riklam

لە رۆژی جیهانی فێركردندا..

بیروڕا 10:21 AM - 2020-01-25
.

.

نەتەوە یەكگرتوەكان لە رۆژمێری خۆیدا، بۆ هەر بابەتێكی گرنگ و بونیادی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا رۆژێكی دیاری كردووە، بۆ ئەوەی چالاكی جۆراو جۆری تێدا ئەنجامبدرێت  و گرنگی ئەو بنەمایە بە بیر هەموو لایەك بهێنرێتەوە، لەو بارەیەوە رۆژی 24/1ی بە بڕیاری ژمارە (25/73) لە 3/12/2018، وەكو رۆژی فێركردن دیاریكردووە، بێگومان ئەوە ی لە لایەك بۆ گرنگی فێركردن لە ژیانی مرۆڤایەتی بڕیار لێداوە، لە لایەكیتر بۆ ئەو هەموو گیروگرفتەی لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا  لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە، بە تایبەت وڵاتە دواكەوتوەكان و ئەو وڵاتانەی تازە دەستیان بە پیڕۆ كردن بەرەو ئایندەیەكی باشتر كردووە، نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی مامۆستایان  و رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان، بە پێی توێژینەوە و بە دواداچونەكانیان، ئاماری مەترسیداریان لە بواری فێركردن هەڵێنجاوە و  لەبەر دەستدایە، لەوانە، لەسەرتاسەری جیهان تا هەنوكە نزیكەی 617 ملیون منداڵ و مێردمنداڵ ناتوانن بنوسن و بخوێننەوە،  256 ملیۆن منداڵ و مێرد منداڵیان لە بنەڕەتدا هەلی خوێندنیان بۆ نەڕەخساوە، لە نێو ئەو ژمارەیە، ئەوانەی لە تەمەنی خوێندنی سەرەتایین واتە لە (5 - 11)ساڵ رێژەكەیان دەگاتە 20 %، هۆكارەكانیشیان بۆ هەژاری و ململانێی چەكداری و جیاوازی رەگەزی و كاریگەریەكانی كەش و هەوا و كارەساتە سروشتی و لە ناكاوەكان گێڕاوەتەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی 5 تا 6 ملیون منداڵ لە تەمەنی 5 – 11 ساڵی هەلی خوێندنیان بۆ هەڵنەڕەخسێنراوە، لەوانە 60% مێینەن و 40% نێرینەن، لە كۆی 327 ملیۆن دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی نزیكەی 54 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە، بە پێی پێشبینیەكان و  راپۆرتی دانیشتوانی جیهان، پێدەچێت ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2024 بۆ 49 ملیۆن نەخوێندەوار داببەزێت ، بەڵام هێشتا رێژەكە زۆر گەورەیە و كاریگەرییەكان لەسەر بنەما بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگە قوڵ دەبێت، لێرەدا بە گرنگی دەزانم باسێكی عێراقیشی بخەمەسەر كەجێگای  ئیرەیی پێبردن نیە، لە كۆی 5.200000 پێنج ملیون و دووسەد هەزار  خوێندكار، 770 هەزاریان دوور لە زێدی خۆیان و  لە ناو شاركانیتر و لە  ئۆردوگاكان دەژین ، 240 هەزاریان لە ساڵی 2017 ەوە لە دەرەوەی پرۆسەی فێركردنن ، رێژەی وازهێنان بەردەوام لە هەڵكشاندایە، بە جۆرێك لە قۆناغی دواناوەندی، لە كچان گەیشتۆتە 28% لە كوڕانیش 15%، لە قۆناغی سەرەتاییش لە كچان 6.9% لە كوڕان 2.7% ، ئەمە لە كاتێكدا لە دەستوری عێراقیدا هاتوە خوێندن و فێركردن بە خۆڕاییە و بۆ هەموو كەسێكە لە سەرەتاییەوە تا زانكۆكان، هاوكات دەبێت هەموو پێداویستیەكانیش فەراهەم بكرێت كە لە ئێستادا راستە خۆڕاییەكە ماوە، بەڵام پێداویستیەكان لە 2017 ەوە نەماوە یان زۆر بەكەمی فەراهەم دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە  مەترسیدارە  نەتەوە یەكگرتوەكان رۆژی 24/1ی وەكو رۆژی جیهانی فێركردن دیاریكردووە.

  ئەنتۆنیۆ گۆتریش ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان، لە كاتی دیاریكردنی ئەو رۆژە رایگەیاند، لەسەرمان ئەركە زیاتر كاربكەین بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان لە پێناو جێبەجێكردنی چوارەم ئامانج لە كۆی ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامی مرۆڤایەتیدا، بۆ بەرجەستەكردنی فێركردنی باش و دادپەرەرانە و گشگیر و بە خۆڕایی بە درێژایی تەمەن بۆ هەموان، لە جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤیش، لە ماددەی 26 دا بە ئاشكرا داوای رەخساندنی مافی  فێركردن بۆ هەموان بە خۆرایی و بە زۆرەملێ دەكات، واتە هەموو تاكێك دەبێت هەلی فێركردنی بۆ هەڵبخرێت، تەنانەت ئەوانەشی نایانەوێ بخوێنن دەبێت بە زۆرە ملێ  فێربكرێن، رێككەوتنی مافەكانی منداڵیش كە لە ساڵی 1989 باوەڕی پێ هێنراوە، زیاتر  لەوە دەڕوات و دەڵێت، دەبێت تا فێركردنی باڵا بۆ هەموان  بەخۆرایی بێت، چونكە  فێركردن رێگایەكە بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە كاتی پەسندكردنی بەرنامەی پەرەپێدانی بەردەوام تا ساڵی 2030 لە ئەیلولی 2015، جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە فێركردن پێویستیەكی بوونیادیە بۆ بە دیهێنانی ئەو 17 ئامانجەی كە خزمەتی مرۆڤایەتی و جیهان دەكات، لەو بارەیەوە  چوارەمین ئامانج  بە بنەما دادەنرێت و دەبێت تا 2030 فێركردنی باش بە خۆڕایی بۆ هەموان بەرجەستە بێت.

 لە 24/1ی ئەم ساڵ كە یەكەمین  ساڵیادیەتی چەندین چالاكی لە بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان و لە پاریس لە بارەگای سەرەكی یۆنسكۆ بەڕێوەبرا، رێكخراوەكانی مامۆستایانیش رۆڵی خۆیان بە شێوازی جیاجیا لە بەرز راگرتنی ئەو رۆژە بینی، دەبوو لە هەرێمی كوردستانیش هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندن باڵا و یەكێتی مامۆستایان و رێكخراوە تایبەتمەندەكان،رێوڕەسمی شایستەیان بەو رۆژە بگێڕابا كە نەیانكرد، بە ئومێدی ئەوەین  ساڵانی ئاییندە ئەو رۆژە گرنگە مافی خۆی پێبدرێت.

ن:عەبدلواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket