riklam

كریشنا مۆرتی بیرمەندی گەورەی جیهان

ریپۆرتاژ‌ 10:55 AM - 2020-01-29
.

.

دەمێكە وتومە كە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی كورد، ئاگاداری شارستانی هیندی بین. هیندستان یەكێكە لەو دەوڵەتە مەزنانەی جیهان ، كە لەڕووی فكری و فەرهەنگی و ئەدەبییەوە، جێ پەنچەی دیارە، بەتایبەتی لە بواری عیرفانیدا، ئەم وڵاتە گەلێك بیرمەندی مەزنی بەرهەمهێناوە.

یەكێك لەو زانا و عاریفە گەورانەی هیندو جیهان " كریشنا مۆرتی" یە. بەداخەوە ئێمەی كورد، زۆر درەنگ ئاگاداری هزر و تێروانینی، ئەم عاریفە گەورەیەی هیندوستان بووین، ئەمە لەكاتێكدا فكر و تێڕوانینە سیاسی و فەلسەفیەكانی مۆرتی، لەسەدەی پێشوودا تەواوی جیهانی بەخۆوە خەریككردبوو. لێ خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا چەند هەوڵێكداروە ، بۆ ناساندنی ئەم كەڵە بیرمەندە و بەشێكی كتێبەكانی بۆسەر زمانی كوردی وەرگێڕاون. 

ئێمە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە كورتی تیشكێك بخەینە سەر ژیان و هزری  مۆرتی، لەهەمانكاتیشدا پەیوەندی فكری ئەم عاریفە گەورەیە،  بە مێژووی فەلسەفی و فكری جیهانیەوە، هەروەها سەرنج و تێبینەكانی خۆشمان دەخەینە  ڕوو.

 

منداڵە خەیاڵاویەكە

كریشنا مۆرتی لە 12 ئایاری 1895 لە شارۆچكەی Madanapalle لە باشووری هیندوستان لە بنەماڵەیەكی ئایینپەروەری هیندۆسی  دایكبووە، لە 17 ڤێبراوەری 1986 لە ولایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا كۆچی دواییكردووە. كریشنا هەشتەیەمین منداڵی خێزانەكە بووە،  ناوی "كریشنا" ناوی یەكێكە لە خوداكانی ئاینی هیندۆسی.  لەتەمەنی دە ساڵیدا دایكی دەمرێت، ئەمەش كاریگەری زۆری بەسەر ژیان و تێڕوانینەكانی ئەم منداڵە دادەنێت. پاشانیش باوكی لە دائیرەكەی خانەنشین دەكرێت، بەمەش ڕەوشی ژیانی خێزانەكە خراپتر دەبێت.  

كریشنای منداڵ هەموو ئەم ناخۆشیانە كاریتێدەكەن و هەربۆیە هەمیشە دوورەپەڕێز دەبێت و زوو زوو خەیاڵی دەڕوات و بیر لە ژیان  دەكاتەوە ، هەروەك باوكی دەڵێت :

 ( كریشنا بە منداڵی ماوەیەكی زۆر سەیری ئاسمانی  دەكرد و لە گەردوون تێڕادەما .) 

لە ساڵی 1905  بنەماڵەكەیان بەرەو شارۆچكەی " ئەدیار" دەگوێزنەوە. ئەم شوێن  گۆڕینە كاریگەری گەورە دەكاتە سەر ژیانی مۆرتی و لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر دەیگوێزێتەوە.  مۆرتی هەتا تەمەنی 14 ساڵی  وەكو منداڵێكی ئاسایی ژیاوەو هیچ چالاكیەكی وای نەبووە. بەڵام كاتێك  زانا و بیرمەندی ئینگلیزی  "C.W. Leadbeater  "  دەبینێت، تەواو ژیانی دەگۆڕێت. جێگەی گووتنە لەو كاتانەدا شاری " تشیانی" كە لە ئەدیارەوە نزیك بووە، بنكەی ڕێكخراوی " Theosophy Society - Adyar تیۆسۆفی جیهان " ئەم ڕێكخراوەش  لە ساڵی 1895 لەلایەن ژنە بیرمەند و عاریفی گەورەی رووسی "Helena Petrovna Blavatsky "  دامەزراوە. ئارمانجی ئەم ڕێكخراوە ئەوەبوو كە ئاشتی لە جیهان بڵاوبكرێتەوەو مەزهەب و ئاینەكان لە یەكتری نزیكبكرێتەوە و گرنگی بە زانست و فەلسەفە و لایەنی رۆحی مرۆڤەكانی دەدا. 

كریشنا و براكەی دەچنە ئەم ڕێكخراوەوە، هەر زوو مامۆستاكەی زیرەكی و توانای كریشنای بۆ دەردەكەوێت، ئاسۆیەكی ڕوونی تێدا دەبینێتەوە. لە ساڵی 1911 دكتۆرە" ئانی بیزانت" كە سەرۆكی ڕێكخراوی " Theosophy Society " ، یارمەتی كریشنا و براكەی دەدات كە بچن بۆ ئینگلتەرا و لە زانكۆی ئۆكسفۆرد شوێنێكیان بۆ دابین دەكات.   

ئینگلتەرا دەرگایەكی تر بە ڕووی كریشنا دەكاتەوە، لێرە هێندەی تر لە رووی زانستی و فەلسەفیی و رۆحییەوە خۆی پێشدەخات. لەهەمانكاتیشدا هزرو تێڕوانینەكانی بەناو خەڵكیدا بڵاودەكاتەوە. لەوكاتە خەڵكی لەلایەكەوە موعجیبی ئەم كوڕە گەنجە ڕۆح سووكە بوون ، لەلایەكی تریشەوە هەندێكیان گاڵتەو پێكەنیان بە هزرەكانی دەهات ، زۆرجاریش بە كەسێكی خەیاڵی وەسفكراوە.

ساڵی 1922 لەگەڵ براكەیدا دەچن بۆ ئەمریكا بۆ ولایەتی كالیفۆرنیا ، زیاتر ئامانجی ئەم سەفەرەی كریشنا، بۆ چاككردنەوەی ڕەوشی خراپی تەندروستی براكەی بوو، بەڵام لە ئەمریكاش نەتوانرا چارەسەری نەخۆشی براكەی بكرێت و هەر لەهەمانساڵدا براكەی دەمرێت. ئەمەش كاریگەری گەورە و قووڵ بەسەر هزر و تێروانینی مۆرتیەوە دادەنێت. 

لەمبارەیەوە كریشنا دەڵێت:

 " براكەم مرد، فرمێسكی تەنهاییش بەچاوانمدا دابارین، سەردانی هەر شوێنێكم دەكرد، جەستەی ئەوم تێدا دەبینیەوە، بەتەنها مامەوە، نوێژمكرد ، دوعام دەكردو لە خودا دەپارامەوە، بەڵام خوداش هیچ وەڵامی نەدامەوەو دەنگی نەبوو لێرەشەوە خەونە كۆنەكان مردن، بەڵام خەونی نوێ لەدایكبوون "

گەڕان بەناو جیهاندا

پاش ماوەیەك كریشنا مۆرتی دەستدەكات بە بڵاوكردنەوەی هزرو بۆچوونەكانی لە جیهاندا، سەفەرێكی درێژ بەناو جیهاندا دەكات و سەردانی " هۆڵەندا و ئیتالیا، ئوسترالیا، فەرەنسا، كیشوەری ئەمریكای لاتین " دەكات. لەو كاتەدا هێشتا  كریشنا ئەندامی ڕێكخراوی تیۆسۆڤی جیهانی بوو. ئەم ڕێكخراوەش ئەندام و لایەنگری زۆری هەبوو، كاتێك كریشنا دەچووە هەر وڵاتێك، سەدان كەس كۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی گوێ بۆ راز و نیازەكانی ئەم مامۆستا گەورەیە بگرن.  لە ساڵی 1927 بە یەكجاری واز لە ڕێكخراوی " تیۆسڤی" دەهێنێت، چونكە ئەو ئامادەنەبوو بەرگەی كاری ڕێكخراوەیی و دیسپلینی ئەم ڕیكخراوە بگرێت، چونكە ئەو لەو باوەڕەدابوو، كە پێویستە مرۆڤ ئازاد بێت و بە هیچ یاسا و ڕێسایەكەوە نەبەسترێتەوەو ئازادی لێ نەسەندرێتەوە. 

لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، كریشنامۆرتی  لە ئەمریكا دەمێنێتەوەو سەفەر ناكات، لە كێڵگە بچووكەكەی لە كالیفۆرنیا دەژیی و مانگا و مریشكەكانی بە خێودەكات و ژیانێكی خاكەرایی و زۆر سادە دەژی. 

پاش جەنگی دووەمی جیهانی ،دەستدەكاتەوە بە چالاكی و گەڕان ، سەردانی وڵاتانی " هیندوستان، سویسرا، ئیتالیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا" دەكات. بە بەردەوامی خەریكی كۆبوونەوەو سازدانی كۆڕ و سیمینار دەبێت، بۆ ئەوەی بۆچوون و هزرەكانی خۆی بە خوێندكارو هەوادارنی ببەخشێت. بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، هەتاوەكو لە 17 ڤێبراوەری ساڵی 1986، لە كالیفۆرنیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دواییكرد. 

 

ئایا  مۆرتی فەیلەسووف بووە؟

دیارە لە بارەی هزر و بۆچوونەكانی مۆرتیەوە زۆر گوتراوە، هەندێك كەس  پێیان وایە مۆرتی فەیلەسووف بووە، چونكە كۆمەڵێك پرسیاری گرنگی لەبارەی ژیان و تاك و كۆمەڵگە كردووە،هەموو فەلسەفەیەكیش لە پرسیاركردنەوە دروست دەبێت. لێ خەڵكانێكیش بە پێچەوانەوە سەیری مۆرتی دەكەن و پێیان وایە، مۆرتی فەیلەسووف نییە ، چونكە فەیلەسووف كۆمەڵێك بنەمای فكری بۆ ژیان دادەنێت ، لەپەنچەرەی بنەما فكریەكانییەوە، پڕەنسیپێكی تایبەت بۆ بیركردنەوە ژیان دادەنێت، بەڵام مۆرتی  ئەم كارەی نەكرد، ئەو تەنها لە ڕێگەی كۆمەڵێك تێروانینی دەروونیەوە سەیری تاك و ژیانی دەكرد. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ، كە هیچ كاتێك مۆرتی خۆی بە فەیلەسووف دانەناوە، تەنانەت  بۆچوونەكانیشی نەخستۆتە قاڵبی كتێبێكی تایبەتەوە. 

 

تیشكێك بۆ سەر  هزری مۆرتی

بە گشتی مۆرتی جەختی لە " خود ناسی ' مرۆڤ كردۆتەوە، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەكانی تر، سروشت، گیانلەبەرەكان، ئەمانە پانتایی هزری مۆرتیان داگیر كردووە. لە ڕووی شێوازیشەوە، مۆرتی پێڕەوی شێوازی  سوقراتی فەیلەسووفی یۆنانی كردووە، هیچ كاتێك خۆی بە مامۆستای كەسی تر دانەناوەو هزرەكانیشی لەناو كتێبێكدا كۆنەكردۆتەوە. بەڵكە ئەو زیاتر لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا، هزری خۆی پیشانی خەڵكی داوە، دیارە مۆرتی باوەڕی بەوە نەبووە، كە مرۆڤ لە ڕێگەی كتێبەوە بتوانێت " خۆیی و دەورووبەرەكەی بناسێت."  ئەم پرسیاری خودناسییەش، وای لە مۆرتی كردووە، كە بكەوێتە ناو دەریایەكی گەورەی چەمكە گرنگەكانی هزر و ژیانی مرۆڤ لەوانە : ( خۆشەویستی، سێكس، جەنگ و ئاشتی، چاكە و خراپە،،،هتد) 

مرۆڤ بە دوای چیدا دەگەڕێت؟

ئەمە یەكێكە لە پرسیارە گرنگەكانی ژیان، بەشێكی زۆری بیرمەند و فەیلەسووفانی جیهان خۆیان بەم پرسیارە گرنگەوە خەریككردووە، مۆرتی لەمبارەیەوە دەڵێت : 

( زۆربەی ئێمە لەم دونیا پڕ لە ئاژاوەو شێواوی و شەڕ و ململانێیەدا ، بە دوای جۆرێك لە بەختەوەری یان خۆشحاڵیدا دەچین و  داوای شوێن و پەنایەك دەكەین كە لەوێدا ئارام و خۆشبەخت بین، بەڵام ئێمە بە دوای بەختەوەریی سەقامگیر یان ڕەزامەندی سەقامگیرەوە نین ، ئێمە شتێكمان دەوێت كە بەردەوام بمێنێتەوە و ڕازیمان بكات ، زانستێك یان ئەزموونێكمان دەوێت كە جێژمان پێبدات ، رەزامەندییەك كە تا سەر سیس نەبێت ،،)

 

خودناسی

مەسەلەی خودناسی یەكێك بووە لە بنەما بنەڕەتییەكانی هزری مۆرتی، دەتوانم بڵێم خودناسی كلیلی بیركردنەوەو تێڕامانی مۆرتی بووە. ئەو پێی وایە كێشەی گەورەی مرۆڤایەتی لەوە سەرچاوەی گرتووە، كە تاك خۆی نانانسێت، دیارە لەم خۆنەناسینەش ، دەورووبەر ڕۆڵێكی نێگەتیڤی هەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت : 

( گرفتی سەرەكی زۆرینەی ئێمە ئەوەیە، كە ئێمە ڕاستەوخۆ خۆمان ناسین ، بەڵكو دەگەڕێین بە دوای سیستەمێك ، شێوازێك و ئامڕازیكدا بۆ كاركردن بە یارمەتی ئەو ، هەر لەڕێگەی ئەویشەوە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتە لە ژمار نەهاتووەكانی مرۆیی دەدەین. ،،،هەمیشەش خاوەن دەسەڵات رێگرە لە تێگەیشتنی خود، )

 

 تاك و كۆمەڵگە

پێگەی تاك لەناو كۆمەڵگە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا، پرسێكی گرنگی ترە ، كە مۆرتی خۆی پێوە خەریككردووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

 ( گرفتێك كە لە بەرامبەر زۆرێك لە ئێمە دەوەستێت ئەوەیە ، ئاخۆ تاك تەنیا ئامڕزای كۆمەڵگەیە یان ئامانجیەتی ؟ )  

ئەم پرسەش زۆر گرنگی پێداوە هەوڵی شرۆڤەكردن  و گەڕان بە دوای كۆدەكانی ئەم پرسیارە گرنگەوە بووە. دیارە ئەمەش لە ڕێگەی شیكردنەوەی مانای كۆمەڵگەوە سەریهەڵداوە، لەمبارەیەوە مۆرتی دەڵێت : 

( كۆمەڵگە، لە پەیوەندی نێوان ئێوەو من و ئەویتر دروست دەبێت ، ئەگەر پەیوەندی ئێمە شێواو، بیرتەسكانە و نەتەوەپەرستیانە بوو، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی پشێوی لە جیهاندا . جیهانیش هەر ئەوەیە كە ئێوە هەن، كەوابوو كێشەی ئێوە كێشەی جیهانە. ) 

 

شۆڕش و گۆڕانكاری

دیارە مەسەلەی شۆڕش و ڕیفۆرمی ناو كۆمەڵگەكان، خاڵێكی ئێجگار گرنگی بیركردنەوەی مۆرتی بووە، لە جیاتی جارێك چەندینجار لە كۆڕو كۆبوونەوەكانیدا باسی لێوەكردووە. دیارە ئەو زیاتر بایەخی بە شۆڕشی ناخی مرۆڤەكان دەدا و پێ وابوو پێویستە سەرەتا هەموو گۆڕانكارییەك لە تاكەوە دەستپێبكات ، نەك بە پێچەوانەوە.

 مۆرتی دەڵێت : (شۆڕش لە كۆمەڵگەدا، دەبێت بە ئاڵۆگۆری دەروونی و دەروونناسی تاك دەسپێبكات، بە بێ ئەم شۆڕشە دەروونییەی ناخی مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی تاكو تەنیای دەرەوە گرنگی ئەوتۆی نابێت ، بە واتایەكی تر كۆمەڵگە بەمشێوەیە وەستاو دەبێت و خۆی لە ترسی لەت لەتبووندا دەبینێتەوە، هەرچەندە یاسای زیاتر و بەهێزتریش دابنێت، بەڵام ئەم ترسە هەر بەردەوامە. دیارە كۆمەڵگەی وەستاویش ، ئاڕاستەی گەندەڵی دەگرێتە بەر، لەبەرئەوە دەبێت شۆڕش لە ناخی مرۆڤەكانی دەست پێبكات نەك لە دەرەوە. ) 

ترس و مەرگ

یەكێكی تر لەو چەمكانەی كە جێگەی بایەخی مۆرتی بووە، چەمكی ترس و مەرگ بووە. دیارە ئەم پرسەش، پرسێكی گرنگ و مێژووییە و زۆربەی عاریف و فەیلەسووفانی جیهانیش، خۆیان پێوە خەریككردووە. مۆرتیش خاوەنی بیركردنەوەو دونیا بینی تایبەتی خۆی بووە لەمبارەیەوە.

 لەمبارەیەوە دەڵێت : ( ترس چییە؟ ترس تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ شتێكدا كە گۆشەگیر نییە پێكدێت. چۆن دەبێت لە مەرگ بترسین ؟ چۆن دەبێت لە شتێك بترسین كە نایناسم ؟ كاتێك دەڵێیت لە مەرگ دەترسم ، ئایا بە ڕاستی لە شتێكی نەناسراو دەترسیت كە مەرگە یان لەمەی دەترسیت كە شتێك دەیناسیت  لە دەستی بددەیت.؟ )

 

خۆشەویستی

دیارە پرسی خۆشەویستی، خاڵێكی تری بیركردنەوەی مۆرتی بووەو لە چەندین شوێنی جیاجیادا باسی لێوە كردووە. ئەم پرسەش، پێش هەموو شتێك پرسێكی گرنگە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە و بەشێكی گرنگی كەسایەتیشی پێكدێنێت. لەبەرئەوە هیچ بیرمەند و فەیەلسوفێك ناتوانێت باسی مرۆڤ بكات و ئەم مەسەلەیە فەرامۆش بكات.  مۆرتی لەو باوەڕەدایە كە پرسی خۆشەویستیی و موڵكداری، پەیوەندییەكی ریشەییان بە یەكەوە هەیە. 

 لەمبارەیەوە دەڵێت : ( كاتێك دەڵێین یەكێكمان خۆشدەوێت ، مەبەستمان ئەوەیە كە ئێمە خاوەنی ئەو كەسەین ، هەر لەم خاوەنداریەتەشەوە حەسودی پێبردن سەرهەڵدەدات ، چونكە گەر ئەو كەسە لەدەستبددەم ، هەستدەكەم پووچم و خۆم ون كردووە . بەم خاوەنداریەتەش ئەو كەسە داگیردەكەم ،، گومانی تێدا نییە كە ئەڤین سۆز نییە ، سۆزداری بوون ئەڤین نییە ، چونكە ئەم دۆخانە هەستێك زیاتر نین . )

 

سێكس 

بە پێچەوانەی زۆربەی عاریف و كەسە ڕۆحانیەكانی هیندوستان و  جیهان، كە هەمیشە ئەم جۆرە كەسانە بۆچوونی نێگەتیڤانەیان بەرامبەر بە سێكس هەبووە، بەڵام بە پێچەوانەوە مۆرتی زۆر پۆزەتیڤانە بۆ سێكس دەڕوانێت. 

لەمبارەیەوە دەڵێت : ( بۆچی سێكس بووە بە گرفت؟ ئایا لەبەرئەوە نییە كە ئێمە  لە ڕوانگەیەكی تایبەت بە بۆچوونێكی نەگۆڕەوە بۆ مەسەلەكان دەڕوانین؟ ئێمە هەمیشە لە ناوەندێكەوە بۆ دەورووبەرمان دەڕوانین. لەناو زەینی خۆتاندا ئایدیایەكتان خوڵقاندووە بەناوی داوێنپاكی و دووری لە كردەی سێكسی ، دیارە ئەم زەینەتەش لە ڕێگەی سەركووتەوە ڕوو دەدات ، كە ئەمەش لە دەووربەرەوە پێمان گەیشتووە. .،،  بە بڕوای من كردەی سێكس شتێكی زۆر ئاساییە ، ڕێك وەكو كردەی خواردن وایە .)

 

چاكە و خراپە

چەمكی چاكە و خراپە ، دوو چەمكی گرنگن لە هزرو تێڕوانینەكانی مۆرتی. ئەو بە پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسووفەكانەوە، نەهاتووە ڕێگایەك یان پڕەنسیپێكی دیاریكراو بۆ چاكە یان خراپە دابنێت، بەڵكە پێی وایە كە چاكە و خراپە شتێكی ڕێژەییە و زیاتر ئەو كۆمەڵگە و كولتوورە تەعریفی بۆ دادەنێن كە مرۆڤ تێیدا دەژی، بگرە مۆرتی دوورتر دەڕوات پێی وایە كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان چاكە و خراپەدا نییە، بەڵكە زۆرجاریش وەكو دوو دیوی دراوێك وەسفی دەكات.

 لەمبارەیەوە دەڵێت : 

(ئایا خراپە چاكەیەكی بچووكراوە ؟ ئایا چاكە لاوازكردنی  خراپەیە ؟ یان بە تێپەڕبوونی كات چاكە بە لای خراپە و خراپە بە لای چاكەدا دەڕوات ؟ ئەمانە هەردووكیان دوو دیوی دراوێكن  دوو شتی لەیەك جیاواز نین . كاتی خۆی مەسیحیەكان لەكاتی" دادگاكانی پشكنینی بیروباوەڕ"، بەناوی كوفر و بێ باوەڕیەوە مرۆڤەكانیان دەسووتاند و ئەمەشیان بە چاكە لە قەڵەم دەدا. كۆمۆنیستەكانیش بە شێوازی خۆیان ئەم كارەیان ئەنجام دا. ئەوان بە ناوی كۆمەڵەوەو لە پێناوی كۆمەڵگەدا و بۆ هەموو مرۆڤایەتی ،،،،ئەم كارەیان ئەنجام داوە . )   

 

شەڕو ئاشتی

بێگومان مۆرتی ئازار و مەینتییە گەورەكانی جەنگی دووەمی جیهانی بە چاوی خۆی بینییووە، لە هەمانكاتیشدا ئەو نەوەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریكا و سۆڤێت بوو، ئەو ساڵانەش تەواوی مرۆڤایەتی، ترسیان لە جەنگێكی گەورەی ماڵوێرانی دەبینی. لە هەمانكاتیشدا سەردەمی مۆرتی، سەردەمی ئایدۆلۆژیا و جەنگی گرووپە سیاسییە جیاوازەكان بووە. هەموو ئەمانەش كاری لە تێڕوانین و هزری ئەم عاریفە گەورەیە كردووە، كە تێڕوانییەكانی بۆ شەڕ لە جیهاندا بە شێوەیەكی تایبەت دابنێت. 

مۆرتی لەمبارەیەوە دەڵێت: 

( بێگومان باوەڕەكان  هۆكاری هەموو شەڕێكن، چ باوەڕی ناسیۆنالیزم بێت ، چ ئایدۆلۆژیەك بێت یان دۆگمێكی تایبەت و مەزهەبی و ئایینی بێت ،ئەگەر باوەڕێك نەدەبوو ، لە جیاتی ئەویش نییەتی خێر و عیشق لەناو خەڵكدا بڵاوبوایەتەوە ، ئەوا لەو حاڵەتەدا هیچ كاتێك شەڕ ڕووی نەدەدا. بێگوومان ئەوەی دەبێتە هۆی شەڕ، حەز لە دەسەڵات، پۆست، پارەو پوول، هەروەها ئەوەی كە ناوی نەخۆشی ناسیۆنالیزم و پەرستنی ئاڵا و ئەم دۆگمانەیە، تەواوی ئەمانە هۆكاری شەڕەكانن. ) 

لە بارەی ئاشتیشەوە، مۆرتی تێڕوانینی جیاوازەو پێی وایە، دەبێت ئاشتی لە تاكەكانەوە دەستپێبكات و پاشان هەموو كۆمەڵگە بگرێتەوە. 

لەمبارەیەوە دەڵێت: ( بۆ ئەفراندنی ئاشتی لە دونیادا وبۆ ڕاگرتنی هەموو شەڕەكان، دەبێت شۆڕشێك لە ناخی هەموو تاكەكان سەرهەڵبدات .) 

پەروەردە

مەسەلەی پرۆسەی فێربوون و پەروەردە، خاڵێكی گرنگی تری هزری مۆرتییە. ئەو بەهەموو شێوەیەك دژی سیستەمی پەروەردەیی تەقلیدیی بوو. پێی وانەبووە كە مرۆڤ لە ڕیگەی زانكۆو قووتابخانەوە ، دەستی بە زانست بگات. 

لەمبارەیەوە دەڵێت : ( پێكهێنانی تەكنیكی تەواو، مرۆڤ ناكات بە داهێنەر. ئێوە لەوانەیە شێوازی وێنەكێشان بە شێوازێكی نایاب بزانن، لە تەكنیكی تەواو بەهرەمەندن ، بەڵام بە وێنەكێشێكی داهێنەر نەژمێردرێن.) 

لە ڕووی پەروەردەكردنی منداڵیشەوە، زۆر دژی سیستەمی كۆن و تەقلیدی پەروەردەكردنی منداڵان بوو. مۆرتی دەڵێت:

( ئەگەر دەتانەوێت منداڵ فام بكات، دەبێت ئەوتان خۆش بوێت، نابێت سەركۆنەی بكەن، دەبێت یاری لەگەڵ بكەن، چاودێری جمووجۆڵی بكەن، ئەگەر تەنها سەركۆنەی بكەن و بە دوای هەڵەكانیدا بگەڕێن، تێگەیشتن و فامكردنی منداڵە پێكنایەت . )

ئەو هەڵگری بیرۆكەی ئازادی فێربوون و پەروەردە بوو، دژی لێپێچینەوەو سەركۆنەكردنی منداڵان بوو. جێگەی ئاماژەیە، ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوادا، پشت بەم جۆرە سیستەمە دەبەستن و  ئازادی رەها دەدرێت بە منداڵان ، بۆ ئەوەی فێری زانست بن، بە هەموو شێوەیەكە دژی سزادان و سەركۆنەكردنی منداڵاننان. 

 

چەند سەرنجێك لەبارەی هزری مۆرتیەوە

دیارە مۆرتیش وەكو هەموو بیرمەندانی تری جیهان، بۆچوونەكانی دەكەونە بەردەم كۆمەڵێك رەخنەوە.  مۆرتی لە چەندین شوێندا ئەم ووتەیەی دووبارە كردۆتەوە: ( هیچ كتێبێكی دەروونناسی یان مەزهەبیم نە خوێندۆتەوە، حەز دەكەم بە یارمەتی  ئەو وشە  سادانە كەلە ژیانی ڕۆژانەماندا كەڵكیان لێوەردەگرین  ، چەمكێكی قووڵترتان پێ بڵێم. )

دیارە بەشێكی زۆری هزری مۆرتی ، جەخت لەسەر ئەوە دەكات ، كە پێویستە زیاتر مرۆڤ خەریكی " خۆ خوێندنەوە، خۆناسین، میدتاسیۆن".  وە پێی وایە كە مرۆڤ لە ڕێگەی كتێب و خوێندنەوە ، ناتوانێت هیچ هوشیاری فێربێت و خۆی بناسێت. 

دیارە ئەمە تێڕوانینێكی تایبەتی مۆرتییە، پێویستە ڕێزیش لە بۆچوونی جیاوازبگیرێت، بەڵام ئەم بۆچوونە  دوورە لە راستی و  واقعیەوە، چونكە گەر مرۆڤەكان لە ڕێگەی كتێبەوە فێری زانست و ئەزموونی پێش خۆیان نەبن، چۆن دەتوانن لە بوارێكی تایبەتیدا زانا بن؟ بەمشێوەیە بێت نە دكتۆر، نە ئەندازیار، نە مامۆستا، تەكنیكار دروست نابێت، چونكە مۆرتی پێی وایە كە مرۆڤ لە ڕێگەی كتێب و سیسیتەمی خوێندنەوە ، فێری هیچ نابێت و سوودی بۆ مرۆڤایەتی نییە، ئەم بۆچوونەش نا واقعی و نا زانستییە. 

لەلایەكی تر مۆرتی ڕەتی دەكاتە ، كە ئەو پێشتر هیچ كتێبێكی دەروونانسی و یان فكری خوێندبێتەوە، یان بیرمەندێك یان فەیلەسووفێك كاریتێكردبێت، لێ ئەمەش بەو شێوەیە نییە، چونكە هەموو فەیلەسووفێك خوێندكاری چەندین مامۆستای پێش خۆی بووەو لە ژێر تیشكی هزری ئەواندا، چرای ڕووناكی هزری خۆی داگیرساندووە.

 

كاریگەری كولتووری هیندی بەسەر مۆرتیەوە

دیارە هیندوستان وڵاتێكی ڤرە كولتوور بووە، سەدان ئایین و مەزهەبی تێدا دروستبووە، ئەم ڤرە كولتووریەش ،دەوڵەمەندییەكی ئێجگار گەورەی بە هزری هیندیی و جیهان بەخشیوە. مۆرتی لە وڵاتێكیدا لەدایكبووە، كە خاوەنی كولتوورێكی ئێجگار دەوڵەمەندبووە. بەتایبەتی سوودێكی ئێجگار گەورەی لە هەردوو ئایینی " هیندۆسی و بودی" بینییوە. بەشێكی گەورەی هزری مۆرتی ، پەیوەندی بە " خودناسی" ەوە هەیە، ئەمەش زیاتر لە حاڵەتی " نرڤانا" ی بودییەوە نزیكە. كە پێش 2500 ساڵ ، باسی لە " خۆ پاككردنەوەو ، خودناسی" كردووە. بە بڕوای من لەمبارەیەوە ، هەروەها ئایینی بودی، زۆر گرنگی بە " مرۆڤ" داوەو، بە دوای پرسە گرنگەكانی ژیانەوە وێڵ بووە لەوانە : ( جەنگ، ئاشتی، خۆشەویستی، چاكە و خراپە) مۆرتیش سوودێكی زۆری لە ئایینی بودی و هیندۆسیش  وەرگرتووە. 

 

كاریگەری تاغور

تاغور ( 1861/1941) یەكێكە لە  بیرمەند و عاریفە گەورەكانی هیندو جیهان. ئەم بیرمەندە گەورەیە ، كاریگەری گەورەی نەك تەنها بەسەر هزری هیندی بەڵكە بەسەر تەواوی هزری جیهانیەوە داناوە. بە بڕوای بەندە كاریگەری گەورەشی بەسەر كریشنا مۆرتیەوە داناوە، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەییەوە. 

یەكێك لە داهێنانە مەزنەكانی تاغور كەكاریگەریەكی ئێجگار گەورەی هەبووە، داهێنانی سیستەمێكی نوێ خوێندن بوو. تاغور ویستی سیستەمێكی نوێی خوێندن دابهێنێت ، كە زۆر جیاوازتر و مۆدێرنتر و باشتربێت لە سیستەمە كۆنەكەی جاران. تاغور دەیویست خوێندن و قووتابخانە لای منداڵان خۆشەویست بكات. ئەو هات قووتابخانەیەكی دروستكرد ، كە بەهەموو شێویەك دووربوو لە سیستەمی ئایینی و باوكسالاریی و توندوتۆڵی عەسكەری .

ئەو جۆرە سیستەمە پەروەردەیەی  كە مۆرتیش داوای دەكرد، هەمان ئەو سیستەمە بوو، كە تاغور ساڵی 1901 لە قووتابخانەكەیدا پراكتیزەی كرد. 

 

پێش كۆتایی

بە دڵنییایەوە مۆرتی یەكێكە لەو بیرمەندە گەورانەی  جیهان، كە كاریگەری گەورەی بەسەر هزری سەدەی بیستەمەوە هەبووەو هەتاوەكو ئەمڕۆش ، كاریگەری هزری ماوە.  قسەكردنیش لە بارەی مۆرتیەوە  تەواو نابێت و ناشتوانین لەم چەند دێڕەدا، بە چڕو پڕی باس لە هزری ئەم كەڵە بیرمەندەی جیهان بكەین.  ئێمە تەنها ویستمان  تیشكێك بخەینە سەر هزری مۆرتی و كەمێك لە چەمكە گرنگەكانی  بخەینە ڕوو. بەو هیوایەی لە ماوەیەكی تردا ، بتوانین بە درێژی باسی هزر و كاریگەرییەكانی ئەم كەڵە بیرمەند عاریفە گەورەیەی هیند و جیهان بخەینە ڕوو.  

 

سەرچاوەكان : 

1. Jiddu Krishnamurti. www.uni-protokolle.de

2. Jiddu Krishnamurti spricht über die Liebe.\ www. doormann.tripod.com

3. دیمتری أفییرینوس. أچوا‌و علی فكر كریشنامورتی. www.maaber.50megs.com

4. أفكار متفرقە – كریشنا مورتی. ahlam002.wordpress.com/ www.

5. ج. كریشنا مۆرتی. یەكەمین و دوایین ڕزگاری، وەرگێرانی سەعید سەیدی. چاپی یەكەم، دەزگای توێژینەوەو بڵاوكردنەوەی موكریانی. هەولێر. 2009.

6. كریشنا مۆرتی. چاكە و خراپە. وەرگێڕانی ، ئازاد بەرزنجی. چاپی یەكەم. دەزگای چاپو بڵاوكردنەوەی سەردەم. سلێمانی. 2014

PUKmedia ئا/ ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

 

7.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket