riklam

كاریكاتێر و جۆرەكانی تری شێوەكاری لە رۆژنامەگەریدا

ئەدەب وهونەر 12:17 PM - 2020-01-18
.

.

بەشی 3

بێجگە لە كاریكاتێر ڕۆژنامەگەری پشت بە جۆرەكانی تری شێوەكاریش دەبەستێت، وەكو وێنە و پۆستەر و وێنەی هاوپێچ یان باكگراوند، ئەم جۆرانەش زۆرجار لەگەڵ كاریكاتێردا بەیەكدەگەن لە ناوەڕۆكە گاڵتەجاڕییەكانیاندا، كە زۆرجار تەكنیكەكانی كاریكاتێر بەكاردێنن لە جێبەجێكردنیاندا، یان ناوەڕۆكێكی كۆمیدیانە چارەسەر دەكەن كە وایان لێدەكات تا ڕادەیەكی زۆر بە كاریكاتێر بچن. نزیكترینیان لە كاریكاتێر پۆستەرە كاتێك كە ڕەگەزی كۆمیدیای تێدابێت.

 1- كاریكاتێر و پۆستەر

2- كاریكاتێر و وێنەی فۆتۆگرافی:

وێنەی فۆتۆگرافی بە یەكێك لە ڕەگەزە بنەڕەتیەكانی ڕۆژنامەگەری دادەنرێت، و بە مادەیەكی زیندوو دەژمێردرێت، بێجگە لە مەبەستە جوانییەكان وەكو بەڵگەیەكی مادی بەكاردێت بۆ نووسینەكان، لە كاتی ئێستاماندا هیچ ڕۆژنامەیەك بەبێ وێنە نیە، لێرەدا مەبەستمان توێژینەوە نیە لەسەر وێنەی فۆتۆگرافی، بەڵكو بۆ باسكردنی جیاوازیەكانیەتی لەگەڵ كاریكاتێردا، كە جیاوازە لەگەڵ كاریكاتێر لە تەكنیكی جێبەجێكردن و ئامانجەكان، وێنەی فۆتۆگرافی ئەنجامی كردارێكی فیزیاوی و كیمیاویە، ڕەنگدانەوەی واقیعێكی زیندووە بەبێ هیچ دەستكارییەكی دەرەكی، ناكرێت وێنە چەند شتێكی تێدابێت كە لە واقیعدا بوونیان نەبێت، كەچی كاریكاتێر ئەنجامی كارێكی دەستیە، زۆر جار چەندین بابەت لەخۆدەگرێت كە لە جیهانی واقیعدا بوونیان نیە، چەندین جیاوازی زۆری تریش لە نێوان كاریكاتێر و وێنەی فۆتۆگرافیدا هەن، بەڵام بابەتەكەی ئێمە لێرەدا خاڵەكانی بەیەكگەیشتنی وێنەی فۆتۆگرافی و كاریكاتێرە، ئەم خاڵانەش ژمارەیان كەم نیە، یەكەمیان ناوەڕۆكی گاڵتەجاڕی یان كۆمیدییە، وێنەی فۆتۆگرافی زۆرجار ناوەڕۆكێكی كۆمیدیانە لەخۆدەگرێت، لەوانەشە رێگای دەستكەوتنی ئەو ناوەڕۆكە، خۆڕسكانە بێت یان پێشتر رێكخرابێت، وێنەی خۆڕەس ئەو گرتەیەیە كە وێنەگر دەستكاری لە رێكخستنی ڕەگەزەكانی نەكردووە، و بە ڕێكەوت دەستی كەوتووە، وەكو وێنەی یاریزانی تۆپی پێیەكە، كە دۆخی یاریزانەكە لە هەوادا سروشتی نیە، بەو سەربازە دەچێت كە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، ئەو گرتەیەش ئەستەمە بە چاوی ئاسایی ببینرێت، ئەو حاڵەتە لەوانەیە لە یەكێك لە دەیان یان سەدان حاڵەتی تردا بێت كە جوڵەی سەركەوتن و دابەزینی ئەو یاریزانەیان پێكهێناوە، هاوێنەی كامێرا گرتوویەتی بەبێ ئەوەی وێنەگرەكە خواستی ئەو گرتەیەی بووبێت، ئامانجە سەرەكیەكەی تەنیا وێنەگرتنی ڕووداوێكی وەرزشی بووە، ئەو گرتەیەش تەنیا ڕێكەوت بووە.

لەوانەیە گرتە خۆڕەسەكان بە هاوكاری وێنەگرەوە بێنەكایەوە، كاتێك وێنەگر بابەتێكی ئامادە لەبەردەمی پێكهاتووە بۆ وێنەیەك، وێنەگرەكەش ئەو تاوە دەقۆزێتەوە و وێنەكە دەگرێت، وەكو وێنەی ئەو پشیلەیەی كە لە تابلۆیەكی شێوەكاری ڕاماوه.

جیاوازیش لە نێوان وێنەی یاریزانەكە و پشیلەكە لەوەدایە، كە خۆڕەسی لە یەكەمدا كامڵ و تەواوه و وێنەگر هیچ ڕۆڵێكی تێدانەبووە‌، و لە دووەمدا خۆڕەسیەكە تەنیا لە پێكهاتنی بابەتی وێنەكەیە، هەنگاوەكانی دیكە وێنەگرەكەی ئەنجامیداوە.

وێنەی سازكردنی پێشوەختەش، ئەو وێنەیەیە كە وێنەگر پێشوەختە ڕەگەزەكانی وێنەكە رێكدەخات، بە هیوای ئەوەی كە بابەتێكی گاڵتەجاڕی دەست بكەوێت، لێرەدا وێنەگر بەخۆی پارچە ئێسكێكی لەناو قاپێك داناوە لەگەڵ چەقۆ و چەنگاڵێك‌، واتە وێنەگرەكە بەخۆی ئەو وێنەیەی بە هەموو ڕەگەزەكانیەوە هێناوەتەكایەوە، بابەتەكە سەر بە واقیع یان ڕێكەوت نیە، بەڵكو پێشوەختە لەلایەن وێنەگرەوە سازكراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی خۆڕەس یان پێشوەختە رێكخراو و وێنەی سازكراو كە باسمان كردن، لە چوارچێوەی وێنەدا دەمێننەوە و دەتوانین بە وێنەی گاڵتەجاڕ یان وێنەی كۆمیدیایی ناوی لێ بنێین، یان هەر ناونانێكی گونجاوی دیكە، بەڵام لە هەندێك خاڵدا كاریكاتێر و جۆرەكانی تری وێنە بەریەكدەكەون، كاتێك كاریكاتێر پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی وێنە لە چەند بەشێك لە بەشەكانی پێكهاتەكەیدا، و وێنە و كاریكاتێر یان وێنە و نیگار ئاوێتەی یەكتردەبن، وەك ئەوەی ناوی دەنێن كۆلاج (كۆلاژ)، كە تێیدا جێبەجێكردنی نیگارەكە بە هۆی بەكارهێنانی چەندین تەكنیكی جیاوازی گرافیكی بە خستنەسەری چەند وێنەیەكی فۆتۆگرافی ئەنجامدەدرێت، هەندێك جاریش تەنیا بە بەكارهێنانی چەندین وێنەی فۆتۆگرافی و رێكخستنیان ئەنجامدەدرێت، ئەمجۆرە نیگارانەش ئەگەر هەڵگری ناوەڕۆكێكی گاڵتەجاڕانە بن، دەتوانین بە كاریكاتێر ناویان بنێین، كە وێنەی فۆتۆگرافی بەكاردێنن بۆ خزمەتكردنی مەبەستەكانیان. 

ن/ هەندرێن خۆشناو

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket