riklam

كچان دڵیان لەسەر مەزارگەكان دەكەنەوە

ریپۆرتاژ‌ 11:50 AM - 2020-01-27
.

.

مەزارگەی شێخ و پیاوچاكانی هەرێم، دەبێتە شوێنی پاڕانەوە و بە مرازگەیشتی ئەو ژن و كچانەی هانایان بۆ دەبەن، یاخود بۆ چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان دەچنە مەزارگە ناودارەكان.

چاوان عەزیز، ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 29 ساڵە و دانیشتووی سلێمانییە، لەگەڵ كوڕێكدا بەنیازی هاوسەرگیرین، بەڵام ڕێگرییەكیان هەیە رایگەیاند: بۆم دەركەوت دایكی ئەو كوڕەی خۆشم دەوێ ڕێگرە لە بەردەم هاوسەرگیرییەكەمان، بۆیە پەنام بردە مەزارگەی عەوەڵان، چونكە متمانەم بەو مەزارگە پیرۆزە هەبوو.

بە گوێرەی ئامارێك كە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێم وەرگیراوە، زیاتر لە 400 مەزارگەی ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان هەن، كە دابەش بوون بەسەر پارێزگاكاندا.

بە پێی ئەو ئامارەی لە بارەی مەزار و مەرقەدی پیاوچاكانەوە هەیە، لە سلێمانی ناودارترینیان مەزارگەی كاك ئەحمەدی شێخ، شێخ مارف، مەزارگەی عەوەڵان لە گوندی عەوەڵانی سەر ڕێگەی چەمی ڕێزان و پیرمەسوورە كە زۆرترین كەس سەردانیان دەكەن.

چاوان وتیشی: لەگەڵ پورزایەكم چەند جارێك سەردانی مەزاری عەوەڵانم كردووە و داوای حاسڵبوونی ئاواتەكەم كردووە تا ڕێگریی نێوانمان نەمێنێت، دایكی ئەو كوڕەش دڵی نەرم بێت و هاوسەرگیریی بكەین ئێستاش چاوەڕوانم.

لە هەولێر و دەوروبەریشی چەندین مەزارگەی لێیە، كە دیارترینیان مەزارگەی سوڵتان موزەفەر و شێخی چۆڵییە.

تارا حەمید، ژنێكی تەمەن 35 ساڵە و خەڵكی هەولێرە رایگەیاند: شەش ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و بە ئاواتی منداڵێكەوەم كە خوای گەورە پێم ببەخشێت، بۆیە چەندین جار پەنام بردووەتە بەر مەزارگە ئایینییەكان و دۆعای مناڵم كرد، دواجار بە فەزڵی خوا كچێكمان بووە، ئێستاش لە سەردانكردنیان بەردەوامم.

لە دهۆك و دەوروبەریشی، شێخی بوودران بەناوبانگترینیانە و خەڵك بۆ مرازی دڵیان سەردانی دەكەن، هەروەها لە كەركوكیش، دیارترینیان مەزارگەی دانیاڵ پێغەمبەر و مەرقەدی ئۆرمەندانە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش دیارترینیان مەزارگەی شێخانی بیارە و عەبابەیلێن.

د.موحەمەد عەبدوڵڵا پێنجوێنی، سەرۆكی لیژنەی فەتوا لە سلێمانی رایگەیاند: مەزارگەی ئەو پیاوچاكانە جێگەی ڕێز و تەقدیرن، ئەركە ئایینییەكانی خۆیان لە دونیادا كۆتایی هاتووە و پاداشتیان لای خودایە، ئەگەر كەسێك بەو شێوەیە بچێتە سەر مەزاری پیاوچاكێك و كاری بۆ ڕێك بخرێت و بڵێت خوایە لەبەر خاتری چاكەی چاكەكاران و خۆشەویستیی پیاوچاكان ئەوەمان بۆ بكە، ئەوە زانایانی ئەهلی فیقه ڕێگەیان پێ داوە و كێشەی نییە، بۆیە دەبێت  بزانین بۆچی؟ و چۆن دەڕۆینە سەر ئەو مەزارگە ئایینییانە.

لە ڕووی شەرعەوە داواكردن لە خاوەن گۆڕەكە، كە كارت بۆ بكات یان كێشەت بۆ چارەسەر بكات، بە هیچ شێوەیەك درووست نییە و ناشەرعی و حەرام و هاوبەشیكردنە بۆ خودا، د.موحەمەد عەبدوڵڵا پێنجوێنی وای وت.

توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش هۆكاری ئەو پەیوەستبوونە و سەردانی خەڵك بۆ سەر مەزارگەی ئایینی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كۆمەڵگەكە لەژێر كاریگەریی ئیسلامدایە.

شنیار جەمال، توێژەری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: كۆمەڵگەی كوردەواری مسوڵمانە، بۆیە زیاتر باوەڕ و نزیكبوونەوەی لە مەزارگە ئایینییەكاندا ڕەنگی داوەتەوە.

وتیشی: جگە لە ژن و كچانیش، پیاوانیش دەچنە ئەو شوێنانە، هەرچەندە لەچاو ڕابردوودا ئەم دیاردەیە كاڵترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك هەر دەچن و زیاترش ژنان و كچان باوەڕیان بەو جۆرە دۆعا و سەردانانە هەیە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم راگەیاند: بەو پێیەی چەندین ئایینی جیاواز لە كوردستاندا هەیە، مەزارگەیەكی زۆریشی لێیە كە ژمارەیان دەگاتە 400 مەزارگە و بەسەر چەندین ئاییندا دابەش بوون.

PUKmedia لە ئاژانسەوە

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket