riklam

كرێی بڕوانامەی دەرمانسازی گەیشتە دوو هەزار دۆلار

ریپۆرتاژ‌ 05:34 PM - 2019-12-19
.

.

بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەر کەسێک دەرمانخانە بکاتەوە، دەبێت دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازی بێت و مۆڵەتی فەرمانگەی تەندروستیی هەبێت، بەڵام بەشێک لە دەرمانخانەکانی کەرکوک مۆڵەتی دەرمانساز بە كرێ دەگرن و نرخی كرێی ئەو بڕوانامەیە گەیشتووەتە دوو هەزار دۆلار بۆ هەر مانگێك، ساڵانەش دەكاتە 24 هەزار دۆلار، بەبێ ئەوەی لە دەرمانخانەش كار بكات.

بە گوێرەی ئامارێک، ٣٦٧ دەرمانخانە و ٢٠ کۆگای داوودەرمان لە سنووری پارێزگای کەرکوک هەیە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ٢٥ دەرمانخانە بە هۆێ سەرپێچییەوە سزای داخستنی کاتییان بەسەردا سەپێندراوە، زۆرترینیان بە هۆی سەرپەرشتی نەکردنیان لە لایەن کەسانی خاوەن مۆڵەتی دەرمانسازییەوە بووە.

زانا ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە دەرمانخانەکانی کەرکوکە و مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانەی لە کەسێکی دەرمانساز بە کرێ گرتووە، وتی: ״مانگانە لە بری ئەو مۆڵەتە دوو هەزار دۆلار دەدەم بەو کەسە بێ ئەوەی لە دەرمانخانەکەم کار بکات، تەنها کاتێک لیژنە گەڕۆکەکانی تەندروستی دێن ئاگاداری دەکەمەوە، ئەویش دێتە دەرمانخانەکە، کە لیژنەکە دەڕوات ئەویش دەڕوات.״

״نرخی مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانە بە پێی شوێنی دەرمانخانەکە دەگۆڕدرێت لەنێوان 1200 – 2000 دۆلاردایە، زانا وای وت.

هاوکات بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە تاکو ئێستا تەنها لە کەرکوک جێبەجێ کراوە، دەبێت هەر فرۆشگایەکی تایبەت بە فرۆشتنی پڕۆتین و پێداویستییەکانی دیکەی یاریی ئاسن کەسێکی دەرمانساز کاری لەسەر بکات، ئەویش بارگرانیی کردووەتە سەر فرۆشیارەکان و بەشێکی زۆریان لە ترسی لیژنە گەڕۆکەکانی تەندروستی نزیکەی مانگێکە دووکانەکانیان داخستووە، یاخود بە شێوەیەکی نهێنی پڕۆتین دەفرۆشن.

بە پێی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەو دەرمانسازەی گرێبەست لەگەڵ دووکانی فرۆشتنی پڕۆتینەکە ئیمزا دەکات، دەبێت خەڵکی کەرکوک بێت و لەگەڵ هیچ فرۆشگا یاخود دەرمانخانەیەکی دیکە گرێبەست نەکات، هەروەها دەبێت خۆشی لەسەر دووکانەکە کار بکات.

عەلی نەبەز، خاوەنی هۆڵێکی یاریی لەشجوانییە لە کەرکوک و پڕۆتین و تەواوکەرە خۆراکییەکانی دیکەی تایبەت بە یاریی لەشجوانی دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت: ״ئەو بڕیارەی وەزارەت زیانێکی زۆری بە ئێمە گەیاندووە، من چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتیم لە بوارەکەی خۆم بەدەست هێناوە، زۆربەمان کوالێتیی كۆنتڕۆڵ و مۆڵەتی ژووری بازرگانیمان هەیە״.

وتیشی: ״ئەو بڕیارە تەنها لە گەڕەکە کوردنشینەکان جێبەجێ دەکرێت و کۆمپانیا و دووکاندارە گەڕەکە عەرەب و تورکماننشینەکان تاکو ئێستا پابەندی بڕیارەکە نەبوون، چونکە ئەوان پشتیان هەیە״.

چەند مانگی ڕابردوو بە هەمان شێوە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بڕیاری دا سەرجەم هۆڵەکانی لەشجوانی دەبێت دکتۆرێکی تایبەتمەند سەرپەرشتییان بکات و کۆرسی یاریکردن و پشکنینی خوێن بۆ یاریزانان ئەنجام بدات، لە بەرامبەردا دەبێت خاوەنی هۆڵەکە مانگانە بڕێک پارە بە دکتۆرەکە بدات.

عەلی نەبەز ئاماژەی بەوەشکرد״هیچ دکتۆرێک لە جیهاندا ناتوانێت کۆرسی یاریکردن بۆ یاریزانان بنووسێت، ئەو کارە تایبەتمەندە بە ئێمەوە، دەبێت مانگانە ٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار بدەین بەو دکتۆرە، ئەو پارەیە وەک خاوەن لێمان دەسەندرێت״.

بە پێی ئاماری لقی کەرکوکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق، لە ئێستادا سەندیکاکە خاوەنی ٦٩٦ ئەندامە، بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییش، هەر دەرمانسازێک بیەوێت مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانە بە دەست بهێنێت دەبێت ٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی تێپەڕ بێت.

سینان بەیاتی، سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای دەرمانسازانی کەرکوک دەڵێت: ״لە ڕووی یاساییەوە هیچ شتێک بە ناوی بەکرێدانی مۆڵەتی دەرمانسازییەوە نییە و کارێکی قەدەغەیە و ئەگەر بێتو ئەو حاڵەتە بەسەر کەسێکا بسەلمێندرێت ئەوە مۆڵەتی دەرمانخانەی لێ دەسەندرێتەوە، بەڵام ئاشکراکردنی ئەو بابەتە زەحمەتە، چونکە ئەو کەسانە لە دەرەوەی یاسا لە نێوان خۆیاندا لەسەر بڕێک پارە ڕێک دەکەون.״

״دەبێت ئەو کەسەی مۆڵەتی دەرمانخانە دەردەهێنێت دەبێت خۆی لەسەر دەرمانخانەکە کار بکات، یاخود بە هاوبەشی لەگەڵ کەسێکی دیکەی دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازی بەڕێوەی ببەن، ئاساییە کەسێک کە خاوەنی بڕوانامەی بوارە پزیشکییەکانی نەبێت و لە دەرمانخانە کار بکات، بەڵام دەبێت تەنها کاری ڕێکخستنی دەرمانەکان و ژمێریاری بکات و داوودەرمان بە خەڵک نەفرۆشێت״.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket