riklam

لەهەر رۆژێكدا 31 خێزان لە هەرێم هەڵدەوەشێتەوە

ریپۆرتاژ‌ 01:33 PM - 2020-01-25
.

.

بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی ژن و مێرد هەڕەشە لە پێكهاتەی خێزان و كۆمەڵگەی كوردەواری لەهەرێم دەكات و لە هەر رۆژێكدا 31 پڕۆسەی هاوسەرگیری هەڵدەوەشێتەوە و تەنها لە نۆ مانگی ساڵی پاردا 8 هەزار و 381 خێزان هەڵوەشاونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارێك كە كۆپییەكی دەست PUKmedia كەوتووە، رێژەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ نۆ مانگی ساڵی 2019  خراوەتەڕوو، بەپێی ئامارەكەش، 8381 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراوە.

لەوبارەیەوە پارێزەر هیشام عارف بە PUKmedia ی راگەیاند: بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لەهەرێمی كوردستان هۆكاری زۆرە بەڵام گرنگترینیان كرانەوەی كۆمەڵگەیە بەڕووی جیهاندا بەم شێوە خێرایە، بۆنموونە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بەو شێوە فراوانە.

 وتیشی: هۆكاری ئابوری و دەستێوەردانی چواردەور لە ژیانی هاوسەران و كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی گشتی هۆكارن بۆ جیابوونەوەی هاوسەران.

بەپێی خەمڵاندن و بە پشتبەستن بەم ئامارە لە هەرمانگێكدا زیاتر لە 931 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراوە و بۆ ئەو سێ مانگەشی كە لە ساڵەكەدا تۆمار نەكراوە بەم رێژەیە زیاتر لە دوو هەزار و 793 حاڵەتی پێشبینی كراوە.

پارێزەر هیشام عارف راشیگەیاند: پێویستە تاكەكانی كۆمەڵگە پێش هاوسەرگیری هۆشیاریان هەبێت لەسەر پڕۆسەكە و ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك راگەیاندن و ماموستایانی ئاینی و پاریزەرانە لەرێگەی كار و پێگەكانیانەوە  هۆشیاری كۆمەڵایەتی بڵاوبكەنەوە و  رێگربن لە و دیاردە ترسناكەی كۆمەڵگە.

ئەگەر لە هەر مانگێكدا زیاتر 931 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركرابێت ئەوا لە رۆژێكدا  31 خێزان لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە.

هاوكات كۆمەڵناس و رۆژنامەنووس لەتیف حسێن بە PUKmedia ی راگەیاند: ئەو ئامارەی ساڵانە لەلایەن دادگاكانەوە بڵاودەكرێنەوە مەترسی گەورەی تێدایە چونكە رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لەبەرامبەردا هاوسەرگیری رێژەكەی دادەبەزێت.

وتیشی: جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت، چونكە بەهۆیەوە چەندین منداڵ بێ سەرپەرشت دەبن و لەداهاتووشدا رێژەیەك لەو منداڵانە بەهۆی پەروەرەی خراپەوە دەبنە هۆی مەترسی بۆ سەر كۆمەڵگە.

راشیگەیاند: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و قەیرانی دارایی و خراپی باری ئابوری لەهەندێك خێزاندا بەشێكن لە كێشە خێزانییەكان، كە دواجار دەبنە هۆی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

بەپێی ئامارەكەش، لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركوك-گەرمیان 32432 هاوسەرگیری ئەنجامدراوە و لەبەرامبەریشدا 8381 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراوە و بەرزترین رێژەی جیابوونەوەش لە شاری سلێمانی تۆماركراوە كە 3448 حاڵەت بووە.

ئەو كۆمەڵناسە راشیگەیاند: بۆ رێگریكردن لە هەڵكشانی رێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان پێویستە تاكەكان لەیەكتر تێبگەن و یەكتر قبوڵكەن و دواتر بڕیاری هاوسەرگیری بدەن چونكە، لێكتێنەگەیشتن و یەكتر قبوڵنەكردن كاریگەری خراپ لەسەر پڕۆسەكە دادەنێت.

PUKmedia ژینەر محەمەد

ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەران لەساڵی 2019

15.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket