم كرد بە پڕكردنەوەی مامەڵەو هەموو شتێكم تەواوكرد، دەبوو بەشداری خول و مەشقی قورئانیت بكردایە، بۆ ماوەی سێ مانگ دەبوو قورئان فێر ببیت، بەشێك لەو ژنانە خوێنەواریان نەبوو، بۆیە لێیان دەدراو توندوتیژیان بەرامبەر دەكرا تاكو فێربن، هەیانبوو هەر فێر نەبوو".

 

" لەناو مزگەوتدا هەر ژنێك 30 بۆ 40 ژنی فێری قورئان دەكرد، توانیم لەو ماوەیەدا خۆم فێری قورئان بكەم و دواتر چوومەوە بۆ ماڵەوە، تاكو دوای چەند رۆژێك دوو پیاو هاتن و پێیان وتم كە وەرگیراوم". 

 

" دواتر دەست بەكاربووم ئێمە 10 پۆلیسی ژن بووین، دووانمان بەئۆتۆمیڵێكی پیك ئاب، بەناو شاردا دەسوڕاینەوەو هەشتەكەی تریش لەناو زیندان دەبوون بۆ ئەوەی ئەشكەنجەو سزای ئەو ژنانە بدەن كە سەرپێچی یاساكانی داعش دەكەن، پێیان دەوتین بەهیچ شێوەیەك بەدەستی خاڵی نەیەنەوە، رۆژانە 30 بۆ 40  و لانی كەم 10 بۆ 20 كەسمان ئەهێنایەوە، دواتر ئەشكەنجە دەدران و تاكو ئەو جۆرە جلانە نەكڕن كە داعش هێناویەتی و كردویەتی بەیاسا ئازاد نەئەكران، تەنها مەبەستیان فرۆشتنی جلەكانیان بوو". 

 

" زۆر حاڵەتی ناخۆش و توندوتیژیم لەو ماویە بەدی كرد، ناخۆشترینیان ئەوەبوو رۆژێك لەژنێك درا، كە كەڕو لاڵ بوو، لەكاتێكدا دەیانزانی كەڕو لاڵە بەڵام بەتوندی لێیان دەداو ئەشكەنجەیەكی زۆریان دا، جارێكیان ژنێكی دوو گیان لەگەڵ دایكی بەخێرای بەرەو نەخۆشخانە دەچوون، تەنها لەبەر ئەوەی دەموچاوی نەپۆشیبوو دەستگیریان كردو لەناو بنكەی پۆلیس هێندەیان لێدا منداڵەكەی لەبارچوو".

 

" ئەگەر كەسێك  دەموچاوی  یان دەستی بەدەشتەوە بوایە دەستگیر دەكرا، یان بە تەنیا سواری تەكسیەك بوایە، دەبوو یان باوك یان برایەكی لەگەڵ بوایە كاتێك لەماڵەوە دەهاتە دەرەوە، ئەگینا دەستگیر دەكرا".

 

" شۆڕدنەوەی مێشك هەبوو لەزیندانەكان، ئەو ژنانەیان ناچار دەكرد بچنە ریزەكانی داعشەوەو لەگەڵ پیاوەكانیان شەڕبكەن و روبەڕووی دژومن ببنەوە، یان بەڕێوبەری پۆلیس دەهاتە زیندان و هەر كچ و ژنێكی بەدڵبوایە پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ دەكرد، یان بێوەكان ئەوانەی پیاوەكانیان لەریزەكانی داعش بوون و كوژرابوون چەكیان دەدرایەوەو بەبیانووی ئەوەی بكوژرێن دەچنە بەهەشت شەڕیان دەكرد".

 

" ژنانی داعش كێشانی جگەرەیان قەدەغە دەكرد، بەڵام خۆیان دەیان كێشا،  من خۆم جگەرەم بۆیان دەكڕی، خواردنەوە كحولیەكان قەدەغە بوون بەڵام ئەوان خۆیان دەیانخواردەوە، بۆ خۆیان ئازاد بوون بەڵام بۆ خەڵكی تر فەدەغە".

 

" ئەو كاتەی رەققە بۆردومان كرا، من دوور كەوتمەوە لەداعش، دواتر لەرەققە هاتمە دەرەوە، خۆم و منداڵەكانمان شارمان جێهێشت، ئێستا زۆر پەشیمان، گەورەترین هەڵەی من ئەوەبوو ژنانی بێتاوانم ئەشكەنجە دەدا".

 

یاسەمین 

"ناوی من یاسەمینە، لەنەخۆشخانەی منداڵان كارم دەكرد، هەر كە داعش و دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرت، ئیتر یاساو رێساو ویستی خۆیان كردە ئەرك بەسەر خەڵك، ئەوان عابایەكی تایبەت بەخۆیان هەبوو، كە دەمووچاوی دادەپۆشین و دەبوو بەوەشەوە كار بكەین، تەنانەت جانتاو پیڵاوەكانیشمان دەبێت رەش بوایە، هەموو شتێك لای ئەوان رەشبوو، لەكاتی كاركردندا هیچمان نەدەبینی، رۆژێك دوو گیان بووم، لە نۆمانگەی خۆمدا بووم، پۆلیسەكان گرتمیان و  برام بۆ بنكیە پۆلیسی داعش، نۆ دۆلار سزادرام، لەبەر ئەوەی عەبایەكەی ئەوانم لەبەر نەبوو، لەو كاتەشدا عەبایەكیان پێ كڕیم.

 

" كاتێك دەچووینە لای دوكاندارەكان بۆ شتكڕین، دەترسان دەیانووت خۆشكی بڕۆ لەگەڵ كەسێكی تر وەرەوە، ئێستا دەمانگرن، ئەوان لەهەموو شوێنێك هەواڵگریان دانابوو، كامێرای چاودێریان دانابوو، هەموو شتێكیان بۆخۆیان كۆنتڕۆڵكردبوو، رۆژێگ بێ ئەوەی كەسێك ببینم چوومە سەر بانی ماڵەوەی خۆمان، لەپڕ ژنێكی پۆلیسی داعش لەدەرگای داو، هاواری دەكرد" جادوگەری بێ رەوشت، ئێستا تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكەم بتبەن"، ئەو هەر لەدەرگای دەداو منیش نەمدەكردەوە، دەپاڕامەوەو داوام لێدەكرد بمبەخشێت ئیتر دووبارەی ناكەمەوە". 

 

" رۆژێكیان بۆ كڕینی خواردن بۆ بازاڕ دەچووم، لەوێدا چاوم بەئامۆزایەكم كەوت، دەست بەجێ پۆلیسەكان هاتن و دەستیان بەلێپرسینەوە كرد، پێم ووت ئەوە ئامۆزامە، ئەوانیش وتیان كەواتە برات نیە، لەبەر ئەوەی من لەنەخۆشخانە كارم دەكرد بەخشێنرام، بەڵام ئامۆزاكەیان بردم و 9 رۆژ زیندانی كردم".

 

ئوم فاروق 

من تەمەن 45 ساڵانە، ئەوكاتەی كەهەواڵ بڵاو بوویەوە كە داعش دێتە ناوچەكەمان و شەرعیەتی ئیسلامی هەڵگرتووە دڵمان خۆشبوو، وتمان لەپەنای ئەماندا خۆشگوزەرانی دێت و دڵمان خۆش دەبێت، بۆیە هەر زوو بەیعەتمان پێدان، هەر ئەوە نەبوو كە بەزمان بیڵێت، بەڵكو  دەچوونە دادگای تایبەت بەخۆیان  ولەوێدا كەسێك بەناوی ئەبو عومەر، لەوێدابوو، ئیتر پێم ووت: سوێند بێت براكەم لەگەڵ ئێوە دەبم و خیانەت ناكەم وچیتان بوێت بۆتانی دەكەین". 

 

داعش بەچەندین شێوە سزای ژنانی دەدا، كۆمەڵێك ژن هەبوون گازیان دەگرت، تەنانەت هەندێك جار هێندە گازیان دەگرت، تاكو زیندانیەكە رۆحی دەردەچوو، توندوتیژبوون، ژیان وەك زیندانێك وابوو بۆ ژنان، دەبوو هیچ شوێنێكی بەدەشتەوە نەبێت، پۆشتەو تەووای جلەكانیان رەش بێت، رۆژێك كچێكی 10 ساڵان بە پیچامەوە هاتبووە دەرەوە بۆ شت كڕین، پۆلیسەكان چوونە لایەوەو پیاوێكی سعودی، كەچەكداری داعش بوو،بەسەریدا هاواری كردو پێی ووت:" سۆزانی، بەم جلانەوە چی دەكەیت لەدەرەوە؟، باوك و دایكت نیە؟" منداڵەكە هێندە ترسا خۆی تەڕكرد.

 

 

رۆژێكیان وتیان دایكت هاتووە بۆلات، منیش بۆ ئەوە چووم دایكم ببینم، گوایە بۆ لای من هاتووەو دواتر ئەو ژنانەی چەكدارانی داعش كە دوو گیانن منداڵیان دەبێت و هاوكاریان دەكات، بەڵام وانەبوو، لەبەر ئەوەی داعش زیندانێكی هەبوو، كە ژنانی سەربازانی سوپای سوریایان تێدا بەند كردبوو، دەست درێژیان دەكردنە سەرو دوو گیانیان دەكردن، دواتر منداڵەكانیان لەبار دەبردن، دایكم بۆ ئەو كارە هاتبوو.

 

ئەوەی باسی دەكەم تەنها دیمەنێكی بچووكی توندوتیژیەكانی داعشن بەرامبەر بەژنان، داعش ژنانی وەك كۆیلە دەزانی.

 

PUKmedia  ئامادەكردنی " سامان یاروەیس" 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket