riklam

هونەری کوردی بەرەو داڕمان یان هەستانەوە

ریپۆرتاژ‌ 11:36 AM - 2020-02-08
.

.

هونەرمەندانی کوردستان بە گشتی ئاستی هونەری کوردی بەرەو دابەزین دەبینن و پێیان وایە نەبونی ئاوازدانەر و خراپی سەقافەتی گوێگر و کەناڵەکانی راگەیاندن و نەبونی فیلتەر و هەڵسەنگاندنی هونەریش  هۆکاری سەرەکی داڕمانی هونەرن.

هونەر ناسنامەی هەموو نەتەوەیەکە و زمانێکی هاوبەشە کە هەموو گەلان کۆدەکاتەوە، کوالێتی و بەرزی هونەر پێناسەی ئەو نەتەوەیە دەکات کەتێیدا بەرهەمێکی هونەری بەرهەمدەهێنرێت، لە رابردودا هونەر لە کوردستان لە ئاسێکی بەرزدا بوو، کەتێیدا گەورە هونەرمەندانی وەک (حەسەن زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان و تایەر تۆفیق  و هەتا بگاتە ناسڕی رەزازی و مەرزییە فەریقی و مەزهەری خالقی و عەدنان کەریم ....هتد ) مێژوویان تۆمار کرد و بونە ناسنامەی کورد و هونەری ئەوان هەتا ئێستاش زیندووەو گوێگری بەردەوامی هەیە، بۆیە دەپرسین لە ئێستادا ئاستی هونەری کوردی بە کوێ گەیشتوە؟

بۆچی لەگەڵ بەرەو پێشچونی زانست و تەکنەلۆجیا ئاستی هونەر بەو شێوەیەی دەبینرێت بەرەو داڕمانە؟

ئایا هونەرمەندان گەشبینن بە ئاستی هونەر لە ئێستادا؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر لەم راپۆرتەدا دەخرێتە بەرچاو.

هۆکارەکە ویستی گوێگرە

82927381_10158213748749407_3493613036646694912_n.jpg

نیاز نوری نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لەسەر ئەم پرسە بەم شێوەیە بۆ PUKmedia دەدوێت: بەرزی و نزمی ئاستی ھونەر شتێکی ڕێژەییە و پەیوەندی بەئاستی گوێگرتن و ڕادەی کاریگەری گۆرانیەکان ھەیە لەسەر ھەست و ھۆشی گوێگر، ئەگەر بمانەوێت ھۆکارەکانی بزانین دەبێت توێژینەوەی زانستی بکەین لەو بوارەدا.

وتیشی: لەلایەکی دیکەوە کرانەوە بە ڕووی جیھان و زیاتر ئاشنا بوون بە میلۆدی نوێ کاریگەریەکی تری ھەیە، ئەمە وێڕای حەزی گەنجی ئێستا بۆ میلۆدییە باوەکان لەژێر کاریگەری جیھان بینی و دەرچوون لە شتە باوەکان و ھەوڵی گۆرانیبێژە نوێیەکان بۆ گەیشتن بە گوێگر لە ڕێی میلۆدی بیستراوی بیانی و وەرگیراو بە تەکنیکی دابەزینی ئەپی ھەرزان و بێ ماندووبوون، ئەوەشمان لەبیر نەچێت کەمی ئاوازدانەر و ھەوڵنەدانی موزیسیانانی ئێمە بۆ داپۆشینی ئەو بوارە و پێشکەش نەکردنی ئاوازی نوێ ھۆیەکی سەرەکیە.

نەبونی فیلتەر هۆکاری سەرەکییە

7.jpg

لەو بارەیەوە هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەمید بانەیی بۆ PUKmedia وتی: ئاستی هونەری کوردی بەرەو دوا دەچێت، ئەمەش بەهۆی نەبونی فلتەر و هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمە هونەرییەکان و نەبونی ئاستێکی جیاکەرەوە لەنێوان هونەری باش و خراپدا، هاوکات نەبونی رەخنەگری هونەری کە کەسانی شارەزا بن لە بواری هونەر، چ موزیک چ گۆرانی.

وتیشی: بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە حوکم بەدەست حزبەکانەوەیە و حزبەکانیش کەسی پسپۆڕی هونەرییان تێدا نییە کە بتوانن هونەر لەو داڕمانە بپارێزن، کەلەڕاستیدا ئەمە کاری حکومەتە، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمە هونەرییەکان هەیە.

هاوکات لەهەموو جیهاندا لە قۆناغی پەروەردەوە منداڵ پەروەردەی هونەری دەکرێت و مۆسیقا وانەیەکی سەرەکییە، کە لە ولاتی ئێمەدا بونی نییەو منداڵ لە نەشیدە وەتەنییەکان زیاتر فێری هێچ ناکرێن.

ناکرێت گروپ وفێرگەکان کەمتر بن لە کافتریاکان

83279106_2881618961858706_5098355338332078080_o.jpg

لەبارەی گەشبینی و رەشبینی بە ئاستی هونەر هونەرمەندی موزیکژەن نزار زێوێی هاوکات سەرۆکی گروپی موزیکی لوڕ بۆ PUKmedia دەڵێت: هەمیشە گەشەی هونەر پەیوەستە بە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵەوە، ئەگەر تەماشای ئەو ئاستە بکەین لەدابەزیندایە، خەریکە جەوهەری بابەتەکان نامێنێت، تەنها ڕوکەشێکەو وای لێهاتوە خەریکە ناوی ژیان دەگۆڕدرێت بۆ (سناپ)، ئێمەی کورد خاوەن شارستایەتێکی دێرینین ، ناکرێت لەشاری ڕۆشنبیریدا ژمارەی گروپ و فێرگەو شوێنە هونەریەکان بەئەندازەی 1/4 کافتریاکان نەبن.

وتیشی: بەگشتی دڵخۆش نیم ، هەرچەند هەوڵ هەیە بەڵام هێشتا کەمن، دەبێت سەرەتا ڕاگەیاندنەکان دید و سیاسەتی دروست بگرنەبەر سەبارەت بە هونەر بەگشتی و موزیک بەتایبەت، دواتر خودی هونەرمەندان ڕێز لەهونەر و ماندوبونی خۆیان و هاوڕێکانیان بگرن، هونەرەکەیان نەکەن بەکاڵایەکی بێ ئەرزش بۆ بازرگانی، دەبێ هەموان پشتی گەنجان بگرین و ڕێنمای دروستیان بکەین بۆ کارە هونەرییەکانیان، لەهەموی گرنگتر وەزارەتی ڕۆشنبیری پلانی خێرای هەبێت بۆ دەربازبونی هونەر لەم بێ شوناسییەی ئێستا.

زێوێی لەکۆتایی وتەکانیشیدا وتی: سەرەڕای هەموو ناگەشبینیم بەرامبەر ئاستی هونەر، دڵخۆشم بەهەنگاوە جوانەکانی کەسە دڵسۆزەکان و کەسانی دەوڵەمەند لە هونەر.

فەوزای هونەری رەخساوە

59929248_1569631586506141_1713329760806895616_o.jpg

هونەرمەندی موزیکژەن جەنگین جەمال ئەندامی گروپی موزیکی مەحوی لە وەڵامی پرسیاری PUKmedia دا وتی: ساڵانی پێشوو ئاستی هونەر زۆر باشبوو، بەداخەوە لە ئێستادا سەرەڕای ئەم هەموو تەکنەلۆژیا و توانایانە کاری باش نەماوە، بەڕێژەیەکی زۆر کەم بەرەو پێشچون هەیە و لە ئێستاتا فەوزای هونەری رەخساوە، بەڕای من هەندێک دەزگای راگەیاندن کار لەسەر شێواندنی هونەر دەکەن و کار بۆ کۆمەڵێک بەناو هونەرمەند دەکەن و دەیان ناسێنن، کە ئاستی هونەری رەسەن و باشی بەتەواوی دابەزاندوە.

لەبەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: هونەری کوردی لە داڕماندایە، هیچ کارێکی نوێ ناکرێت کە لە گوێی گوێگردا بمێنێتەوە، تەنها کاتییە و هەم بەرهەمەکە و هەم هونەرمەندەکەش وجودیان نامێنێت و گۆرانییەکانی ئێستا تەنها ژمارەیەکی کەم گوێبیستی دەبن و گۆرانی نەماوە لەسەر ئاستی گشتی بێت.

وتیشی: من گەشبینم بە داهاتوو، کە هونەر ببوژێنرێتەوە، ئەوەش بە هەوڵی وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و هونەرمەندانی شارەزا و بەئەزمون، ئەمەش ماندوبونێکی زۆری دەوێت، هاوکات بەهەوڵی هەموان رێگری لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن بکرێت کە ئەو هونەرە ئاست نزمە بخەنە سەر شاشە، لەگەل ئەوەش لەم چەند ساڵەی دوایی کاری باشیش کراوەو بەرهەمی باشمان هەیە، بەڵام زۆر کەمن، دەبێت هەوڵێکی گشتگیر هەبێت و هەتا ئەو هونەرمەندانەی لە ئاستێکی باشدان بەردەوام بن و فەوزای هونەری نەهێڵن. بەهیواشم ئەم قەیرانی هونەرییەی کە بە مەبەست دروست کراوە، تێبپەڕێنین.


ئاوازدانەرمان نییە و ئاوازی بێگانە بەرەودوامان دەبات

1.jpg

ئەم گلەیی و نیگەرانییە لای هونەرمەندە گەنجەکانیش بەهەمان شێوەیەو لەو بارەیەوە هونەرمەندی لاو شەهرام سەردار  بۆ PUKmedia دەدوێت دەڵێت: بە گشتی ئاستی گوێگر بۆ مۆزیک و گۆرانی دابەزیوە، جاران هونەرمەندی گەورەی فارس شەجەریان پێش دەستپێکی گۆرانیەکانی نزیکی ١٥ دەقە موزیک لێدەدرا و خەڵک بە تامەزرۆییەوە گوێی دەگرت، ئێستا گوێگر لەو ئاستە بەرزەدا نەماوە.

شەهرام ئەوەشی خستەروو، کە گۆرانی کوردی تەنانەت لەسەردەمی زێڕینی هونەریشیدا لە قەیرانی ئاوازدا بوەو ئاوازدانەری باشمان نییە و بەکارهێنانی ئاوازی بێگانە بەو شێوەیە هونەری بەرەو دوا بردوە.

لەبارەی گوێگرانیشەوە وتی: ئەم جیلە تازەیەی گوێگر لە ئاستێکی نزمی گوێگرتندان و گوێیان بە بەرهەمی خراپ پڕبوە و تەنانەت ئەگەر گۆرانییەکیان لە ئاستێکی بەرزدا بۆ بەرهەم بهێنرێت گوێی لێ ناگرن.

ئەوەشی ئاشکراکردن، کە قەیرانی دارایی لە ولات ئاستی هونەری کوردی ١٠ ساڵ بەرەو دوا بردوە.

PUKmedia هاژە باست

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket