riklam

نەعامەكانی كوردستان زوو گەورە دەبن

هەمەرەنگ 02:04 PM - 2020-01-11
.

.

چەند ساڵێكە خواست لەسەر بەخێوكردنی نەعامە لە كوردستان زیادی كردووە، دوو كێڵگەی تایبەتی لە كەركوك و دەربەندیخان هەن، كە لە ئێستادا بە هەردووكیان زیاتر لە 60 نەعامەیان تێدا بەخێو دەكرێت، نرخی یەك نەعامەش بە 1000 دۆلارە، هەرچەندە نیشتیمانی سەرەكیی ئەم پەلەوەرە وڵاتانی ئەفەریقا و ئوستڕاڵیایە، بەڵام بەشێكی زۆریان لە رێگەی ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەكەن.

هاوكار حەمید (24ساڵ)، سەرباری بچووكیی تەمەنی، بەڵام بەشێكی زۆری ژیانی بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە دەگمەن و گرانبەهاكان بەسەر بردووە، بە تایبەتیش وشترمرخ (نەعامە).

هاوكار كە نزیكەی 10 ساڵە دەستی بە بەخێوكردن و فرۆشتنی ئاژەڵ كردووە، لە كێڵگەیەكی یەك دۆنمی لە كەركوك زیاتر لە ٤٠ نەعامەی جۆری ئەفەریقی بەخێو دەكات.

هاوكار حەمید، خاوەنی كێڵگەی نەعامە بە ״ئاژانس״ی  وت: ״بەشێكی زۆری ئەو نەعامانە بە بەچكەیی لە ئێرانەوە دەهێنم و گەورەیان دەكەم و دواتر دەیانفرۆشم، كێشی هەر نەعامەیەك بە بەچكەیی 8 تا 10 كیلۆغرامە، بە گەورەییش دەگەنە 150 كیلۆ و درێژیشیان دەگاتە 2 تا دوو مەترونیو״.

نرخی هێلكەیەكی نەعامە 40 هەزار دینارە و بە 42 ڕۆژ هێلكەكان هەڵدێن، لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كڕیاری ئەو دوو كێڵگەیە هەن، بە تایبەتی ئەو كەسانەی باخ و ڤێلایان هەیە و نرخی یەك نەعامەی گەورە بە 1000 دۆلارە و بە بچووكییش بە 300-400 دۆلارە.

عەتا قادر، خاوەنی كێڵگەیەكی بەخێوكردنی نەعامەیە لە دەربەندیخان و سێ ساڵە دەستی بە بەخێوكردن و فرۆشتنی وشترمرخ كردووە و لە ئێستادا 20 نەعامەی هەیە وتی: بیرۆكەی بەخێوكردنی نەعامەم لە ڕێگەی چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی تایبەت بە ئاژەڵانەوە وەرگرت، چەند نەعامەیەكم وەك تاقیكردنەوە كڕی و بێرۆكەكە سەركەوتوو بوو، بۆیە ژمارەیەك زیاتری نەعامەم بە بەچكەیی كڕین و بەخێوم كردن.

ژینگەی كوردستان بۆ بەخێوكردنی نەعامە گونجاوە، نەعامەش قازانجی ماددیی زۆری هەیە، چونكە بە زوویی گەورە دەبن، خۆراكەكانیشیان بریتین لە جۆ، زەڕات، گەنم و وێنجە، عەتا قادر وای بە ״ئاژانس״ وت.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر دوو جۆری وشترمرخ هەن، ئەویش هەریەك لە ئەفەریقی و هندییە، نەعامە هندییەكان كێشیان كەمترە.

بەشێك لە چێشتخانەكان بە مەبەستی فرۆشتنی گۆشتەكانیان نەعامە دەكڕن و بە پێی وتەی خاوەن ئەو چێشخانانە گۆشتی نەعامە خواستێكی زۆری لەسەرە.

ناسیح قادر، خاوەنی دوو چێشتخانەیە لە قەزای سەیدسایق و ڕۆژانە زیاتر لە 35 كیلۆ گۆشتی نەعامە دفرۆشێت، بە ״ئاژانس״ی وت: ״نزیكەی 5 مانگە خواست لەسەر گۆشتی نەعامە زۆر بووە بە جۆرێك كە پێشتر ڕۆژانە 3 كیلۆم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا دەگاتە 35 تا 40كیلۆ.״

״لەبەر ئەوەی گۆشتی نەعامە لە كوردستان كەمە لە چەند سەرچاوەیەكەوە گۆشتەكەی دەهێنم، بە تایبەت لە ئێران لە ڕێگەی مەرزەكانەوە بە سەربڕاوی دەیهێنم، هەروەها لە قەزای سەیدسادق و دەربەندیخان و قوشتەپە و چەند ناوچەیەكی دیكە كێڵگەی تایبەت بە بەخێوكردنی نەعامە هەیە و منیش گۆشتەكەی بە سەربڕاوی كیلۆی بە 17 هەزار دەكڕم و بە 20 تا 25 هەزار دەیفرۆشم.״

لە هەرێمی كوردستان تەنها یەك كێڵگەی تایبەت بە بەخێوكردنی نەعامە مۆڵەتی وەزارەتی كشتوكاڵی هەیە، كە ئەویش بە هۆی چەند كێشەیەكەوە لە كار كەوتووە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״هیچ چاودێرییەكمان بەسەر ئەو كێڵگانە نییە كە مۆڵەتی وەزارەتیان نییە، چونكە ئەوان لە ڕێنمایی ئێمە دەرچوون، ئەو كەسانەشی مۆڵەتی كردنەوەی كێڵگەیان نییە نایانەوێت پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەت بن، ئەگەرنا هیچ ئاستەنگێك لە لایەن ئێمەوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت درووست ناكرێت.״

״بە پێی ڕێنماییەكان وەزارەت دەبێت هەر كێڵگەیەكی تایبەت بە بەخێوكردنی نەعامە 3 كیلۆمەتر لە سنووری شارەوانیی پارێزگا و دوو كیلۆمەتر لە سنووری قەزا و هەزار مەتریش لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دوور بێت، هەروەها دەبێت پانتایی كێڵگەكە لە دوو دۆنم كەمتر نەبێت״، فیراس سدیق وای بە ״ئاژانس״ وت.

 PUKmedia لە ئاژانسەوە وەرگیراوە

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket