riklam

كەلار لەبارینی بەفر بێ بەشە

ریپۆرتاژ‌ 08:26 PM - 2020-02-13
.

.

لەماوەی هەفتەی رابردوودا شەپۆلێكی بەفربارین بەشی زۆری ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، تەنانەت بەشێوەیەك فراوان بوو كە شەپۆلێكی  گەروەی  لەسەرما بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لەكەلار بەفر نەباری، شارەزایەكی كەشناسی هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

 

هەوری بارین نایەتە سەر شارەكە 

سیروان ساڵەح شارەزا لەكەشناسی تایبەت بە PUKmedia ی راگەیاند: بەفربارینەكە زۆرینەی ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، تەنها ناوچەكانی گەرمیان بەتایبەت كفری و كەلار و خانەقین نەبێت.

وتیشی: هۆكارەكەشی پەیوەندی بەو هەورەوە هەیە كەلەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا هەبووە، كە هەوری بارین نەبووە، واتە ئەو شەپۆلە هەورەی لەسەر ئاسمانی كەلارو ناوچەكانی تری گەرمیان بووە، توانای بەفروبارانبارینی نەبووە، بۆیە جیاواز بووە لەو شەپۆل و هەورەی كەلەسەر ناوچەكانی تری كوردستان بووە.

 

نە گەرما گەرماو، نە سەرما سەرما

بەرەی حەز لەوەرزی زستان وهاوین بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێك لەخەڵكی شاری كەلار پێیانوایە هەرچەند هاوین گەرم بێت، لەم سەرما سەختەی زستان هەر باشترە، بەڵام بەشێكیان بێزارن و ئەڵێن زستان خۆشترە.

 

هیوا ئەحمەد، كەپیشەی مامۆستایە، لەوبارەیەوە دەڵێت: گەرمای هاوینی كەلارو  ناوچەكانی تری گەرمیان، بەڕاستی پڕوكێنەرە، دیارە ئەوەش پەیوەندی بەنەبوونی كارەبای نیشتمانی و هەروەها بەرزی ئاستی گەرماكە دەگەڕێتەوە.

ئەو مامۆستایە  باس لەوەشدەكات: زستان بەهەر جۆرێك بێت دەتوانیت خۆت بپارێزیت، تۆزیك جلی زۆر بكەیتەبەرت، یان سۆپایەك داگرسێنیت، كێشەكە چارە دەبێت، بەڵام بەڕاستی گەرمای ناوچەكە بەهیچ شتێك چارەسەر نابێت.

 

كارەباو گەرما بێزاری كردوین 

رێواز كەریم كەپیشەی فەرمانبەرە، بۆ PUKmedia ووتی: لەهاوینان جەوێكی زۆر بێزاركەرە، بۆنمونە خۆی گەرمە، كارەبا دێت و دەبڕێت، یان كاتێكیش هەیە  توانای ئەوەی نیە سپلێتەكان بخاتە كار، بەڵكو ئەویش هەر هەوا گەرمەكەیە، بەتایبەت ئەمە بۆ منداڵان زۆر  ناخۆشە، منداڵ بەرگەی ئەو كەشە ناگرێت.

جەختیكردەوە: تەنانەت لەماوەی ئەم چەندین ساڵەش حكومەت نەیتوانیوە پلانێكی باشی هەبێت خەمێكی خەڵكی ئەو ناوچەیە بخوات، كێشەی كارەبا هیچ نەبێت لەوەرزی هاوین چارەسەر بكات.

 

 

گەرما خەڵك توڕەدەكات

 دڵشاد ستار توێژەری كۆمەڵایەتی، لەبارەی گەرماو سەرماشەوە، چەند روونكردنەوەیەك دەخاتەڕوو، دەڵێت:" بەزۆری گەرمای زۆر كاریگەری بێزاركەری دەبێت لەسەر دەروونی تاك، نمونەیەكی سادە دێنمەوە، یان لەوانەشە هێندە سادە نەبێت، لەهاوینان رووداوی هاتوچۆ زیاتر دەبێت، خەڵكی زۆر نەخۆش دەكەون، لەبەر ئەوەی ئەو گەرمایە فشاری خوێنیان دادەبەزێنێت.

لەبارەی سەرماكەشەوە ووتی: سەرماكە خەڵكی دوو دڵ كردوە، لەبەر ئەوەی نەبەو گەرمای هاوینەو نەبەم سەرمای زستانەش، خەڵك نازانێت خۆزگە بەكامیان بخوازێت، بۆیە چێژ لەو دوو وەرزە وەرناگرن، تەنها نەخۆش نەكەون بەسە بۆیان.

 

ئەو توێژەرە باس لەوەش دەكات، بەشێك لەهاووڵاتیان بەهۆی نەخۆشی پێست و حەساسیەتیان لەگەڵ گەرما حەزیان لەهاوین نیە، بەشێكی تریشیان بەهۆی نەخۆشیەكانی ئێسك و چەند نەخۆشیەكی تر حەزیان لە زستان نیە.

 

خۆزگە لێرەش بەفر دەباری

ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی شاری كەلار، خۆزگە دەخوازن كە وەك شارەكانی تری كوردستان، لەكەلاریش بەفردەباری وسەروسیمای شارەكەیان بەسپێتی دەبینی.

كامەران ئەحمەد، لەوبارەیەوە وتی: خەڵكی خولیایان هەیە كە بەفر بارین لەكەلار ببارێت، بەشێكی دەیانەوێت ئەزمونی بینینی بەفر بارین بكەن، بەشێكیانیش گەنجن و دڵیان خۆشەو دەیانەوێت وێنە بگرن و شەڕە تۆپەڵ بكەن.

 

نەسرین رەشیدیش كە هاووڵاتیەكی خەڵكی كەلارە، دەڵێت: هەندێ لەخەڵكی بۆ بینینی ئەو دیمەنانەی بەفربارین دەچنە شارەكانی تر، یان لە بناری بەمۆو ناوچە شاخاوییەكان بۆخۆیان وێنە دەگرن و بەفر دەبینن.

 

PUKmedia سامان یاروەیس 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket