دابونەریت خەونی هاوسەرگیریی باشوور و ڕۆژئاوا دەزڕێنێت
ریپۆرتاژ 06:41 PM - 2020-01-30.
گوڵی حەسەن خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە، لەگەڵ كوڕێكی باشووری كوردستان هاوسەرگیریی كرد، بەڵام دابوونەریتی كۆمەڵایەتیی دوو ژینگەی جیاواز بەربەستی نێوان ئەو خێزانە بوو، بۆیە دوای سێ مانگ لە یەكتری جیابوونەوە و خێزانەكەیان هەڵوەشایەوە.
خێزانەكەی گوڵی لە ساڵی 2012ـەوە بە هۆی تێكچوونی ڕەوشی ڕۆژئاوا ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لە كامپی دۆمیز لە دهۆك نیشتەجێ دەكرێن، بەڵام ژیانێكی سەخت دەگوزەرێنن، بۆیە لە یەكێك لە مۆڵەكانی دهۆك كارێك دەدۆزێتەوە و پاش ماوەیەك كوڕێكی دهۆك كە بە هەمان شێوە لەو مۆڵە كار دەكات داوای هاوسەرگیریی لێ دەكات، دوای ڕازیبوونی هەردووكیان و خێزانەكانیان، هاوسەرگیریی دەكەن.
گوڵی لەو ماوەیەدا تووشی بەریەككەوتنی كولتوور و دابونەریت دەبێت، ئەو وتی: ״باوەڕم نەدەكرد جیاوازیی دابونەریتی ڕۆژئاوا و باشوور كار بكاتە سەر ژیانی خێزانیمان، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم بەریەككەوتن لە نێوان من و هاوسەرەكەمدا ڕووی دا و گەیشتە جیابوونەوە و تەنیا سێ مانگ پێكەوە بووین״.
״هێشتا كوردانی باشوور و ڕۆژئاوا شارەزای دابونەریتی یەكتری نەبوون، بۆیە خزمی دیكەیشمان هەیە كە بە هەمان شێوە بە هۆی هاوسەرگیرییەوە تێكەڵی خەڵكی باشوور بوون، بەڵام ئەو هاوسەرگیرییانە زۆربەیان بە جیابوونەوە كۆتایی هاتووە و هۆكارەكەش قبووڵنەكردنی دابونەریتی یەكتری و دەستوەردانە״، گوڵی وای وت.
بەریەككەوتنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی وای كردووە ژن و ژنخوازی لە نێوان كوردانی ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان ڕوو لە لاوازی بكات، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك بەو پێیەی زۆربەی كەمپی ئاوارەكان لەو سنوورەن.
ڕائید ئارام محەمەد، بەڕێوەبەری تووندوتیژیی دژی ژنان لە دهۆك وتی: ״ئێستا ژن و ژنخوازی لە نێوان كوردانی ڕۆژئاوا و باشوور كەمی كردووە بە هۆی دابونەریتەوە، بەبەردەوامیش لە ڕێی تیمەكانمانەوە لەناو كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان هۆشیاری بە كوڕان و كچان دەدەین لە بارەی هاوسەرگیرییەوە״.
״جیابوونەوەی ئەو كەسانە لە دادگا یەكلایی دەكرێتەوە، بەڵام تا ڕادەیەك ئێستا باشترە بە بەراورد بە سەرەتای هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ باشوور״، ڕائید ئارام وای وت.
بە گوێرەی ئامارێك لە دادوەریی هەرێم، تەنیا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا (8381) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش (1129) حاڵەتیان لە پارێزگای دهۆك بووە، كە دەكاتە زیاتر لە 152 حاڵەت بۆ هەر مانگێك و لە هەر ڕۆژێكیشدا زیاتر لە 4 خێزان هەڵوەشاوەتەوە.
عاسیمە زێباری، پسپۆڕ و چالاكوانی كۆمەڵایەتی لە دهۆك وتی: ״دابونەریتی پارچەكانی كوردستان لە یەكتری جیاوازن، هەروەها تێكەڵبوونی خێزانەكان لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا بە تایبەت لە سنووری دهۆك نوێیە و لە دوای تێكچوونی ڕەوشی ڕۆژئاوا و كەمپەكانەوە درووست بووە و چەندین كچ و كوڕ هاوسەرگیرییان كردووە، بەڵام بە هۆی جیاوازیی دابونەریت و ئاشنانەبوونەوە گۆڕاون بۆ جیابوونەوە و چەندین ڕووداوی نەخوازراویش ڕوویان داوە بە تایبەتی تەڵاق״.
״پێویستە ژیانی هاوسەرگیری ئەقڵانی و تەندروست بێت و لەوە زیاتر بێت كە دابونەریتی جیاواز ببێتە هۆكاری جیابوونەوە و لێكترازانی خێزان״، عاسیمە زێباری وای وت.
شوكری حەسەن، كوڕێكی ڕۆژئاوای كوردستانە و نیشتەجێی دهۆكە و دوو ساڵە هاوسەرگیریی لەگەڵ كچێكی زاخۆ كردووە وتی: ״دابونەریتی هەردوولامان جیاوازە، ماوەی دوو ساڵە هاوسەرگیرییمان كردووە و منداڵێكیشمان هەیە، سەرباری ئەو جیاوازیی نەریتە هەوڵ دەدەین كاریگەریی لەسەر ژیانی هاوسەرگیریمان نەكات، چونكە دابونەریتی هەردووكمان كوردەوارییە و نابێت بگاتە لێكترازان״.
دادگای دهۆك ئاماری هاوسەرگیری و تەڵاق بەبێ جیاوازی تۆمار دەكات و بە گوێرەی ئاماری نۆ مانگی، پڕۆسەی هاوسەرگیری لە دهۆك 8322 حاڵەت بووە و جیابوونەوەش 1129 حاڵەتە، لەسەر ئاستی هەرێمیش هاوسەرگیری 32432 حاڵەتە و جیابوونەوەش 8381 حاڵەت بووە.
بێوار دڵخواز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دادگای دهۆك وتی: ״تۆماركردنی ئامارەكان هیچ جیاوازی ناكات لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا، بۆیە بەشێك لەو جیابوونەوەی هاوسەرگیرییانەی تۆمار كراون، كوردی ڕۆژئاوای كوردستان و باشوورن كە پڕۆسەی هاوسەرگیرییان كردووە و جیابوونەتەوە״.
هەندێك لەو ژن و مێردانەی لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا خێزانیان پێك هێناوە و دواتر جیابوونەتەوە، منداڵ لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام بە گوێرەی یاسای باری كەسێتیی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
نەوزاد سەعید، پارێزەر لە دادگای دهۆك وتی: ״بەبێ جیاوازی لە دادگادا هاوشێوەی هاووڵاتییانی عێراق مارە دەبڕدرێت لەگەڵ كەسێكی بیانی و لە كاتی جیابوونەوەش وەك عێراقییەك مافەكانیان بۆ دیار دەكرێت و ئەگەر منداڵیان هەبوو دەبێت باوك تەواوی خەرجی لە ئەستۆ بگرێت تا تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ״.
PUKmedia ئاژانس
هەواڵی زیاتر
-
قوباد تاڵەبانی: هیچ هۆکارێک بوونی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
08:53 PM - 2024-04-17 -
سەرۆک بافڵ: لەکۆتاییهێنان بە ئازارەکانی ئێزدییەکان بەردەوامدەبین
02:40 PM - 2024-04-17 -
عەمار حەکیم و قاسم ئەعرەجی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال دەکەن
11:06 AM - 2024-04-17 -
پێنج کاندیدی هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە
09:57 AM - 2024-04-17
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:06 PM - 2024-04-17 سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە
09:42 PM - 2024-04-17
ههوڵی هاوتاكردنی مووچهی وارسی شههیدان لهگهڵ عیراق دهدرێت
06:03 PM - 2024-04-17
قوباد تاڵەبانی: سەرکردەمان زۆرەو دەوڵەتمەدارمان کەمە
04:11 PM - 2024-04-17
سەرۆک بافڵ: هەڵبژاردن گەشە بە ئەزموونەکەمان دەدات
04:02 PM - 2024-04-17
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردن نەکرێت زیان بەر هەرێم دەکەوێت
کوردستان 02:26 PM - 2024-04-17 -
نەسیمی نیسانی
بیروڕا 12:44 PM - 2024-04-17 -
عەمار حەکیم و قاسم ئەعرەجی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال دەکەن
ی ن ک 11:06 AM - 2024-04-17 -
"ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" لە دیداری سلێمانی دا
کوردستان 10:41 AM - 2024-04-17 -
پێنج کاندیدی هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە
کوردستان 09:57 AM - 2024-04-17 -
هەشتەمین دیداری سلێمانی دەستپێدەکات
کوردستان 09:06 AM - 2024-04-17 -
پێنج تیرۆریست دەکوژرێن
کوردستان 10:59 PM - 2024-04-16 -
مەکتەبی سیاسی: ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن
کوردستان 08:00 PM - 2024-04-16