riklam

توێژەرێک: ناهۆشیاری تاک هۆکاری سەرەکی خۆکوشتنە

ریپۆرتاژ‌ 12:06 PM - 2020-01-25
.

.

گەنجێک لە قەزای شێخان خۆی دەکوژێت و باپیری دەڵێت، لە خوێندن و ژیان بێزار بوەو توێژەرێکی دەرونیش زیادبونی رێژەی خۆکوشتن بۆ ناهۆشیاری تاک و لاوازی فیکری و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەخشکردنی دراما تورکییەکان و نەبونی بەرنامەی تایبەت بە هۆشیاری تاک دەگەڕێنێتەوە، هاوکات بە پشتبەستن بە ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، 268 کەس لەساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان خۆیان کوشتوە.

لە بارەی بەرزبونەوەی رێژەی خۆکوشتن دێرین عەلی توێژەری دەرونی لە لێدوانێکدا بۆ PUKmedia وتی: نەبونی هۆشیاری تاک لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری هۆکاری سەرەکییە بۆ خۆکوشن و هاوکات لاوازی فیکری تاک بە ئاڕاستەیەکی خراپدا دەبات.

وتیشی: میدیا بە گشتی و سۆشیال میدیا بە تایبەتی کاریگەرییەکی نێگەتیڤیان هەیە و سەرەڕای نەبونی بەرنامەی تایبەت بۆ هۆشیاری تاک، نیشاندانی درامای تورکی شیرازەی خێزانی تێکداوەو لێکترازانی خێزانیش یەکێکیترە لە هۆکارەکان بۆ خۆکوژی.

دێرین عەلی ئەوەشی رونکردەوە، کە هاتنە ناوەوەی کافتریا و باڕەکان بەشێوەیەکی خێرا و بێ سانسۆر بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی و رانەهاتنی تاک بەم شوێنە گشتییانە و تێگەیشتنی بە شێوازێکی هەڵە بەهۆیانەوە مرۆڤ خۆی ون دەکات و دورکەتنەوە لە کتێب و وەرگرتنی زانیاری پیویست بەرەو خۆکوشتنیان دەبات.

لەبارەی چارەسەری ئەم کێشانەشەوە وتی: پێویستە تاک روو لە کەسانی شارەزا بکەن و راوێژیان پی بکەن، هەروەها خوێندنەوەو کتێب هۆکاری سەرەکین بۆ هۆشیاری و دەشبێت هەنگاوی جدی بنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیاو وەک هەر بەرنامەیەکی تری هونەری و تەندروستی و سیاسی، بەرنامەی تایبەت بە هۆشیاری تاک پێشکەش بکرێت.

ئێوارەی دوێنێ لە کەمپی ئێسیان لە قەزای شێخان گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان بەناوی ئەنوەر خدر حەکۆ لەناو یەکێک لە خێمەکانی کەمپەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و لەبارەی ئەم روداوەشەوە ئەنوەر سالم باپیری ئەم گەنجە لە لیدوانێکی تایبەتدا بۆ PUKmedia وتی: ئەنوەر لە خوێندن و ژیان بێزار بوو بەتایبەت دوای شەهید بونی باوکی لە ساڵی 2018 و سەفەر کردنی مامەکانی بۆ ئەوروپا، خۆی و دایکی و خوشک و براکانی پێکەوە لە خێمەکاندا دەژیان.

وتیشی: چەندین جار ویستویەتی واز لە خوێندن بهێنێت و ئێمە رێگریمان کردوە.

ئەم گەنجە لەدوای خۆکوشتنی نامەیەکی بەجێ هێشتوەو تێیدا داوای لێبوردن لە باوکە شەهیدەکەیی و دایکی دەکات و دەشڵیت بە دوای هۆکاری خۆکوشتنەکەیدا نەگەڕێن.

4.gif

هاوکات بە پشتبەستن بە ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، 268 کەس لەساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان خۆیان کوشتوە، کە و 135 کەسیان پیاون و 133 کەسیان ژنن.

لە کۆی ئەو 268 کەسەی کە خۆیان کوشتووە 60 کەسیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ و بە واتایەکی دیکە منداڵ بوون.

هۆکارەکانی خۆکوشتن:

کێشەی خێزانی: 141 حاڵەت (98 ژن و 43 پیاو)

هەژاری و بێکاری: 59 حاڵەت (8 ژن و 51 پیاو)

کێشەی دەروونی و خەمۆکی: 18 حاڵەت (11 ژن و 7 پیاو)

پێشگرتن لە زەماوەند و بەشوودانی زۆرەملێ: 7 حاڵەت (5  ژن و 2 پیاو)

حیجابی زۆرەملێ: 2 حاڵەت (2 ژن)

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان:  2 حاڵەت (2 پیاو)

پێشگرتن لە بەکارهێنانی مۆبایل:  1 حاڵەت (1 ژن)

نادیار:  28حاڵەت (8 ژن و 30 پیاو)

ژمارەی خۆکوشتن لە کوردستان زۆر زیاترە لەم ئامارە و ئەم ڕاپۆرتە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناویان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە.

PUKmedia هاژە باست

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket