riklam

ژنانی مەینۆش لەپشكنیندا دەرباز دەبن

ژنان‌ 03:40 PM - 2020-01-26
.

.

لەهەرێم ژنانی مەینۆش لەپشكنیندا دەرباز دەبن

پۆلیسی هاتووچۆی هەرێم 493 شۆفێری سزا داوە كە لە 11 مانگی ساڵی پاردا لەژێر كاریگەریی ماددەی كحولی و هۆشبەردا شۆفێرییان كردووە، بەڵام هیچ شۆفێرێكی ژن لەو دەستگیركراوانەدا نییە، پۆلیسی هاتووچۆش دان بەوەدا دەنێت كە لەبەر حاڵەتی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگە ئەو جۆرە پشكنینە بۆ شۆفێری ژن ناكەن، لەكاتێكدا 203 هەزار و 736 ژن مۆڵەتی شۆفێرییان هەیە.

بە پێی یاسای ژمارە (86)ی ساڵی 2004ی كوردستان هاتووە، شۆفێر پابەند دەكات بەوەی نابێت لەژێر كاریگەریی هیچ ماددەیەكی كحولی و بێهۆشكەردا شۆفێری بكات، ڕێژەكەش كە شۆفێری پێ تۆمەتبار دەكرێت 0.5% پڕۆمیل و زیاترە.

ئاڤان ئەبوبەكر، ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 23 ساڵی دانیشتووی شاری هەولێرە و خوێندكاری یەكێك لە زانكۆ ئەهلییەكانەو لە شەوی سەری ساڵی 2020دا لە بۆنەیەكی تایبەتدا بووەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا بڕێك مەی خواردووەتەوەو دواتر شۆفێریشی كردووە.

ئاڤان، بە ئۆتۆمبێلەكەی هاوڕێیەكی هاوپۆلی خۆی گەیاندوەتەوە بۆ ماڵەوەیان، دەڵێت: هاوڕێكەم سەریكردە سەرم و بەگاڵتەوە پێی وتم، رۆژانی ئاسایی شۆفێرییەكەتم بەدڵ نییە، جا بەسەرخۆشیش دەهاژووی، بۆیە منیش هەر بۆ گاڵتە لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر خێرایی ئۆتۆمبێلەكەم زیادكردو هاوڕێكەمم ترساند.

״ئەو شەوە مەفرەزەی هاتووچۆش هەبوو، بەڵام لەنزیك ئەوان هێواشم كردەوەو بە دەست ئاماژەی تێپەڕینیان بۆ كردم، یەكەم جاریشم نییە مەی بنۆشم و شۆفێریش دەكەم، بەڵام هێندە دەخۆمەوە كۆنتڕۆڵ لەدەست نەدەم״، ئاڤان وای وت.

بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێم كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، لە (11) مانگی ساڵی 2019 نزیكەی (493) شۆفێر سزا دراون كە لەژێر كاریگەریی ماددەی كحولی و هۆشبەردا شۆفێرییان كردووە، لەو ئامارەدا ڕێژەی ژنانی شۆفێر بە هۆی كاریگەرییان بە ماددەی كحولی لە هیچ بەڕێوەبەرایەتییەكی هاتووچۆی پارێزگاكانی هەرێمدا تۆمار نەكراوە، لە كاتێكدا یاسای هاتووچۆ بۆ هەردوو ڕەگەزە بەبێ جیاوازی.

عەمید ئەسعەد كەریم، وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم، دەڵێت: پێم وا نییە كوردستان وای لێ هاتبێت ژنان ماددەی بێهۆشكەر بەكاربهێنن و شۆفێریش بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەرمییەك بەرامبەر ژنان هەیەو وەك پێویست لێپێچینەوە نەكراوە، لەبەر ئەوەی دابونەریتی كوردەواری رێگە نادات.

پۆلیسی هاتووچۆی هەرێم ئامێری پشكنینی رێژەی كحولی دابین كردووە بۆ مەفرەزەی جێگیر و گەڕۆك، ئامێرەكەش لەڕێی فووكردنی شۆفێرەكەوەیە لە قەسەبێكی كورتی ئامێرەكە و بە شێوەی ئەلیكترۆنی ڕێژەی كحول دەخوێنێتەوە، یاخود لە ڕێگەی وەرگرتنی بڕێك خوێنەوە دەبێت كە لە تاقیگە ڕێژەكەی دیاری دەكرێت، كە زیاتر لە كاتی ڕووداوی هاتووچۆدا پشتیان پێ دەبەسترێت.

چاوان رەزای تەمەن 37 ساڵ، ناوی خوازراوی ژنێكی دیكەی شۆفێرە، ئەوە دەخاتەڕوو: لەگەڵ هاوسەرەكەم لە بۆنەو ئاهەنگە تایبەتییەكاندا بەڕێژەیەك خواردنەوە كحولییەكان بەكاردەهێنین، ئەوەش روونە كە شۆفێر بۆی نییە زیاد لە پێویست بەكاربهێنێت، بەڵام لە بۆنەكاندا چاوپۆشی لە شۆفێران دەكرێت و حاڵەتەكان زۆرن.

بەپێی ئامارێكی هاتووچۆی هەرێمیش لە (11) مانگی ساڵی 2019دا (493) شۆفێر سزا دراون كە لەژێر كاریگەریی ماددە كحولی و هۆشبەرەكاندا شۆفێرییان كردووە، كە لە هەولێر (143) شۆفێر، لە سلێمانی (216) شۆفێر، لە دهۆكیش (134) شۆفێر بووە، بەڵام ئامارەكە شۆفێری ژنی تێدا نییە.

رائید فازیڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر،  باسیلەوەدەكات: لە هەر مەفرەزەیەكدا ئامێری پشكنینی ماددەی كحولی بەكارناهێنین، بەڵكوو بەپێی دوو حاڵەت پشكنین بۆ شۆفێر دەكرێت، ئەویش لەسەر بنەمای روداوێك و گومانكردن بێت كە ئەو شۆفێرە كحولی بەكارهێناوە، یاخود شۆفێر سەرەڕۆیی بكات، ئەو كاتە بە ئامێر پشكنینی مەینۆشیی بۆ دەكرێت.

بە گوێرەی ئامارێكیش لەكۆی 1 ملیۆن و 785 هەزار و 161 كەس كە مۆڵەتی شۆفێرییان لە هەرێم وەرگرتووە تا 31/12/2019، لەو  ژمارەیە 203 هەزرا و 736 مۆڵەت بە ژن دراوە.

״تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی وامان نەبینیوە ژن سەرەڕۆیی بكات و بە سەرخۆشی شۆفێریی كردبێت، ئەوەی هەیە پیاوانن״، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر وای وت.

بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 22ی یاسای ژمارە (86)ی ساڵی 2004ی هەرێمی كوردستان، سزای شۆفێریكردن بە سەرخۆشی و ماددەی هۆشبەر دیاری كراوە، كە بەندكردنە لە 3 مانگ بۆ 1 ساڵ، یاخود پێژماردن لە (300 بۆ 500) هەزار دینار.

هێرش سەردار، پارێزەری راوێژكار، لەوبارەیەوە رایگەیاندوە: سەرپێچیكار بەیەكێك لەو دوو سزایە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، لە دادگای كوردستان زۆرتر سزادانی سێ مانگ جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ پێژماردنی (300) هەزار دینار، بەڵام جێبەجێكردنەكەی ڕادەگرێت و دادگا چاوپۆشیی لێ دەكات، مەرجە تا سێ ساڵی تر هیچ جۆرە تاوانێكی تر ئەنجام نەدات، بەڵام ئەگەر دووبارەی كردەوە ئەم سزایەشی بۆ زیندوو دەكرێتەوە״.

ئەگەر سزای ماددی بەسەر ئەو 493 شۆفێرە سەرپێچیكارەدا سەپێندرابێت، ئەوا بڕی پارەكە دەكاتە 147 ملیۆن و 900 هەزار دینار بۆ 246 ملیۆن و 500 هەزار دینار.

PUKmedia لەهەفتەنامەی ئاژانسەوە وەرگیراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket