riklam

ئەمە سەرەتای كاردانەوەكانە

بیروڕا 06:42 PM - 2020-01-06
.

.

لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی، بەمجارەیان  سێیەمین جارە هێرش دەكرێتە سەر سەفارەتەكانی  ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، دوو جاری پێشو، روداو و لێكەوتەی گەورەیان بە دوادا هاتوە، یەكەمجار لە ساڵی 1979 و لە تارانی پایتەختی ئێران بوو، كاتێك بزوتنەوەكەی ئیمام خومەینی سەركەوت و رژێمی شاهەنشاهی  بە كۆتا هات، كۆماری ئیسلامی ئێرانیان دامەزراند ، پەیوەندیەكانی  ئەو سیستەمە تازەیە و ئەمریكا ئاڵۆزی زۆری تێكەوت ،وایكرد دروشمی سەرەكی كۆمارە تازەكە ( مەرگ بەر ئەمریكا ، مەرگ بەر ئیسرائیل، مەرگ بەر ئیستكباری عالەمی) بێت،

ئەو ئاڵۆزیە بە جۆرێك هەڵكشا سەرەنجام خوێنكارانی زانكۆی تاران ئابلۆقەی سەفارەتی ئەمریكایان دا و 52 كارمەندیان بە بارمتە گرت، لەو سەروبەندەدا هەوڵی زۆر درا تا رزگار بكرێن تەنانەت هێزی سەربازیش بە كارهێنرا، بەڵام  لە رزگاركرنیان سەركەوتو نەبوون، ئیتر ماوەكە نزیكەی 400 رۆژی خایاند،ئەو روداوە بووە هۆكاری ئەوەی رۆناڵد رێگن لە ركابەری  سەرۆكایەتی ئەمریكا بدۆڕێت و  جیمی كارتەر سەركەوتن بە دەست بێنێت، لە 1980ش  شەڕێكی كاولكەر روبەڕوی  ئێران  بۆوە هەشت ساڵی خایاند و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێكەوتەوە،  دواجار  پەرداخێك ژەهریان بە ئێران خواردەوە و شەڕەكەشیان پێڕاگرتن،

دووەم جار هێرشی چەكدارە توندڕەوە ئیسلامیەكانی  لیبیا بوو  لە ساڵی 2014بۆ سەر سەفارەتی ئەمریكا لە بەنغازی، لە كاتی هێرش و ئابلوقەدانەكەدا،  سەفیر كریستۆفەر  هەستی بەوە كرد چارەنوسیان نادیارە، لەو ماوەیە زیاتر لە 600 نامەی نارد بۆ هیلاری كلنتۆن كە ئەو كات وەزیری دەرەوە بوو، تیایدا داوای بە هاناوە هاتن و رزگاركردنی خۆی و هاوەڵەكانی دەكرد، بەڵام ئەمریكا كاردانەوەی خێرای نەبوو، سەرەنجام سەفارەتەكە و سەفیر و كارمەندەكانیش سوتان، 

لەم روداوە هیلاری زەرەری گەورەی كرد و بووە لەكەیەكیش پێیەوە، لیبیاش تا ئەم ساتە گیرۆدەی شەڕێكی خۆبەخۆ و ماڵوێرانكەر بوونەتەوە و پێشناچێت وا زوو كۆتایی بێت، ئەمجارەیان دەكاتە سێیەم جار ، سەفارەتی ئەمریكا لە بەغداد كرایە ئامانج، بە  بڕوای خۆم لە هەردوو جارەكەیتر و لە هەموو روێكەوە  گرانتر لەسەر ئەمریكا وەستاوە ، چونكە ئەو سەفارەتە مەڵبەندێكی دبلۆماسی ئاسایی نیە، بەلكو گەورەترین و پڕبایەخترینە لەسەر ئاستی جیهان، رێك ئەمریكایەكی بچوكراوەیە،

لە رونگەی ئەوەی روبەرەكەی 90000هەزار مەتری چوارگۆشەیەو 750 ملیۆن دۆلاری لێ خەرجكراوە و 16000كارمەند تیایدا كاردەكەن،تەنانەت فڕۆكەشی تێدا دەنیشێتەوە، لە تەكنەلۆجیاش هەر مەپێچەوە ، بە پێی شارازایانی جیۆسیاسی، هەموو بزاوتەسیاسی و جوڵەئیداریەكانی ئەو دەڤەرە بە عێراق و دەوروبەریشیەوە لەو سەفارەتە فۆرمەڵەدەكرێت  هەروەها نەخشەسازی جێبەجێكردنیشیان، بۆیە ئەو هەڵكوتانەی ئەمجارە راستەو راست ئەمریكای خستە بەردەم دووریانەك ، یان قبوڵكردنی ئەو هەتككردنە یا ئەوەتا كاردانەوەی خێرا، ئەوەبوو خەیاری دووەمیان هەڵبژارد، من وای بۆ دەچم هەر ئەوەندە نەبێت ، بگرە ئەمە سەرەتای كاردانەوەكان بێت،چونكە چاك دەزانن ئەوە وەك روداوی كوشتنی دۆقی نەمسا  وایە كە شەڕی یەكەمی جیهانی بەدواوە دا هات،

ئەوەی بە لای منەوە گرنگەكوردستان نەكەوێتە نێوان ئەو دوو بەرداشە، ئەوەش پەیوەستە بە بەرپرسەكان كە دەبێت زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و بە هیچ لایەكدا نەخلیسكێن ،  چونكە ئەوە ئاگرە و تارماییەكی راگوزەر نیە.

 عەبدولواحید محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket