riklam

لەزاخۆ 4 كەس بەدەستڕێژی گوللە دەكوژرێن

کوردستان 09:40 PM - 2020-01-17
.

.

تەنها لەدوێنێوە لەقەزای زاخۆ چوار كەس كوژراون، پۆلیسێكیش بەچەك لەڕووداوێكی نادیاردا گیانی لەدەستداوە، لەدهۆكیش بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە دوو كەس گیانیان لەدەستداو دوانی تریش بەسەختی بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەپەیجی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە: ئێوارەی دوێنێ 16ی كانونی دووەمی 2020، لە گەڕەكی حسێنیكی سەنتەری قەزای زاخۆ گەنجێك بەچەك تەقەی لەدایك و برایەكی خۆی كردوەو هەردووكیانی كوشتوەو دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش تەقەی لێكردون و پۆلیسێكیشی بریندار كردوە، بەڵام دواتر بەبرینداری دەستگیركراوەو رەوانەی نەخۆشخانەكراوەو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوەتە PUKmedia، دوێنێ كارمەندێكی پۆلیسی نەوت و گازی پارێزگای دهۆك بەناوی (رێبوار زاهر حەسەن هەركی) كە تەمەنی سەرو 20 ساڵەو خێزاندارەو دانیشتوی گوندی شێخانۆكی حاجی سێنی سەر بەناحیەی گردەسێنی قەزای ئاكرێیەوەو لەزاخۆ دەوامیكردوە پێش گەیشتنی بەبازگەی ئەفریكی دەروازەی پارێزگای دهۆك بەهۆی چەكەوە بەسەختی بریندار بووەو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دهۆك گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو پۆلیسە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی نەوت و گازی پێبووە، لە راپۆرتی پزیشكی دادوەری دهۆكیشدا ئەوە بەكەسوكاری وتراوە كە ئەو پۆلیسە خۆی كوشتوە، بەڵام كەسە نزیكەكانی گومانیان لەوە هەیە كە كوژرابێت نەك خۆی كوشتبێت.

هەرچەندە پۆلیسی دهۆك ئاماژەی بەڕووداوەكانی كوشتن و گیان لەدەستدانەكانی دوێنێ و ئەمڕۆ كردوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەڕووداوی گیان لەدەستدانی ئەو پۆلیسەی نەوت گاز نەكردوە.

لەلایەكی تریشەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ  17ی كانونی دووەمی 2020 لەگەڕەكی شەعبانی سەنتەری قەزای زاخۆی پیاوێكی تەمەن 53 ساڵان دەستڕێژی گوللەی لێكراو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، پۆلییس دهۆكیش دەڵێت: كوژراوەكە دوژمندارەو لێكۆڵینەوە بۆ زانینی هۆكاری  كوشتنەكەش دەستیپێكردوە.

ئەوەشی رونكردوەتەوە كە فەرمانی دەستگیركردن بۆ بكوژەكە دەرچووە، بەڵام ئاماژەی بەوەنەداوە كە تائێستا دەستگیركرابێت.

بەپێی زانیارییەكانی PUKmedia، كوژراوەكە دوو ژنی هەیەو خاوەنی 21 منداڵە. 

هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سەرەكی شێخان لەئەنجامی رووداوێكی هاتووچۆ لەجۆری پێكدادان دوو كەس گیانیان لەدەستداو دوو كەسی تریش بەسەختی بریندار بوون و بەمەستی چارەسەر كردن رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پۆلیسی دهۆك بڵاویكردوەتەوە، ئەو دوو كەسەی گیانیان لەدەستداوە یەكێكیان ناوی (رێبوار جەوهەر یونس)ەو پیشەی پۆلیس بووەو لەبەشی ئایتی پۆلیسی سنوری قەزای بەردەڕەش كاریكردوەو سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزی دهۆك بووە، ئەوەی تریش كە لەڕووداوەكەدا گیانی لەدەستداوە خێزانی بووە.

 

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket