riklam

حكومەت بە بارمتە فشار دەخاتە سەر كۆمپانیا ناوخۆییەكان

ئابوری 01:44 PM - 2020-02-08
.

.

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای 740 ملیۆن دۆلار لەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە دەكاتەوە كە پێش قەیرانی دارایی بە قەرز پێی داون، بڕیاری وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەش وەبەرهێنەران نیگەران دەكات، بە تایبەت كە پرسی دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی كۆمپانیاكان بژاردەیەكی فشاری حكومەتە، هەرچەند قەبارەی بارمتەكە نیوەی قەبارەی قەرزە وەرگیراوەكەیە كە 320 ملیۆن دۆلار دەكات.

حكومەتی هەرێم 740 ملیۆن دۆلار قەرزی لای ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە و كار دەكات بۆ وەرگرتنەوەیان، وەكو ڕێكارێكی یاسایی پێدانی قەرز، لایەنی قەرزوەرگر دەبێت بارمتەیەكی موڵك دابنێت، بۆیە هەموو ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنانەی قەرزەكەیان لە حكومەت وەرگرتووە بارمتەیان داناوە و بە گوێرەی بڕیاری حكومەتیش هەر لایەنێك قەرزەكە نەداتەوە دەست بەسەر ئەو بارمتەیەدا دەگرێت، ئەندامێكی لیژنەی داراییش لە پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر كۆمپانیاكان ئەو پارانە نەگەڕێننەوە، حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر موڵكەكانیاندا بگرێت.

حكومەتی هەرێم پێش قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، قەرزی داوە بە كۆمپانیا و وەبەرهێنەكان بە مەبەستی گەشەكردنی لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام كاتی دانەوەی ئەو قەرزانە بە حكومەت تەواو بووە و كۆمپانیاكان ئەو پارەیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ حكومەت.

 

مەلا یاسین، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند: ئەو بڕیارەی حكومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە وەبەرهێن و كۆمپانیاكان، پێویستە هەموار بكرێتەوە و وەرگرتنەوەی قەرزەكان لە ڕێگەی ئیجرائاتی یاساییەوە نەبێت، كە ئێستا بارمتەكان سەرجەمیان موڵكن و لە مەترسیدان.

وتیشی: دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵكانەی كە وەك بارمتە دانراون لە لایەن حكومەتەوە، چەندین كۆمپانیا و وەبەرهێن مایەپووچ دەكات، چونكە هەندێك لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەكان بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكانیان تەواو نەكردووە.

سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی دەگەڕێـتەوە بۆ ساڵی 2014 كە حكومەتی عیراق ناردنی هەقبەشی 17%ی بودجەی هەرێمی ڕاگرت، بە هۆی چارەسەرنەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدا و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بۆیە حكومەت بەرلەوە لە ڕێی بانكەكانەوە قەرزی بە كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان داوە و تا ئێستا قەرزەكەیان نەگەڕاندووەتەوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەو قەرزە قەبارەكەی 740 ملیۆن دۆلارە و بەر لە قەیرانی دارایی لە حكومەت وەرگیراوە و لە بەرامبەریشدا بارمتەیان داناوە، كاتیان بۆ دیاری كراوە، بەڵام وادەكەی تەواو بووە و قەرزەكەیان نەگەڕاندووەتەوە.

ئەو قەرزانە هی ساڵانی پێش قەیرانی داراییە بە تایبەت ساڵانی 2010 تاكو 2014 كە بارودۆخی دارایی هەرێم باش بوو.

حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكەكانی هەرێمەوە كۆمپانیاكانی ئاگادار كردووەتەوە، لە سێ مانگدا حساباتی خۆیان بكەن كە ئەو قەرزە بدەنەوە بە حكومەت، بە پارە بێت یان موڵك، ئەگەر لەو ماوەیەدا هەر كۆمپانیایەك پابەند نەبێت بە دانەوەی قەرزەكان ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر حكومەت دەست بەسەر موڵكە بارمتەكاندا بكرێت زیانی پێ دەگات، چونكە تا دوو ساڵ ناتوانێت بیانفرۆشێت، بەو بارمتانەش بەهاكەی نیوەی قەرزەكەیە كە لە حكومەت وەرگیراوە، بۆیە حكومەت نیوە بە نیوە زیانی پێ دەگات، لەگەڵ ئەوەش نرخی موڵكەكان زۆر كەمی كردووە لەچاو ساڵانی پێش 2013، بۆیە وا باشترە حكومەت بەم شێوە كار نەكات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان.

مەلا یاسین وتیشی: ئەگەر وەبەرهێنێك بارمتەكەی بایی 10 ملیۆن دۆلار بووبێت، ئێستا كە حكومەت دەیخاتە موزایەدەوە، ٥ ملیۆن دۆلار دەكات، لە لایەك زیانە بۆ حكومەت و لە لایەكی تریشەوە كۆمپانیا و وەبەرهێنەكان مایەپووچ دەبن.

بە پێی زانیاریی یەكێتیی وەبەرهێنانی كوردستان، قەبارەی ئەو بارمتەی لای حكومەت نیوەی قەبارەی قەرزەكەی حكومەتە، بەو پێیە حكومەت 740 ملیۆنی بە قەرز داوە و قەبارەی 320 ملیۆن دۆلار بارمتەی وەرگرتووە، هەروەها لە ڕووی یاساییەوە حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر بارمتە دانراوەكانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكاندا بگرێت، لە بەرامبەر ئەو قەرزەی وەریان گرتووە.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی یاسا حكومەتی هەرێم دەتوانێت دەست بگرێت بەسەر ئەو موڵكانەدا كە وەك بارمتەی قەرز دانراون، بەڕێوەبەرانی گشتیی بانكەكانی هەرێم بانگ كراون بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و وەڵامەكە ئەوە بووە كە سێ مانگ چاوەڕێی كۆمانیاكان دەكەن بۆ گەرانەوەی ئەو پارەیە، ئەگەریش لەو ماوەیەدا ئەو پارە نەگەڕێتەوە حكومەت دەتوانێت ئیجرائاتی یاسایی دەست پێ بكات.

وتیشی: ژمارەی ئەو كۆمپانیایانە نازانرێت بە دیاریكراوی، بەڵام ئەو قەرزەی وەرگیراوە بە ناوی كاركردن و بەرەوپێشبردنی كەرتی وەبەرهێنانەوە بووە.

بە گوێرەی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 13ی یاسای چاكسازی كە لەم مانگە لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 76 پەرلەمانتار پەسەند كرا، حكومەتی هەرێم ڕێكاری یاسایی دەگرێتە بەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی كە لای كۆمپانیا و وەبەرهێنەكانە.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان وتی: لە پڕۆژەیاسای چاكسازیدا بە یاسا ئاماژە بە گەڕانەوەی ئەو قەرزانە كراوە، لە ڕووی یاساییەوە كاری لەسەر كراوە و ئێستا كاری حكومەتە میكانیزم و چۆنێتیی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە جێبەجێ بكات.

PUKmedia لە ئاژانسەوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket