riklam

هەرزانی موسڵ كڕیارەكانی دهۆك رادەكێشێت

ئابوری 11:44 AM - 2020-02-01
.

.

دانیشتوانی دهۆك خۆراك و پێداویستی و سوتەمەنی لە شاری موسڵ دەكڕن، بەو پێیەی نرخ لەوێ هەرزانترە بە تایبەتی سوتەمەنی كە ئێستا سەرماوسۆڵە نرخەكەی بەرز كردووەتەوە و بەرمیلێك نەوتیش لە دهۆك گەیشتووەتە 140 هەزار دینار، پسپۆڕێكی ئابوورییش گومرگ و قۆرخكاری بە هۆكاری گرانیی دهۆك دەزانێت.

شاكر ئەحمەد كە دانیشتووی دهۆكە رایگەیاند: لە موسڵ و دەورووبەری نرخی بەرمیلێك نەوت بە 90 هەزارە، بەڵام لە دهۆك بە 140 هەزار دینارە، بۆیە لە موسڵ نەوت و پێداویستی دەكڕم.

وتیشی: ئەگەر هاووڵاتییان بە تەمای نەوتی حكومەتی هەرێم بن، ئەوا لە سەرمادا ڕەق دەبنەوە و من مانگانە سێ بۆ چوار جار سەردانی موسڵ دەكەم بۆ كڕینی پێداویستییەكانی ماڵ و ئۆتۆمبێلەكەش فول بەنزین دەكەم و داهاتێكی باشم بۆ دەگەڕێتەوە.

دابینكردنی نەوت بۆ هاووڵاتییان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە لە تەواوی پارێزگاكاندا سستە و تەنیا لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەش كراوە و هێشتا سەنتەری پارێزگاكان چاوەڕوانن و لە دهۆكیش بە هەمان شێوەیە.

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لێژنەی سوتەمەنی لە ئەنجوومەی پارێزگای دهۆك رایگەیاند: دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك لە قۆناغی كۆتاییدایە  و  پڕۆسەكە زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچێت و ڕۆژانە 100 هەزار لیتر نەوت لە پاڵاوگەی كارەوە بۆ دهۆك دەنێردرێت ئەوەش حكومەتی عێراق دەینێرێت.

وتیشی: حكومەتی عیراق تا پارێزگاكانی خۆی هەبێت، گرنگی بە پارێزگاكانی هەرێم نادات و بەم جۆرەی ئێستا سست بێت زستان تەواو دەبێت و تەنیا 25% دانیشتوانی دهۆك نەوت وەردەگرن.

ئەحمەد فاخر، شۆفێری هێڵی نێوان دهۆك و موسڵە و ئاماژە بەوە دەكات، كە لە بازگەكانی هەرێم لەو سنوورە پارە لە خەڵك وەردەگیرێت لە بەرامبەر ئەو پێداویستییانەی لە موسڵەوە دەیهێنن.

ئەو شۆفێرە وتیشی: هەر سەرنشینێك لە دوو فەردە زیاتری پێ بێت لە بازگەكانی مەندان لە قەزای بەردەڕەش و لە كەڵەك و بەدریك پارە وەردەگیرێت، ئەگەرنا ڕێگەی ڕۆیشتن نادرێت.

راشیگەیاند: خەڵكێكی زۆری دهۆك رۆژانە پێداویستییەكانیان لە موسڵ دەكڕن و نرخ لەوێ هەرزانترە، بەتایبەت نەوت و بەنزین و خۆراك.

پسپۆڕێكی ئابووری هۆكاری هەرزانیی نرخ لە موسڵ بۆ كێبڕكێی كۆمپانیاكان دەگەڕێـنێتەوە، بەڵام لە دهۆكە بە پێچوانەوە قۆرخكاری هەیە.

د.هاشم زێباری، پسپۆڕی ئابووری لە زانكۆی دهۆك وتی: كۆمپانیاكانی موسڵ كێبڕكێ دەكەن بۆیە نەوت و سوتەمەنی و كەلوپەل هەرزانترە لەچاو دهۆكدا، هەروەها لە موسڵ ڕێگە نادرێت بازرگانەكان بە كەیفی خۆیان نرخ دیاری بكەن و گرانی درووست بكەن، لە دهۆكدا تەنیا دوو تا سێ كۆمپانیا هەن و بازاڕی دهۆكیان قۆرخ كردووە و كێبڕكێ ناكرێت و گرانی هەیە.

راشیگەیاند: لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و لە ڕوژئاوی كوردستان و دەروازی سحێل و نێوان موسڵ و دهۆك بازرگانیی بەردەوام هەیە، بەڵام ئەم هەموو دەروازەیە نەبووەتە هۆكاری هەرزانی بۆ دهۆك و قۆرخكارییش هۆكارە سەرەكییەكەیە و ئێستاش لە بازگەكانی نێوان موسڵ و دهۆك پارە وەردەگیرێت،  موسڵ زۆر گرنگە بۆ دهۆك و هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و بازرگانی، بەڵام بووەتە قوربانیی كۆمپانیای حزبی.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی دهۆك بازرگانیی نێوان دهۆك و موسڵ بە لاواز دەزانێت و نەیشاردەوە كە سوتەمەنی و بەنزین لەوێ هەرزانترە، بەڵام هەرزانیی كەرەستەكانی دیكەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە پارە لە موسڵ نییە تا خەڵك بیكڕێت بۆیە هەرزانە.

ئەیاد حسێن، سەرۆكی ژووری بازرگانیی دهۆك رایگەیاند: بەشێك لە هاووڵاتییانی دهۆك  لە موسڵ كەلوپەل دەكڕن، چونكە حكومەتی عێراق ئاوەدانی نەكردووەتەوە، دانیشتوانی موسڵیش پارەی وایان نییە كەلوپەل بكڕن، بۆیە هەموو كەلوپەلێك هەرزانترە لەچاو دهوكدا.

بەشێك لە هاووڵاتییانی دهۆك لە موسڵ كەلوپەل دەكڕن بە تایبەتی سوتەمەنی، نەوت و بەنزین لەوێ هەرزانترە لەچاو دهۆكدا، بەڵام ناتوانین ڕێژەیەك دیاری بكەین، ڕەنگە بگاتە 5% كە قەبارەی بازرگانیی ئەو دوو شارە بێت و لە بازگەكانیش گومرك وەرناگیرێت، ئەیاد حسێن وا دەڵێت.

سەركۆ ئازاد، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: وەرگرتنی گومرك لە دەروازە ناوخوییەكان نایاساییە، ئەگەر وا بێت ئەوە لیژنەكەمان بەدواچوونی بۆ دەكات.

PUKmedia لە ئاژانسەوە

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket