riklam

مەلا بەختیار:تاچەند بەرز بیتەوە دەبێت زۆرتر بچیتە خوارەوە

ی.ن.ک‌‌ 08:58 PM - 2020-01-08
.

.

ئێوارەی ئەمڕۆ (8/1/2020)، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، پێشوازی لەلێپرسراو ‌و ژمارەیەك لەئەندامانی رێكخراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان كرد.

لەسەردانەكەیاندا، سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی رێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد، كە سەردانەكەیان بەمەبەستی پیرۆزبایكردنە لە هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەئەرك‌و لێپرسرا‌وێتییە نوێیەكەیدا‌و هاوكات پێشكەشكردنی چەپكە گوڵی وەفادارییانە، لەبەرامبەر پشتیوانی‌و داكۆكییە بەردەوامەكانی لەكەمئەندامان.

لەلایەن خۆشییەوە، مەلا بەختیار، بەمایەی شانازیزانی ئەگەر لەرابردوودا توانیبێتی خزمەتێك بەكەمئەندامان بكات و وتی: مایەی شانازییە ئەگەر توانیبێتم لەویژدانتاندا جێگەیەكی بچوك بۆخۆم بدۆزمەوە‌و هەروەك لەبەرامبەر پیرۆزباییەكەشیاندا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لێپرسراوێتی ئەركە‌و وتیشی: لێپرسراوێتی بەرز بوونەوە نییە بۆ ئەوەی ئاگات لەخوارەوە نەبێت، بەڵكو لیێپرسراوێتی ئەوەیە، كە تاچەند بەرز بیتەوە، دەبێت زۆرتر بچیتە خوارەوە‌و تەئكیدیشی كردەوە: بەشبەحاڵی مەلا بەختیار، خۆم هەر بەپێشمەرگە دەزانم. لەهەر پلەیەكدابم خۆم هەر بەو پێشمەرگەیە دەزانم، كە ساڵی 1976 بەموختەفێتی ئامادەیمان كرد بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشە دەستپێبكەین.

لەبارەی دۆخی ئێستاشەوە، رونیكردەوە كە دۆخێكی چارەنوسساز لەناوچەكە هاتۆتە پێشەوەو دەبێ وەكو كورد، وەكو یەكێتی‌و وەكو حزبە كوردستانییەكانیش، ئاگامان لەخۆمان بیێت، چونكە كاتی ئەوەیە حزبەكان كۆببینەوەو راوێژ بكەین‌و دۆخەكە هەڵبسەنگێنین‌و بۆ یەكێتیش كاتی ئەوەیە بەرنامە بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرە دابنێت.

سەبارەت بەكۆنگرەی چواری یەكێتیش، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەگەڵ ئەوەی شەرەفێكی گەورەیە پاش كۆنگرە بۆ یەكەمینجار لەگەڵ ئێوە كۆدەبمەوە، دەمەوێ‌ هەر لەم دیدارەی ئێوەدا بڵێم: یەكێتی باشتر لەجاران، لەپەیوەندی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتی حكومەت، رێكخراوە پیشەییەكان‌و دیموكراتییەكان تێنەگات و بەدیدێكی فراوانی مەدەنیانە بەرۆحێكی مرۆڤانەی پیشەیی، دیموكراسی‌و فراوانەوە خەبات نەكات‌و مافە پیشەییەكان و دیموكراتی‌و مەدەنییەكانی رێكخراوەكانی وەكو ئێوە و باقی سەندیكاكان بەدیبێنێ‌، ئەگەر یەكێتی ئەم پەیوەندییە لەنێوان دەسەڵاتی حزبی و دەسەڵاتی رێكخراوەكان نەكات بەدەسەڵاتێكی ئۆرگانیكی، تەواوكەری یەكترو ئەوپەری ئازادیی‌و سەربەخۆیی بەئێوە نەدات‌و پشتیوانییەكی تەواو لەمافە پیشەیییەكانتان، لەمافی جەستەتان، لەمافی ویژدانتان، پشتیوانییەكی تەواوتان نەكات، بەدڵنیاییەوە، یەكێتی ناتوانێ‌ ئاشتبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ خەڵك بۆ خۆی دروست بكات و ناشتوانێ‌ رای گشتی نوێ‌ پەروەردە بكات، چونكە رای گشتی بەدروشم‌و بەقسەی  زەردو سوور دروست نابێ‌، بەڵكو بەچۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك دروست دەبێت، بەچۆنێتی دابینكردنی مافەكانی خەڵك رای گشتی‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت‌و ئاشتبوونەوەی نێوان یەكێتی‌و خەڵك، حزبەكان‌و خەڵك، حكومەت‌و خەڵك دروست دەبێت‌و ئەو كێشانەی كە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵك‌و رێكخراوەكانی كرێكاران، جوتیاران، مامۆستایان، فەرمانبەران‌و موچەخۆران، كەمئەندامان‌و كورتەباڵاكان‌و نابیناكان، دەبێ‌ لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت‌و بەقۆناغ هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت‌و مافەكانتان دابین بكرێت‌و یەكێتی دەبێ‌ لەحزبەكانی تر زیاتر، ئاڵا هەڵگری چارەسەكردنی كێشەكان بێت‌و هەوڵبدات زیاتر لەجاران ئاشتبونەیەك لەنێوان خۆیی‌و رایگشتی بهێنێتەدی‌و لەلایەنەكانی تر زیاتر، مرۆییانە پێداگیربێ‌ لەسەر چۆنێتی بەدیهێنانی مافەكانتان.

هەروەك ناشبێ‌ یەكێتی و حكومەت نیگەرانبن لەوەی ئێوە رەخنەتان هەیە. چونكە ئەوەی ئێوە داواتان كردووە مافە سروشتییەكانی خۆتانە، نەك شتێكی تر‌و باوەڕیشموایە: باشترین تێكۆشەر بۆ ئەم جۆرە رێكخراوانەی وەكو ئێوە، ئەو تێكۆشەرانەیە كە سورن لەسەر بەدیهێنانی مافەكانتان.

لەبەرئەوەی بەدیهێنانی مافەكانتان پێویستی بەرەخنە و بەتێگەیشتنێكی پیشەیی‌و مەدەنیانەش هەیە‌و راشیگەیاند: گرنگ ئەوەیە ئێوە بەردەوام بن‌و ئێمەش راستگۆبین لەپشتیوانی كردنتان.


PUKmedia  تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket